لە هەمووانەوە بۆ هەمووان

هیوا عومەر

هەرێمی کوردستان بە ساتەوەختێکی ئێجگار خراپ گوزەر دەکات، ساتەوەختێک لە یەککاتدا ڕووبەڕووی چەندین قەیران لە ئاستی ئابووری و سیاسی و تەندروستی و جڤاکیدا دەبێتەوە، هەریەک لەو قەیرانانە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە قەیرانێکی گەورەترەوە هەیە کە (قەیرانی گشتگیری دەسەڵاتداریی)ە، ڕۆژ لە دوای ڕۆژ لەگەڵ پیربوونی زیاتری ئاماژەکانی کەوتنی بەڕوونی دەبینین. شەنوکەوکردنی ناوەڕۆکی قەیرانە گشتگیرەکە لەم وتارە مەبەست نییە، ئەوەی مەبەستە پاشەکشەی ئازادی ڕادەربڕینە، کە ئەویش بەشێکە لە لێکەوتەی قەیرانە گەورەکە .

ئازادی ڕادەربڕین لە مافی خۆپیشاندان و چالاکی جەماوەرییەوە بۆ ئازادی نووسین و کاری رۆژنامەوانی و چالاکی کاری سەندیکایی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنی و پارتە سیاسییەکان، وەک پاکێجێک هەرەشەی گەورەی لەسەرە، دواجار تەماحی ئەوەیان هەیە فرەیی سیاسی و (فەزای گشتی)یش بەرەو یەکڕەنگی و مەترسی لەناوچوون ببەن.

لە کاتێکدا دەسەڵات مووچە و کار و ژیانی خەڵک ڕووبەرووی مەترسی دەکاتەوە، ڕۆژانە سەدان و دەیان کەس بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە غیابی ڕۆڵ و بەرپرسیارەتی دەسەڵات لە پاراستنی تەندروستی و بەرپرسیارەتی کۆمەڵایەتی گشتی نەخۆش دەکەون و گیان لەدەستدەدەن، کەرتەکانی موڵکی گشتی دەدرێت بە کەرتی تایبەت کە هەموومان دەزانین مەبەست لە کەرتی تایبەتی چییە و هی کێیە، زیادکردنی باج و ڕسومات و بڵاوبوونەوەی گەندەڵی و دزینی داهات هتد... دیوێکی تری پرسەکەیە، هاوکات وڵاتانی دراوسێ و بیانی بەبێ هیچ بەربەستێک ڕۆژ لە دوای ڕۆژ دەستوەردانی زیاتر و خاکی کوردستان داگیر دەکەن و هاووڵاتییان شەهید دەکەن، ناوچە کوردستانییەکان بە پیلان ڕووبەڕووی شەپۆڵێکی دیکەی گۆڕینی ناسنامە و دەرکردن و ناچار بە کۆچکردن دەبنەوە. ئەم کێشانە و دەیانی دی لەوەها دۆخێکدا دەرگای مافی دەربڕینی بیروڕاش لە خەڵک داخراوە!

کاتێک باسی ئەم کێشانە دەکەین ئەوە مانای ئەوە ناگەیەنێت دەربڕینی بیروڕا تەنیا پەیوەندی بە قەیران و کێشەوە هەبێت، لە هەموو کاتێکدا هاووڵاتییان مافی دەربڕینی بیروڕایان دەبێت پارێزراو و ڕێزلێگیراوبێت. بەپێی جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤ و پەیماننامەی مافە سیاسی و مەدەنییەکان و هتد، ئازادی ڕادەربڕین یەکێکە لە مافە بنەڕەتییەکان، دەسەڵاتی دەوڵەت تەنیا لە سنوری ڕێکخستنیەتی لە چوارچێوەی یاسادا، واتە دەسەڵاتی دەوڵەت نە پێدان و نە پێنەدانە، بەڵکو ڕێکخستنە.

کارنەکردن و پەکخستنی یاساکانی ئازادی ڕادەربڕین و دەرکردنی ڕێنماییەکان و داخستنی کەناڵی ڕاگەیاندن و گرتن و لێدانی ڕۆژنامەنووس و چالاکانی مەدەنی و مامۆستایان ئەم کەیسانە تەنیا حالەتێک نین تا بە جیا کەمپین و ناڕەزایەتی بۆ بکەین، ئەوەی ڕوودەدات تەنیا گرتنی ئەم و ئەو نییە کە پەیوەندی بە کەسەکانەوە هەبێت، بەڵکو گرتن و پاشەکشەپێکردنە بەکۆی مافی ئازادی ڕادەربڕینی هەمووان، بۆیە دەبێت کەمپینە فەردییەکان بگوازینەوە لە هەمووانەوە بۆ هەمووان. لەلای ئەوان دەربڕینی بیروڕا یەکسان کراوە بە تێکدانی سەقامگیری و ئاشتی کۆمەڵایەتی و بێڕێزیکردن بە کەسایەتی و ڕەمزەکانی خۆیان، ئەم تۆمەتانە دژ بە زۆرینەیەکە لە ئەمڕۆدا لە دەرەوەی سەندیکا و ڕێکخراوە کۆنترۆڵکراوەکانن، لە خەمی داکۆکی کردنن لە بەرژەوەندی گشی نەک تایبەتی. دوێنی کەمپین و ناڕەزایەتییمان دژ بە ڕێنمایی و پەکخستنی یاساکانی ئازادی ڕادەربڕین و گرتنی مامۆستایان و ڕۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران و داخستنی کەناڵەکان بوو، کاتی ئەوەیە بە پشوودرێژییەوە کەمپینی ئەمڕۆمان لە هەمووانەوە بۆ هەمووان بێت.


12/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر