گۆڕینی واقیع، بە کام لادا؟!

هیوا عومەر

ئەوەی دەیبنین لەمڕۆدا ناڕەزایەتی زۆرینەی هاووڵاتییانە لە مۆدێلی حکومڕانی، ئەم ناڕەزایەتییانە بە یەک شێواز و دەربڕین نین، بەڵکو بە شێوازی جیاواز، بەپێی شوێن و کات و دەرفەتەکانی هەلومەرجی بابەتی و خودی، گوزارشت لە ڕەتکردنەوەی مۆدێلی حکومڕانی سیستەمی سەرمایەداری نوێ دەکەن .

 
شەپۆڵی ناڕەزایەتییەکان لە کاتێکدایە، هیچ کات بە‌هێندەی مێژووی ئێستا لە سایەی سیستەمی سەرمایەداریدا دابەشبوونی چینایەتی لە هەڵکشاندا نەبووە و سامان لە دەستی چەند کەسێک چڕ و کەڵەکە نەبووە، کە بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکان ڕێژەی سامان و داهاتی ١٪ی چینی سەرمایەدار، داهاتی ٤٥٪ی مرۆڤایەتی لەژێر دەستدایە، لە بەرانبەریشدا زۆرینەیەکی هەژار و پەراوێزخراوی تازەی دروستکردووە.

 
ئەم ناکۆکییە چینایەتییە لە زۆربەی شوێنەکان بەشێوەی شۆڕش و تەقینەوە جەماوەرییەکان دەبینرێ، وەک ئەوەی لە بەشێک لە وڵاتانی ئەوروپی و عەرەبی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکوری ئەفریقیا بەتایبەتیش لە لوبنان و عێراق و ئێران لە لوتکەدایە، لە دنیای ڕۆژهەڵاتدا ئەو قەیرانە هاوکاتە لەگەڵ کۆمەڵێک ئیشکالیەتی لۆکاڵی لە بەڕێوەبردندا، بە تایبەتمەندی هەر وڵاتێک، بە مەفهومە مارکسییەکەی وەک ڕەنگدانەوەی تایبەتمەندی و جیاوازی لە شێوازی بەرهەمهێناندایە لەم ناوچەیەدا .
ڕۆڵی چەپ لە ناڕەزایەتییەکان و چوارچێوەی هەماهەنگییەکان بۆ بەدیهێنانی دنیایەکی باشتر، بابەتێکە و پێویستە لە چەندین ڕەهەندەوە خوێندنەوەی بۆ بکەین .


2
شەپۆڵی ناڕەزایەتییەکان وەک بەشێک لە خەبات و تێکۆشانی جەماوەری لە فەرەنساوە بۆ عێراق بە شێوەی جیاواز توانیویەتی چەندین مەرج و گۆڕانکاری بەسەر دەوڵەتەکاندا فەرز بکات. هەرێمی کوردستان دابڕاو نییە لەوەها دۆخێکدا، بەڵام بەمانای ئەوەش نییە جۆرێک لە بێهیوایی و هەست پێ نەکرێت لە تێکۆشانی جەماوەری، وەک ئەنجامێک لە مامەڵەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕابردوو لەگەڵ ناڕەزایەتییەکان بەهۆی کورتکردنەوەی ناڕەزایەتی و چەمکی ئۆپۆزسیۆن لە کاری پەرلەمانی و کاری پۆپۆلیستی، دۆخی ئەمڕۆ لەژێر کاریگەری دوێنێ بەدەر نییە. کاتێک باسی لێکەوتەکانی عەقڵیەت و کاری بەرهەڵستکاری دوێنێ دەکەین، ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت ڕازی ببین بە کاری ئەمڕۆی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان، مەبەستم هەندێک لە (ئۆپۆزسیۆنی چەپ)ە، کە بەناوی (سیاسەتی پراگماتیکی) لەگەڵ واقیعدا لە لێواری تەسلیمبوون بەو واقیعە نزیکی کردوونەتەوە، ئەوەش لە کاتێکدایە کاری هێزی سیاسی گۆڕینی واقیعە نەک تەسلیم بوون، لێرەدا مەبەست ئەوە نییە فکری سۆسیالیستی وەک کۆنسێپتێکی موجەرەدی بەرهەمی عەقڵێکی دیاریکراو ببینین بە دابڕانی لە واقعێکی ماتریالیستی مێژوویی.


3
بەپێی جیاوای هەلومەرجی بابەتی و خودی لە هەر شوێنێکدا و هەڵکشانی مەدی رادیکالیەتی کۆمەڵگا، لێکەوتەکانی لەسەر هێزە چەپەکان دەبێت وەک بابەتێکی دوولایەنە، بەڵام هێزی چەپ سەرەڕای غیابی ئەو مەدە لە کاتێکی دیاریکراودا، نابێت وابیر بکاتەوە ڕەوتی مێژوو تەنیا بریتییە لە ئەمڕۆ و تووشی نەخۆشی بینینی مێژوو بێت لە دۆخی وەستاودا، دوور لە بنەماکانی فکری سۆسیالیستی. ئەم هاوکێشەیە بەڕوونی ڕەنگدانەوەی دەبینین لەسەر ژیانی خەڵک و کارەکانی دەسەڵات، کە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ پێشێلکارییەکان لەسەر ماف و ئازادییەکان زیاتر دەبێت، دۆخ و گۆڕەپانەکە بۆ ئەوان بەجۆرێکی لێهاتووە بەشێکی پاکێجی سیاسەتی نیولیبرالیزمیان بەناوی چاکسازی لە ڕێگای پەرلەمانەوە ساغ بکەنەوە و ( ئێمەش) باوەڕیان پێ بکەین ؟!

 
لە بارەی قەیرانە بەردەوامەکانی سیستەم و هەڵکشانی مەدی ناڕەزایەتییەکان و هەلومەرجی ئەمڕۆمان، پرۆفیسۆر دەیڤید هارڤەی دەڵێت: ئێمە لە چرکەساتێکداین کە هەموو شت دەتوانێت بەرەو چەپ یان ڕاست بڕوات." لەبەرئەوەی شەپۆڵێکی گەورەی ناڕەزایەتی لە کۆمەڵە جیاوازەکاندا بوونی هەیە و ئێمە بینەری یاخیبوونی جۆراوجۆرین". لێرەدا پرسیارێک دێتەکایەوە، ئایا (ئێمەی چەپ) پرۆژەیەکی سەربەخۆمان هەیە، بەرەو کام لادا، کام پرۆژە، بە چەپ یان ڕاستدا دەڕۆین؟.


28/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر