بانگەشەی بەفاشیست بوون..ئەو شتەی بەرامبەر دەیخوازێت

ئەبو بەکر عەلی

                                                                                                     
لەسەروبەند‌و گەرمەی پەلاماری ناڕەوای لەشكری تورك بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان،  هەندێ قەڵەم ودەنگ داوای بەفاشیست بوونی كوردیان كرد وەك رێگایەك بۆ مانەوە ‌و بەرخودان ؟!بەش بەحاڵی خۆم گومانم لە دڵسۆزی‌و پەرۆشی  نەتەوەیی خاوەنەكانیان نیە. دەنگەكا نیش هاواری ویژدانێكی بریندار‌و كیبریائێكی نەتەوەیی زەبر بەركەوتووی نادادپەروەری مێژوو جوگرافیا ‌و جیهانە. 

بەڵام بەدەر لە نیازی خاوەنانی ئەم هاوارە، پێم وایە بانگەشەیەكی لەم جۆرە ناواقیعیە ‌و لەبەرژەوەندی كورد‌و ناسیونالیزمی كوردیشدا نیە. بەڵكو بەپێچەوانەوە ئەوشتە  یەهێز‌و دەسەڵاتە نەیارەكان‌و ناسیونالیزمەكانی بەرامبەر دەیخوازێت، چونكە:

1.    گەر بشتەوێ‌ لە دەرەوەی كۆسستمی ئەخلاقەوە سیاسەت بكەی ‌و فاشست بی، دەبێت سەردەست‌و باڵادەست‌و بەهێز‌و خاوەن دەوڵەت‌و رەوایەتی نێودەوڵەتی بیت. كە كورد هیچ یەكێ‌ لەوانەی نیە بەحوکمی ئەوەی فاشیزم فراوانخوازو دەست درێژیکارو ئیرادە سەپێت وهەناسەیەکی ئیمپراتۆریانەیە لەچوارچێوەی مۆدێلی دەوڵەت نەتەوەدا. كەواتە هەر لە بنەڕەتەوە بانگەشەكە ناواقیعی یە کورد گەر بشیەوێت ناتوانێ فاشیست بێت وفاشیست بوون دەیکات بەچەتە ومافیا.
2.    بانگەشەی فاشیست بوون ماف دەدات بە بەرامبەرەكانیش فاشیست بن،  ئەو كاتەش مەسەلەكە دەبێتە ململانێی نێوان هێز‌و ئیرادەكان‌و هیچ لایەك رەوایەتی ئەخلاقی نامێنێ‌‌و بەزینی هەرلایەكیش بۆ دەرەوەی خۆیان یەكسانە. لەم ڕوەشەوە لەبەر ناهاوسەنگی هێز  كورد دۆڕاو دەبێت. كەواتە فاشیست بوون كورد لەوەدەخات لافی خاوەندارێتی دۆزێكی ڕەوا‌و ئینسانی لێبدات.
3.    لەگەڵ ئەم داواكاریەدا دەبێت بەسەرخۆماندا دابخرێین‌و دەست لەدیبلۆماسیەت‌و لۆبی كردن‌و زۆر شتی تر هەڵبگرین. بە حوكمی ژێر دار‌وپەردووكەوتنی  دۆزەكە‌و نەمانی لۆژیكێ‌ خەڵك گوێت لێبگرێت.
4.    كاتێك دەبین بە فاشیست‌و هێز‌و توانای فاشیستەكانیشمان نیە  بۆ رزگاركردنی خاك‌و تێكشكاندنی نەیارەكانمان ، ئەو کاتە ئەو وزە شەڕ‌و بوغزەی پەنگ دەخواتەوە بە دوو شێوە دەردەبڕرێن و دەڕژێرن:
(أ‌)    پەلاماردانی پێكهاتە نەتەوەییەكانی تری كوردستان.
(ب‌)    دژ بە یەكتر لە گەڕێكی تری شەڕی ناوخۆ هەمەلایەنترو خوێناویتردا،  مێژووش وانەی گرنگی لەم ڕوەوە بۆ كورد تێدایە.  بەوەش فاشیزم دەبێتە سەرچاوەی لێكهەڵوەشاندنەوەیەكی مێژوویی نێو ماڵی نەتەوەیی نەك بیناکردنەوەو بەهێز کردنی.
5.    لە دۆخێكی لەم جۆرەدا (ئاین) لە ئاستێكی مەترسیداردا دژ بەكورد ‌و ناسیونالیزمی كوردی بەكاردێت‌و كورد خۆشی جۆرێ‌ لە ڕەوایەتی بەم بەكارهێنانە نادینییەی دین دەدات.
6.    دەبێت دەست لە بانگەشەی  دیموكراسی‌و فرەیی‌و ئازادی‌و بەهاكانی هەڵبگرین‌و هەوڵی كۆمەڵگەیەكی یەك ڕەنگ‌و یەك دەنگ بدەین. ئەوەش نە ناوخۆی كورد‌و كوردستان‌و نە قۆناغە مێژووییەكەش بەرگەی دەگرێت.

بۆیە بەكارهێنانی چەمك‌و ووشەی فاشیزم لەم شوێنەدا هێندەی كاردانەوە و رەنگدانەوەی دەروونێكی تاسەر ئێسقان ئازار چەشتووە، پێویستییەكی عەقڵانی‌و واقیعی زاڵبوون بەسەر كێشەكانماندا نیە. كێشەی ئێمەش كێشەی نەرمبوونمان نیە بەرامبەر ئەوی دی  نەتەوەیی‌و ناسیونالیزمەكانی تر ، بەڵکوكێشەی لەگەڵ یەك رەقبوون ‌و یەك قبوڵنەكردنی نێوخۆییە. كێشەی ئێمە لەزۆر میهرەبانیدا نیە. لە نامیهرەبانی بوونماندایە لەگەڵ یەكتردا. لەوەدا نیە لەڕووی نەتەوەییەوە خۆمان لەڕوانگەی ئەوی دی نەتەوەییەوە پێناسە ناكەین، بەوجۆرەی قوتابخانەی ئەڵمانی ناسیونایزم دەیخوازێت، بەڵكو لەوەدایە لەڕوانگەی  ئامادەیی پێكهاتەكانی نەتەوە بۆ چوونە نێو پرۆژەیەكی نەتەوەیی‌و بیناكردنی ناسنامەیەكی هاوبەش‌و تۆكمە، ناوەرۆك بە ناسیونالیزم نابەخشین ، كێشەی ئێمە بوونی دیموكراسی نیە، بەڵكو بوونی هەناسەیەكی فاشستی نێوخۆییە، كە ناتوانێت دانپیانانێكی فیكری‌و دیموكراسی بە جیاوازیدا بنێین‌و نەهێڵین  سەری لە ناكۆكی‌و خوێنڕێژییەوە دەربچێت.. لە كۆتاییدا دەڵێین فاشست بوون ئەوشتەیە بەرامبەر  دەیخوازێت، چونكە لانی كەم رەوایەتی بەهەناسە فاشستییەكانی‌و جەنگەكانی دەدا‌و یەكێتی ناوخۆییش بەدی ناهێنێت.


18/10/2019



وتارەکانی تری نوسەر