تەماحی دەسەڵات و دادگای تەفتیشی وەزارەتی رۆشنبیری

هیوا عومەر


وەزیری رۆشنبیری حکومەتی ھەرێم لە کۆتایی ئەم مانگە بەپێی فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە ٤\١\٢٠٧٧ لە رێکەوتی ٢٤\٩\٢٠٢٠ بڕیاریداوە، لەمەودوا بەر لە چاپکردنی کتێب، لەلایەن لیژنەیەکی پسپۆڕەوە پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، ئینجا ژمارەی سپاردنی پێ بدرێت و چاپ و بڵاوبکرێتەوە.


لە ناوەڕۆکی فرمانەکەدا ھاتووە پێدانی ژمارە سپاردن ئەرکێکی گەورە و لێپرسراوییەتی رۆشنبیری و ئەخلاقییە. بۆیە لە دوای دەرچوونی ئەم فەرمانە بەشێوەیەکی مەرکەزی لە لایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی کتێبخانە ‌گشتییەکانەوە دەدرێت.


بەپێی پەڕەگرافی دووەمی فەرمانەکە: "پێویستە ئەم ئەرکە زۆر بە گرنگییەوە جێبەجێ بکرێت و تیایدا رەچاوی بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەھا پیرۆزەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھا و ھێما پیرۆزەکان تێک نەدات ".
لە کۆتایدا ھاتووە : "بۆیە بڕیارماندا پێش پێدانی ژمارەی سپاردن لە لایەن لێژنەیەکی شارەزای ئەو بوارە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی ناوبراو پێداچوونەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ کتێبەکان بکرێت و دواتر ژمارە سپاردنی پێ بدرێت ".


ئەم فەرمانە لە چەندین لایەنەوە پێویستە رەخنەبکرێت:
یەکەم، ئەم فەرمانە بۆنی ئەو سانسۆرە پێشوەختەی لێ دێت کە لە ‌سەردەمی رژێمی بەعسدا ھەبوو. لە ‌سەردەمی حکومڕانی بەعسدا، لیژنەیەکی چاودێری کە پێکھاتبوو لە وەزارەتەکانی راگەیاندن و رۆشنبیری و لایەنە پەیوەندارەکانی تر چاودێری و سانسۆری پێشوەختەی بەسەر کتێب و بڵاوکراوە و تێکستی گۆرانی و شیعر و رۆژنامە ‌و دەقە شانۆییەکاندا جێبەجێدەکرد و دوای دەرچوونی لەو فلتەرە ئینجا ژمارەی سپاردن و رەزامەندی بڵاوکردنەوەی پێدەبەخشین.


دووەم، ئەگەر ورد ببینەوە لە پەڕەگرافی دووەمی فەرمانەکە ھیچ پەیوەندییەکی بە دانانی ژمارەی جیھانی کتێبەوە نییە وەک پێوەرێکی سەردەمی جیھانی بازرگانی بۆ رێکخستن و ناسینەوەی کتێب، کە لە ھەر وڵاتێک ژمارەی تایبەتی خۆی ھەیە لەسەر ئاستی نیشتمانی و کەسی بەکاردەھێنرێت بۆ ناسینەوەی بەناوی International Standard Book Number (ISBN)‏ . بە پێچەوانەوە لایەنی زۆر مەترسیدارترمان بۆ دەردەکەوێت بە جۆرێک کۆمەڵێک رستە ‌و وشەی لاستیکی جێگیرکراوە وەک بۆمبێک ھەر کاتێک مەبەستیان بێت لیژنە حزبییەکە دەیکەنە بیانوویەک و رێگری دەکەن لە بڵاوکردنەوەی.


ئەگەر دیقەتی پێوەرەکانی بدەین وەک رەچاوی "بەرژەوەندی باڵای نیشتمانی و نەتەوەیی و پاراستنی بەھا پیرۆزەکان بکرێت و شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھا و ھێما پیرۆزەکان تێک نەدات". ھەموو ئەو چەمک و ناو و بەھایانەی ریزکراوە ھەڵگری مانای لاستیکی و دیدی جیاوازن بۆ رەچاوکردن و پاراستنیان، زۆر بە ئاسانی ھەر کتێبێک لە ئاستی فکری و سیاسیەوە ناکۆک بێت لەگەڵ ئایدییای دەسەڵات و لە ئاستەکەی تر ناکۆک بێت لەگەڵ بەھای پیرۆزکراو و جۆرێکی تایبەت لە شیرازەی کۆمەڵایەتی و پاراستنی بەھا و ھێما پیرۆزەکان، قەدەغە دەکرێت و ژمارەی سپاردنی پێ نادرێت، ئەم فرمانە لەڕووی سیاسیەوە پیرۆزکردن و مسۆگەرکردنی و جێگیرکردنی ئەم مۆدێلە لە حکومڕانییە، لە ئاستی کۆمەڵایەتی و ئاینی و کلتوریشەوە بۆ خۆبەرھەمھێناوەیە لە چوارچێوەی یەک بازنەدا دژ بە ھەر ھەوڵێک بۆ رەخنەگرتن و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و ئاینی و کلتورییە کە راستەوخۆ ھێرشە بۆ سەر ھەر ھەوڵێکی زانستی بە ئاڕاستەی ئیبداعی رۆشنبیری و کلتوری ھاوشێوەی (دادگای تەفتیش) سەدەکانی ناوەڕاست لە ئەوروپا.


