مەترسیەكانی دیاردەی تەكەتول لە حیزبی كوردیدا

د. رەوف عوسمان

تەكەتول دیاردەیەكی خێڵا گەرایی پاوان خوازیە لە چوار چێوەی حیزبدا ,واتە بە خێڵ كردنی حیزب لە شێوازێكی سەردەمیانەی نمایش كارانەدا  . ئەم دیاردە یە لە نێو حیزبە جیهانێكاندا لەسەر بنەمای  جیاوازی لە هزر وفەلسەفە و دنیا بینی و هەڵوێستی سیاسیدا دێتە ئاراوە , وەك بەرەی چەپرەو و راست رەو , دیموكرات خوازو دژەكەی , ریفۆرم خوازو كۆنە پارێز ... هتد , بەڵام بەداخەوە لای ئێمەی كورد تەكەتول لەسەر  بنەمای بەهـێزكردنی  پێگەی  خودو پاوان خوازی و ترسان لە هێزو دەسەڵاتی باڵی بەرامبەر دێتە ئاراوە , لە سێبەری تەكەتولدا بەهای  كۆمەڵایەتی و  ڕێكخراوەیی و پێكەوەیی لاواز دەبێت , لە بری ئینتما بۆ پەرژەوەندیەكانی  حیزب و خەڵك و نیشتمان ,ئینتما دەگۆرێت بۆ دەسەڵاتداری  باڵەكانی نێو حیزب , لە نێوەندی دەستەگەری و باڵ باڵێندا ,خەبات گێرە خوێندەوارو ئەكادیمیەكان لەبەرئەوەی تەكەتول بە كەرت كردنی حیزب دەزانن , خۆیانی لێ بە دور دەگرن , واتە پاشەكشە دەكەن لە بەردەم نەخوێندەوار و دەم بازو سادەلەوحەكاندا, وەك ریكاردۆ دەڵێت (العملە الردیئە تطرد العملە الجیدە فی المنحنیات الصعبە) ئەگەر چۆمسكی و ڤـۆلتێر  و نیتشە و ئەنیشتاین و ئیمامی شافیعی لەتەكەتولێكدا نەبن و كێ بەركێ بكەن بۆ پۆستێك لەگەڵ شاتە شات كەرێكی سەر بەتەكەتولەكەدا , هەرزوو دەیدۆرێنن (درجنگ أول كشتە شد) . لەسێبەری تەكەتولدا نەیارو دوژمنەكانی حیزب , درزەكانی حیزب گەورەتر دەكەن و زیاتر دەستی تێ دەكێشن و زەفەری پێ دەبەن , لەمەناخی  تەكەتولدا جۆرێك لە تاپۆی (شبح) هەواڵ دزی و بێ متمانەیی و چاودێری كردنی یەكدی و ڕاپۆرت كاری و دڵەراوكێ و ناسەقامگیری دەرونی دێتە نێو ئەفرادەكانی حیزب و لە پەلو پۆیان دەخات . لە سایەی تەكەتولدا خەمی پرسە گەورەكانی وەك نیشتیمان و خەڵك كاڵ دەبێتەوەو زۆربەی هەوڵەكان  بۆ سەرخستنی تەكەتول تەرخان دەكرێت . لە هەموی كارەسات تر ئەوەیە كە كەسی یەكەمی حیزب : خۆی تەكتول ئیدارە  بدات , دیارە لە وە ها حاڵەتێكدا  بەیەك مەسافە لەگەڵ  هەڵسوڕاوەكاندا  مامەڵە ناكات , واتە لە باوكێتی  دەردەچێت  و سەروكیە كەشی دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە , ئیتر لێرەوە چارەنوسی حیزب تاریك دەبێت و نائومێدی و رەش بینی باڵ دەكێشێت بەسەر ئەفرادەكانی  حیزبدا و پەرت بون و دابڕان دروست دەبێت . 
دەرهاویشتەی تێوەگلانی سەرۆكی حیزب لە ئیدارەدانی تەكەتولدا وادەكەوێتەوە :

1-عەدالەتی كەسی  یەكەم دەكەوێتە ژێر پرسیارەوە  , چونكە كار بۆ دابین كردنی پۆستی حیزبی و حكومی بۆ باڵەكەی  خۆی دەكات بەر لەهەر كەس .
2-حیزب بەرەو كەرت بون و هەڵوەرین دەبات .
3-سەرۆك  بەرەو  فەردانیەت و تاكرەوی هەنگاو دەنێت , چونكە بە هۆی بە هێزكردنی باڵەكەیەوە , هەست بەسەركەوتن و هێز دەكات .
4-لە دەستدانی  متمانە و بروا بەیەك بون لە نێو ئەفرادەكانی حیزب و سەركردایەتیدا لە لایەك و ئەفرادەكان و سەركردایەتیش بەجیا جیا لە لایەكی ترەوە .
5-بەناوی باڵانس راگرتنی نێوان باڵەكانەوە  سنورەكانی دەستور و یاسا دەبەزێنرێت و لۆژیكی سوڵح !! دێتەكایەوە .
6-لایەنی پۆپۆلستی بەسەر لایەنی عەقڵانی و بیرمەندیدا زاڵ دەبێت .
7-تاكتیك جێگای ستراتیژ دەگرێتەوە و حیزب لە گرێژنە دەردەچێت .
8-پابەند بوون بە بۆچوون و دنیابینێكانی سەرۆك كاڵ  دەبێتەوە .
9-مرۆڤی  گوێ لە  مست و كۆیلە سیفەت بەرهەم دێت و بەهای خەبات و قوربانیدان و تەمەن و جۆری  خزمەت  پشت گوێ دەخرێت .
10-سەرهەڵدانی گیانی بێهودەیی و هیچ گەرایی و بروانەمانی ئەفرادەكان بەدروشم و پرنسیپەكانی حیزب , واتە حیزب دەبێتە دیكۆرێكی نمایشی و ڕۆژ دوای  ڕۆژ لە خەڵك دادەبڕێت .

 

30/09/2019



وتارەکانی تری نوسەر