بەیاننامەی ئێمە و بەیاننامەی ئەوان

سەرتپ جەوهەر
پرسی گیراوانی بادینان تەنھا پرسی گرتنی چەند کەسێک نییە، بەڵکو گرێدراوی وێنەیەکی زۆر گەورەترە، ئەویش پرسی ئازادی رادەربڕین و رەخنەگرتنە. 

ئەم سزادانەی ئێستای دادگای ھەولێر بچێتەسەر، بەدڵنیاییەوە زنجیرەکە لەوە زۆر زیاتر دەبێت و دەشێت ھەریەکێک لە ئێمە خۆمان لە زیندان ببینینەوە.

تێگەیشتنی دیموکراسی و تێگەیشتنی ئەمنی بۆ چارەسەری کێشەکان تەواو ناکۆکن. لەتێگەیشتنی دیموکراسیدا ھەمووان رەخنەدەگرن، ھەمووانیش دەنگ بەرزدەکەنەوە. خۆپێشاندان و ھاوارھاوارو تەنانەت ھەندێجار زێدەڕۆییش ھەیە. سەرەنجام سەرنج و رەخنەو ھاوارھاواری شەقام روو لەپەرلەمان دەکات و لەوێ رێچکەی چارەسەر رێگای خۆی دەدۆزێتەوە. 

بۆیە ئەوەی بیەوێت حوکمڕانی بکات دەبێ چاوەڕێی رەخنەو تەنانەت جنێودانیش بکات. لەتێگەیشتن و عەقلیەتی ئەمنیشدا، ھەوڵی بێدەنگکردنی شەقام دەدرێت، چونکە چارەسەرکردنی کێشەو رەخنەکان، لەبێدەنگکردنی خەڵکدا دەبینرێت. 

ئێستا ئاراستەیەک ھەیە دەیەوێت حکومڕانی ھەرێم بەرەو عەقلیەتی ئەمنی ببات. بۆلوانی ئەو ئاراستەیە، تەنھا پەیوەندی بەخواستێکی شەخسی یان حزبییەوە نییە، بەڵکوبەشێکی پەیوەندی بەبێدەنگی و خۆکڕکردنی گروپ و لایەنە سیاسیەکانەوە ھەیە! 

ناکرێت مەترسی سەر ئازادی رادەربڕین و گرتنی خەڵک لەسەر خۆپێشاندان کە پرسێکی چارەنوسسازە، لەدەرکردنی بەیاننامەیەکی ناڕەزایی یان لێدوانێکی رۆژنامەوانی کورتبکرێتەوە، چونکە ئەمانە ھیچ لەواقع ناگۆڕن، بەڵکو پێویستی بەھەنگاوی کردارەکی و جددی ھەیە.

تائێستا جگە لەبەیاننامە، شتێکی ئەوتۆ لەلایەنە سیاسییەکانی کوردستان نەبینراوە. تاکە بەیاننامەیەکیش روون بوبێت، بەیاننامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی بووە، ئەوانی دیکە یان لەڕێی لێدوانی رۆژنامەوانیی یاخود لەڕێی فراکسیۆنەکانیان لە پەرلەمانەوە بووە! بەڵام بەیاننامە دەرەقەت ئەم دۆخە نایەت، پێویست دەکات خاڵ بخرێتە سەر پیت، ھەنگاوی عەمەلی رابگەینرێت.

ھەنگاوی عەمەلی ئەوەیە ئەوانەی لە حکومەتن لەوێوە فشار بکەن، چونکە ئەو رەخنەو گازندانەی لەلایەن وڵاتان و رێکخراوەکان کە لەحکومەتی ھەرێم دەکرێت بەشێکی بەر ئەو لایەنانە دەکەوێت کەبەشدارن لەم کابینەیە! ھاوکات دەکرێت لەنێو پەرلەمان فشار بکرێت، لانیکەم بخرێتە بەرنامەی کاری پەرلەمان" ھەرچەند پەرلەمانێکی داماوە". ھەروەک دەکرێت لایەنە سیاسییەکان لەڕێی سازکردنی خۆپێشاندانی جەماوەریی فشار بکەن. چونکە داکۆکیکردن لەگیراوانی بادینان تەنھا داکۆکیکردن نییە لەو پێنج کەسەی سزادراون، بەڵکو داکۆکیکردنە لە پرسێکی چارەنوسسازو گرێدراو بەھەموو خەڵکی کوردستان.

لەم ماوەیە ھەوڵدراوە ھەواڵ و رووداوی جیاجیا دروستبکرێت، تەنانەت ململانێی راگەیاندن قوڵتربکرێتەوە، ھەموو ئەمانە لەپێناو بەلاڕێدابردنی پرسی گیراوانی بادینان و بیربردنەوەی ئەم پرسە بووە، بێخەبەر لەوەی ئەم پرسە تەنھا گرێدراوی دۆخی ناوخۆی ھەرێم نییە، بەڵکو رەھەندی نێودەوڵەتیی ھەیە. وڵاتانی وەک ئەمریکاو بریتانیاو ئەوروپا بەھاسانی لەم پرسە بێدەنگ نابن.

ئەوەی زانراوە لەپشتی پەردە ھەوڵی زۆردراوە ئەو وڵاتانە رازی بکرێن بەچارەسەری جیاواز، بەڵام پێدەچێت سودی نەبوبێت، ئەوان سورن لەسەر ئازادکردنی بێ مەرجی گیراوان، تەنانەت لێبوردنی تایبەتیش! بەڵام رازی نەبوون، بەوپێیەی تاوانبار نین. بڕیاریشە ئەمڕۆ سبەی، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، بەیاننامەیەکی توند لەسەر حکومەتی ھەرێم دەربکات! بەڵام بەیاننامەی ئەوان تەنھا چەند دێڕێک و رەخنەو دروشم نییە، بەڵکو  پەیامێکە حوکمڕانانی ھەرێم باشتر لێی تێدەگەن.

17/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر