لەبەر ئەم هۆکارە هەرگیز ناتوانین لەبەر جینۆسایدکردنی ئەرمەنییەکان لە تورکیا ببوورین

ژیار عەلی



٧٧ ساڵ لەمەوبەر بوو کاتێک هۆلۆکۆست لەسەر دەستی نازییەکان بەڕێوەچوو. ڕووداوەکە لە هەموو جیهاندا بە تراژیدیایەکی دڵتەزێن ناسرا، و لەکاتی ڕووخانی نازییەکانەوە، ئەڵمانیا چەندین جار داوای لێبوردنی کردووە. لە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨دا، سەرۆکی ئەڵمانیا، فرانک-ڤالتەر شتاینمیر دووبارە داوای لێبوردنی لە جیهان کردەوە. ئەڵمانیا دانیان بە ڕووداوەکەدا نا و دەزانن کە هەڵەیان کردووە، لەگەڵ جیهاندا هاوڕان کە ئەوەی دژ بە جووەکان کرا تاوان بووە دژ بە مرۆڤایەتی و ڕووداوێکی قێزەون بووە.


بەڵام تورکیا، هەر دان بە جینۆسایدی ئەرمەنییەکان نانێت و وا دەنوێنین کە هەرگیز هیچ ڕووی نەداوە. لەکاتی هەوڵدران بۆ ناساندنی فەرمی کۆمەڵکوژییە سیستیماتیکییەکەی ئەرمەنییەکان لەلایەن دەوڵەتی عوسمانییەوە وەک جینۆساید، سەرۆکی تورکیا، ئێردۆغان، لە لێدوانێکدا وتی کە "تورکیا هەرگیز تۆمەتبارکردنی بە جینۆسایدکردن قبووڵ ناکات." تورکیا ڕای هەر چییەک بێت، مێژوو چیرۆکێکی دڵتەزێنی لەسەر ڕووداوەکە تۆمارکردووە. سەد ساڵ لەمەوبەر، کۆمەڵکوژییەک لەسەر خاکی ئەرمەنییەکان بەڕێوەچوو لەسەر دەستی عوسمانییەکان، لەبەر ئەوەی گومانیان لەوە هەبوو کە ئەرمەنییەکان هاوپەیمانێتی لەگەڵ ڕووسیا دەبەستن، کە دوژمنی ئەو کاتەی دەوڵەتی عوسمانی بوون. بەهۆی ئەمەوە، عوسمانییەکان هێرشیان کردە سەر ئەرمەنەکان و نزیکەی ١.٥ میلیۆن ئەرمەن کوژران. هەندێک لە ئەرمەنییەکان لە خاچ دران، هەندێکیشیان دەرکرانە بیابانی سووریاوە و لەوێ لە برسان مردن.


لەو کاتەوە، تورکیا تەنانەت یەک جاریش داوای لێبوردنی نەکردووە، نە بە ڕاستەوخۆ و نە بە ناڕاستەوخۆ. نەک هەر داوای لێبوردن ناکەن، ئەوان ڕوودانی جینۆساید و کۆمەڵکوژیی ئەرمەنەکان بە تەواوەتی ڕەت دەکەنەوە! زۆرینەی مێژووناسەکانی جیهان ئەم ڕووداوەیان بە یەکەمین جینۆسایدی سەدەی بیست ناساندووە، بەڵام تورکیا هەر گوێی لێ نییە. هەرچەندە تورکیا شەڕی نێوان ئەرمەنەکان و تورکەکان بە ڕاست دەزانێت، بەڵام ئەوان دان بەوەدا نانێن کە ویستبێتیان کە بە شێوەیەکی سیستماتیکی پاکتاوی ڕەگەزی دژی ئەرمەنەکان ئەنجام بدەن. تورکیا لە لێدوانە فەرمییەکانی دا دەڵێت ئەو کاتە "کاتی شەڕ بووە" و "زۆر کەسی تریش ئەو کاتە مردوون"، وەک پۆزشێک بۆ بەشدارینەکردنی لە یادکردنەوەی قوربانییەکانی جینۆسایدەکە.


وەک هەموومان دەزانین، ئەرمەنییەکان تەنیا قوربانیی تورکەکان نین. کوردەکانیش نەتەوەیەکی ترن کە بە درێژایی مێژوو بەدەست زوڵم و زۆرداری تورکەکانەوە ناڵاندوویانە. لە مێژوودا، کوردەکان مەجبوور بوون کە لە نێوان دەوڵەتی عوسمانی یان سەفەویدا یەکێک هەڵبژێرن و زوو زوو پاڵپشتیشیان بۆ هەردوو لایەن بگۆڕن، چوونکە دواجار هیچیان لەگەڵ کوردەکان باش نەبوون و پەیمانەکانیان بەتاڵ بووە. کوردەکان ئیرادەیان بەهێز بووە، دوای هەموو ئەوانەشی تورکیا پێی کردن، لە کوردبوونی خۆیان شەرمیان نەکرد و شانازیان بە زمان و کەلەپووری خۆیانەوە دەکرد. هەر لەبەر ئەمە ئیدارەی کەمال ئەتاتورک قانوونی سەختی دژی کوردەکان هێنایە ئاراوە، بەشێوەیەک کە قسەکردن بە کوردی و خۆناساندن بە کورد لە تورکیا تاکوو ئیدارەی ئێردۆغانیش قەدەغە بوو. 


تورکەکان ئێستاش بە کوردەکان دەڵێن "تورکی شاخەکان" و دان بە هەبوونی کوردستاندا نانێن. کێ حەزی لە پاکتاوی ڕەگەزییە بە هاوشێوەی تورکیا؟

تێبینی..

ئەم وتارە بە زمانی ئینگلیزی لە سایتی سۆپبۆکسی و میدیەمی ئەمەریکی بڵاوکراوەتەوە.

وتارەکە بە ئینگلیزی لەم لینکەوە ببینە..

 

29/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر