ڕیفراندۆمێك بۆ ڕزگاربوون..

سمکۆ ئەسعەد ئەدهەم

هاوڵاتیانی بەڕێزی ئەم هەرێمە .. لە هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عیراق وكوردستاندا ،بەشدار بن یان نا ، دەنگ بدەن یان دەنگ نەدەن ، ئەوا ئەم دۆخەی ئێستای ژیان وگوزەرانیان باشتر نابێت .. ئەگەر خراپتر ئەبێت ، واتا بیانەوێت یان نەیانەوێت ، ئەم دەسەڵاتەی ئێستای حوكمڕانیمان ئەكات، بە ڕێگایەكی جیاواز دێتەوە سەر (عەرش) وپێمان ئەڵێت : (من بە هەڵبژاردن هاتووم) .

چارەسەر ئەوەیە ، ئێمە لە هەرێم ، كۆك بین لەسەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێك لەبارەی مانەوەمان لەسایەی ئەم شێوازی حوكمڕانییە ، هەنگاوێك بنێین ، بە پشتگیری نێردەی نەتەوە یەكگرتوەكان، داوا لە كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان بكەین ، ڕیفراندۆمێك بۆ هاوڵاتیانی هەرێم ڕێكبخات ، بۆ دەنگدان لەسەر ( ڕەوایەتی مان ونەمانی ئەم دەسەڵاتە سیاسییە ) بە كۆی حزبە كوردستانییەكانیەوە.

با هاوڵاتیانی هەرێم بۆیان هەبێت لە دوای سی ساڵ .. دەنگ بدەن بە بەردەوامی یان وەستاندنی كۆی ئەم جۆرو شێوازی حوكمڕانییە .

هەر كەس و لایەنێكیش دژی ئەم جۆرە ڕیفراندۆمە بێت ، ئەوا باوەڕی بە دەنگدان نییە و نابێت چیتر پێمان بڵێت : (من بە دەنگدان هاتووم) .

با لایەنە (سیاسییە) ناڕازییەكان لەم دۆخەی هەرێم ، بە تایبەتی (بزوتنەوەی گۆڕان) و (جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌) و (كۆمەڵی دادگەریی كوردستان) و ( یەكگرتووی ئیسلامی) پێشەنگی ئەم داوایە بكەن و بە كردەوە پارسەنگی ڕەوایەتی بدەنەوە بە دەنگی كۆی هاوڵاتیان .

 

28/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر