لێکەوتەو دۆخی دوای كۆنگرەی یەكێتیی

سەرتپ جەوهەر

 

یەکێک لەدەرهاویشتەكانی كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان هاتنەپێشی نەوەیەكی نوێ و رادیكاڵی شەقامی یەكێتییە، ئەم نەوەیە گرەو لەسەر هاوسەنگكردنی هێز لەكوردستان دەكەن.

 
لەم كۆنگرەیە نەوەی كۆن یان ئەوانەی نزیك بوون لەپارتی و لەژێر هەژموونی پارتی بوون لەبڕیاردانی یەكێتی  دووركەوتنەوە، بەشێوەیەكی گشتیی بەشدارنابن لەبڕیاردانی یەكێتیی، بۆیە لەیەكەم گفتوگۆی نێوان یەكێتی و پارتی بۆ تەواوكردنی رێككەوتنی نێوانیان لەپرسی پێكهێنانی ئەم كابینەیە، گرژی و سەختی ئەگەرێكی بەهێز دەبێت، چونكە رێككەوتنەكە ووردەكاریی زۆر لەخۆ دەگرێت و بەشێكی تەنها پەیوەست نییە بە پڕكردنەوەی كەلین و پۆستەكانی یەكێتی، بەڵكو پەیوەندی بەهاوسەنگكردنەوەی هێز هەیە لە كوردستان.

 
 هەندێک پێیانوایە پێویستدەكات پارتی و یەكێتیی لەم دۆخەدا زۆر هەستیارانە مامەڵە لەگەڵ رەوشی عیراق بكەن، پێویستدەكات لەپرسی هاوسەنكگردنەوەی (هێزو بڕیاردان) لەكوردستان هاوكاربن و لەو ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییە دوربكەونەوە. هەستیاریی دۆخی عیراق هانیان بدات لەپرسی تەواوكردنی رێككەوتنەكەی نێوانیان هەماهەنگ و هاوكاربن، ئەگینا هەر گرژییەك لەنێوانیان لێكەوتەی نەرێنی دەبێت لەسەر دۆخی ئابوریی و سیاسی و كاریگەری كورد لەگۆڕانەكانی عیراق و ناوچەكە. 

 
بیرمان نەچێت دۆخی عیراق لەگرژییەوە بەرەو ئاڵۆزیی سەخت هەنگاو دەنێت، بەدڵنیاییەوە لێكەوتەو كاریگەری لەسەر دۆخی كوردستان دەبێت. ئێرانییەكان لەجموجۆڵێكی نوێ لەعیراق و ناوچەكە کەوتونەتە گەڕ. لەماوەی چەند رۆژی رابردوو قاسمی سولەیمانیی دیدارو پەیوەندی هەبووە لەگەڵ لێپرسراوانی پارتی و یەكێتی، جگە لە لێپرسراوانی یەكێتیی، چاوی كەوتووە بە هۆشیار زیباری لەبەغداو پرسی ئایندەی عیراق و ناوچەكەی لەگەڵ باسكردوون، چونكە ئێرانییەكان دەیانەوێ‌ لەم دۆخە كورد هاوكاریی ئێران بێت، لانیكەم (پارتی و یەكێتی) نەبنە  لایەنگر لەو ململانێیەیان لەگەڵ ئەمریكا.

 
ئەو دۆخە گرژەی عیراق هەر ئەوەندە نییە كە لەشاشەی تەلفزیۆنەكان دەیبینین، لەمەودوا هێزەكانی ئەمریكا پەلاماری هەموو دامودەزگاو ئامانجێكی ئێران دەدەن لەعیراق، تەنانەت ئەو كەسانەی نزیكن لەئێران لەلایەن هێزەكانی ئەمریكا هێرشیان دەكرێتەسەر، لە رۆژانی داهاتوو ئەو زانیارییە زیاتر پشتڕاست دەبێتەوە.
لەنێو ئەو گرژیانەدا دۆخی ناوچە دابڕێنراوەكانی كوردستان دوبارە دەبێتە جێی سەرنجی كورد، یەكێتی نیشتیمانیی كوردستان لەناوچەكانی كەركوك و ناوچە دابڕێنراوەكان هەم هێزی سەربازیی هەیەو هەمیش نفوزێكی گەورەی جەماوەریی هەیە، پێدەچێت هەرسێ لایەنی عیراقی و ئێران و ئەمریكایان لە دوو پرسی گرنگ ئاگاداركردبێتەوە، یەكەمیان؛ گرژی و مەترسییەكانی گەشەكردنی جموجۆڵی تیرۆرستانی داعش لەناوچەكەو مەترسیان بۆسەر كەركوك و ناوچە كوردستانییەكان، كە لەغیابی پێشمەرگە دروست بووەو پێویستە كورد لەو ناوچانە بپارێزرێن و كورد بەهێزەوە بگەڕێتەوە ئەو ناوچانە. دووەم؛ پرسی ئاسایی كردنەوەی دۆخی ئەمنی و ئیداریی ناوچەكە زۆر دواكەوتووەو لێپرسراوانی عیراق نەك هیچ هەنگاوێك نەهاتونەتە پێش، بەتایبەت دانانی پارێزگارو گرفتەكانی ناوچەكە بەشێوەیەكی گشتیی، بۆیە دەشێت یەكێتیی نامەیەكی نوێی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار لەناوچەكە كردبێت، كە دەكرێت ئەو نامەیە ماناو مەغزای تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ بەغداو بۆ ئێرانییەكان.


30/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر