حکومەتی سێبەر و دەرھاویشتەکانی

سەرتپ جەوهەر
حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەدۆخێکی ئێجگار ئاڵۆزدایە، لەدوای یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی ھەرێم لە ٢٠٠٦ وە یەکەم کابینەیە روبەرووی ئەگەری لێکترازان و سەخت ببێتەوە.

ئەم کابینەیە بەپێی رێککەوتنێک لەنێوان پارتی و یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕان پێکھێنراوە. جگە لەدابەشکردنی پۆست و جومگەکانی حوکمڕانیی لەنێوان ھەر سێ لایەندا، ھاوکات شێوەی کارکردن و نەخشەڕێی کارکردنیشی بەشێوەیەکی گشتیی دیاریکراوە، بەڵام لەدوای دەستبەکاربوونی، راستەوخۆ حکومەتێکی دیکەی سێبەر لەژێر ناو و ناونیشانی جیاواز لە ئەنجومەنی وەزیران و دەرەوەی ئەنجومەنی وەزیران، بەناوی یاریدەدەرو راوێژکارانی سەرۆکی حکومەت دروستکرا! دامودەزگای بەدیل لەدەرەوەی وەزارەتەکان پێکھێنرا، دەسەڵاتی بەشێک لە وەزیرو کاربەدەستان درایە ئەو دامودەزگا سێبەرانە، دەستی کاربەدەستانی یەکێتیی و بزوتنەوەی گۆڕانی بەست، تەنانەت بەشێک لەکاربەدەستانی پارتی لەحکومەت کە لەئاراستەیەکی دیکەی ناو پارتی بوون، ئەوانیش دەسەڵاتەکانیان سنوردارو لاوازکرا! ھاوکات ئەو ئەجێنداو نەخشەڕێیەی لەکارنامەو رێککەوتنی ھەرسێ لایەندا جێکرابویەوە بەتەواوی فەرامۆشکرا، ھەموو ھەڵسوکەوت و مەراسیم و سیمای ئەم حکومەتە "بەڕەنگێکی دیاریکراوی" حزبی کرا. لەھەمووی خراپتر، ئازادیی رادەربڕین و خۆپێشاندان، زۆر بەخێرایی پاشەکشەی کرد. مامەڵەیەکی خراپ لەگەڵ خۆپێشاندەران و چالاکوانانی بادینان کرا کە شەپۆلێک رەخنەو ناڕەزایی لەناوخۆو دەرەوە دروستکرد. 

ئەم شێوە ھەڵسوکەوت و مامەڵەکردنە لەحوکمڕانی، واتا پەراوێزخستنی لایەنەکان لەبڕیاردان و داخستنی دەرگاو پەنجەرەکانی ژوورەکانی زانیاریی ناو حکومەت و مامەڵەی ئەمنی لەگەڵ ھەموو دۆسیەو سێکتەرە جیاوازەکان، لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی روبەرووی واقعێکی نوێ کردەوە. سەرباری بەشداربوون لەحکومەت، بەڵام دابڕانێکی زۆری لەنێوان حزبەکان و سیاسەتی حکومەت دروستکرد. لەبری ھەماھەنگی و بەیەکەوە کارکردن و سەرخستنی بەرنامەی کاری حکومەت، دژایەتیی گرژیی و توڕەیی بەرھەمھێنا. گفتوگۆو راگۆڕینەوەی لەگەڵ گروپە ئۆپۆزسیۆنەکانی ناوخۆ زۆر لاوازکرد. 

بەکورتی، ئەم کابینەیەی حکومەت، پەیوەندییەکی خراپی لەگەڵ لایەنە پێکھێنەرەکانی بەتایبەت یەکێتیی و زۆرینەی گۆڕاندا ھەیە، بگرە بەشێکی ناوخۆی پارتیش وەک پێویست ھاوکارو پشتیوانیی ناکەن! بەھۆی نەبوونی ھەماھەنگیی و شەراکەت، بڕیارو راسپاردەکانی لە سنورێکی دیارکراو جێبەجێدەکرێت و لەو ناوچانەی بە (زۆرنی سەوز) ناسراوە جێبەجێناکرێت! پەیوەندییەکی زۆر خراپی لەگەڵ گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن ھەیە، ناتوانێت لەپرسە نیشتیمانیەکانیش چەتری کۆکەرەوەی لایەنە سیاسیەکان بێت. وڵاتانی پەیوەندیداری ئەوروپاو ئەمریکا، نیگەرانن لەدۆخی دیموکراسی و ئازدیی ناوچەکە. رێکخراوە چاودێرەکان، راپۆرتی نەرێنی لەبارەی ئازادییەکان لەھەرێمی کوردستان دەخەنە روو..تد.

ئەوەی ئێستا دەیبینین دۆخێکی نوێیە لەدوای یەکگرتنەوەی ئیدارەکانی ھەرێمی کوردستان بەر لە ١٥ ساڵ. ئەوکاتە رێککەوتنێکی سیاسی کرا بۆ بەیەکەوە کارکردن و و شەراکەت لەحوکمڕانیی، بەڵام ئێستا دۆخەکە پێچەوانە بۆتەوە! واتە ھەم رێککەوتنامەی ستراتیژیی نەماوە کە پرەنسیپی بەیەکەوە بڕیاردان و کارکردنی داڕشتبوو، ھەم لێکترازانێکی گەروە لەنێوان لایەنەکان بەتایبەت (پارتی و یەکێتیی) ھەستی پێدەکرێت. بەکورتی ئەگەر دۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، پێدەچێت دەرەئەنجامەکانی بەرەو دۆخێکی نوێمان ببات ئەویش ناسەقامگیریی سیاسی و ترازانی زیاتری حوکمڕانیی.

11/04/2021



وتارەکانی تری نوسەر