لە کاتی نوسینی ئەم وتارە گفتوگۆیەکی خۆمم بیرکەوتەوە لەگەڵ ئەفسەرێکی ئەمنی کە بەر لە چەند مانگێک بەھۆی خۆپیشاندانەوە دەستگیرکرابووین، دەیگوت: دەبێت بەڵێننامەیەک پڕبکەنەوە، بەڵێن بدەن خۆپیشاندان و گێرەشێوێنی و کاری تێکدان نەکەن. منیش زۆرم ھەوڵدا تێیبگەیەنم کە خۆپیشاندان مافێکی بنەڕەتییە بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و مافە سیاسی و مەدەنییەکان، ئیش و مافی دەسەڵات نییە بیدات یا بیسەنێتەوە، ئەرکی دەسەڵات رێکخستنیەتی لە چوارچێوەی یاسادا، خۆپیشاندان بریتیی نییە لە تێکدان و دروستکردنی ئاژاوە، ئەوە بە یاسا رێکخراوە پێی دەگوترێت مافی دەربڕینی بیروڕا و ئازادی رادەربڕین، ئەرکی دەسەڵاتە پارێزگاری لێ بێکات. لەو کاتە باشتر ئەزموونی ئەوەمکرد بۆچی لە کاتی دەرکردنی یاسای رێکخستنی خۆپیشاندان لە جێگای (ئاگادارکردنەوە) (مۆڵەتیان) جێگیرکرد، ئەو کاتەش کەمپین و ناڕەزایەتی زۆرمان لە دژی ئەنجامدا دەمانزانی مەبەست لەم یاسایە رێکخستنی خۆپیشاندان نییە بەڵکو قەدەغەکردنیەتی وەک ئێستا ئەزموونی دەکەین.


ئەوەی ئەم کابینەیە ئەنجامی دەدات تەواوکردنی کارەکانی کابینە ‌و وەزارەتەکانی پێش خۆیەتی، ھەر ئەم وەزارەتە لە ‌کابینەی پێشووی حکومەتی ھەرێم لە دوایین رۆژەکانی تەمەنی رێنمایی ژمارە (٢)ی تایبەت بە رادیۆ و تەلەفزیۆنی دەرکردووە بە بیانووی باشترکردنی راپەراندنی کاری میدیایی بەتایبەت لە بوارەکانی رادیۆ و تەلەفزیۆن؟
رێنماییەکە لە حەوت خاڵ پێکھاتووە بەڵام مەبەستی سەرەکی کۆی رێنماییەکە خاڵی سێیەمینە کە تیایدا ھاتووە "لە کاتی پابەندنەبوون بە یاسا و رێنماییەکان و ناوزڕاندن و سوکایەتی بە خەڵک و رەمزەکانی بزافی رزگاریخوازی کوردستان و بڵاوکردنەوە و ھاندانی خەڵک بۆ گێرەشێوێنی و توندوتیژی، وەزیری رۆشنبیری و لاوان بۆی ھەیە بۆ جاری یەکەم کەناڵەکە دابخات بە مەرجێک لە (٧٢) حەفتا و دوو کاتژمێر زیاتر نەبێت و جاری دووەم لە ھەمان ساڵ ھەفتەیەک زیاتر نەبێت و جاری سێیەم لە ھەمان ساڵ یەکجاری کەناڵەکە دادەخرێت و جارێکی دیکە بەم ناو و لۆگۆیە مۆڵەتی پێ نادرێتەوە"؟


ئەم خاڵەش تەڵەیەکە بەناوی رێنمایی و یاساوە بۆ داخستنی ھەر کەناڵێکی راگەیاندن کە رۆژێک لە رۆژان بتوانێت رای گشتی لەسەر ھەر بابەتێک بگوازێتەوە و دروستبکات بەبێ گەرانەوە بۆ دادگاش .


ئەم کارانە کردەیەکی عەفەوییانە و سەرپێی نییە بەڵکو کردەی پلان بۆ دارێژراو پراکتیککردنی ئایدیا و مۆدێلێکی تایبەتە لە حوکمڕانی ئۆلیگاریشی، دەرکردنی رێنمایی بە دوای رێنمایی بەبێ پاڵپشتی یاسایش ھەوڵێکە بۆ زیاتر لە قاڵبدانی ماف و ئازادییەکان و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی پۆلیسی، تەماعی ئەوان بۆ کۆنتڕۆڵکردنمان زۆر لەوە زیاترە ئێمە بیری لێ دەکەینەوە، ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانیش وەک باقی دەزگا ئەمنییەکان دەبێت بۆ جێبەجێ کردنی ئەو تەماعە بێت

29/09/2020



وتارەکانی تری نوسەر