مردن بە کۆرۆنا!

هیوا عومەر

ڕێژەى تووشبووان و گیان لە دەستدان بە نەخۆشى کۆرۆنا لە هەرێمى کوردستان لە ئاستێکى مەترسیداردایە، ژمارەى مردووان نزیک دەبێتەوە لە سێ هەزار کەس، لەو بارەیەوە داهات حەوێزی بەڕێوەبەری ‏نەخۆشخانەی شەهید د. ‏هێمنی تایبەت بە ‏کۆرۆنا لە سلێمانی بۆ دەزگانى ڕاگەیاندنى ئاشکرا کردووە؛ "لە سلێمانی لە ١٠ مردووی کۆرۆنا هەشتیان بەهۆی ‏نەبوونی جێگا‌ و کارمەندی ‏پێویستەوە ‏دەمرن". واتە ئەگەر وەزارەتی تەندرووستی ستافی تەواو و پێداویستییەکانی و ژمارە و کوالێتى ژوورەکانى چاودێرى چڕى دابین بکردایە، ڕێژەى گیان لە دەستدان لەسەر ئاستى هەرێم لە%80 کەمتر دەبوویەوە. بەمانایەکى تر لەسەدا %80ى ئەوانەى تا ئێستا گیانیان لە دەستداوە، بەرپرسیارەتییان دەکەوێتە ئەستۆى حکوومەت و سیستەمى تەندرووستییەوە. 

 

ئاخر ئەگەر ئەوە ڕاى گشتى و خەمى گشتى درووست نەکات و نەبێتە چەقى سیاسەت ئەى چى دیکە گرنگە؟ دەکرێت ڕۆژانە دەیان هاووڵاتى گیان لە دەست بدەن و ئێمەش تەنیا بینەر بین. 

 

دەکرێت ئەوە ڕۆڵى دەسەڵات بێت لەوەى هیچ بەرپرسیارەتییەک لە ئاستى کۆمەڵایەتى و ئابوورى هەڵناگرێت، لە لاکەى تردا، کەرتى گشتى تەندرووستى و ئەوانیتر لە پێناو دۆزینەوەى بازاڕ بۆ کەرتى تایبەت فەرامۆش بکات، تەنانەت هەندێک ڕێوشوێنى خۆپارێزى لە پێشتر ئەنجام دەدرا کە ڕێژەى تووشبووان و مردن لە %80ى ئێستا کەمتر بوو، ئێستا ئەوەش ناکات، ئەگەر پیاسەیەکى شوێنە گشتییەکان و ناو بازاڕ بکەیت دەبینین هەزاران کەس لە کافتریا و شوێنە داخراوەکان بەبێ هیچ هۆکارێکى خۆپارێزى کۆبوونەتەوە، ئەوە چ مانایەک دەگەیەنێت قوتابخانە و زانکۆکان بەناوى خۆپارێزى لە کۆرۆنا دابخەیت، بەڵام کافتریا و مزگەوت و دەیان شوێنى دیکە بکەیتەوە کە هەزاران کەس تیادا کۆدەبنەوە! 

 

لەم ڕۆژانە هاوڕێیەکم بینى گوتى: لە ئاهەنگێکى هاوسەرگیرى دێمەوە، گوتم چۆن ئەى هۆڵەکانى ئاهەنگگێڕان بۆ خۆپارێزى دانەخراون؟ گوتى: هاوڕێ ئەوە چى دەڵێیت، ئەو ئاهەنگەى من بۆى چووم لە هەولێر تەنیا بە پێشکەشکردنى  چەند سەد دۆلارێک بۆ لایەنى بەرپرسیار، ڕێگایان پێداین بە ئارەزووى  خۆمان ئاهەنگبگێڕین و تێریش هەڵپەڕین؟!

 

چەند پرسیارێک لێرەدا بۆ بیرکردنەوە و بایەخدان و دروستبوونى ڕا و هاوخەمى گشتى دەخەمە ڕوو:

 

-بۆچى خزمەتگوزارى تەندرووستى بەم دۆخەى ئێستا گەیشت، ئەى بەرپرسیارەتى کۆمەڵایەتى و جڤاکى حکوومەت لە کوێدایە؟ کێ بەرپرسیارە لە گیان لە دەستدانى سەدان هاووڵاتى بەهۆى نەبوونى خزمەتگوزارى تەندرووستییەوە؟

 

-لە کاتێکدا ڕێژەى تووشبووان و گیان لە دەستدان لە بەرزبوونەوەدایە هۆکار چییە هەزاران هاووڵاتى جمەیان دێت لە گازینۆ و یانەکانى شەوانە و مزگەوت و شوێنە داخراوەکانى دیکە، بەبێ هیچ هۆکارێکى خۆپارێزى؟ 

 

-باشە نهێنى ئەوە لە کوێدایە خوێندنگا و زانکۆکان و شوێنە زانستییەکان بەهۆى کۆرۆنا داخراون، بەڵام گازینۆ و یانەکانى شەوانە و مزگەوت و شوێنە داخراوەکانى تر بەبێ هیچ هۆکارێکى خۆپارێزى کراوەن ؟ باسى شوێنى کار و کاسبى هاووڵاتییان ناکەم ئەگەر دابخرێت لەسەر حکوومەت واجبە قەرەبوویان بکاتەوە، ئەگەریش بکرێنەوە نابێت بەبێ دەمامک و ڕێنماییەکانى خۆپارێزى بکرێنەوە، وەک ئەوەى ئێستا دەیبینین. 

 

-هۆکار چییە سەردەمانێک ڕێژەى تووشبووان و گیان لە دەستدان لە %80ى ئێستا کەمتر بوو، بەڵام ڕێکارەکانى خۆپارێزى و گرینگیپێدان لەوپەڕى بەهێزیدا بوو، بەپێچەوانەوە ئێستا ڕێژەى تووشبووان و گیان لە دەستدان خەریکە بگاتە لوتکە، کەچى جگە لە هەندێک ڕێنمایى تایبەت بە تاکپارێزى هیچ ڕێکار و بەرپرسیارەتییەک لە لاى حکوومەت نابینین؟ 

 

-ڕۆڵى کەرتى تایبەت چییە لەم دۆخە، دەکرێت گیانى هاووڵاتییان تەسلیم بە بازرگانانى ئەو کەرتە بکرێت، ئەوانیش بە لۆژیکى (تا ژمارەى نەخۆش زیاتر بێت قازانجى زیاتر دەکەین) مامەڵە بە گیانى هاووڵاتییان بکەن، بەپێى بەدواداچوونە ڕۆژنامەوانییەکان نەخۆشى کۆرۆنا هەیە یەک دەرزى بە زیاتر لە سێ هەزار دۆلار لە کەرتى تایبەت کڕیوە، بەڵام دواتر پیان گوتووە ئەم دەرزییە هیچ سوودێکى نییە؟! 

 

-مۆدێلى سیستەمى تەندرووستى و نەبوونى بودجە و گرنگی پێنەدانى حکوومەت بە کەرتى تەندرووستى گشتى و ئیهمالکردنى، پرسى کۆرۆناى لە پرسێکى گشتى و مرۆییەوە نەکردۆتە دەرفەتێکى تر بۆ بازرگانى پێوەکردن لە کەرتى تایبەتى تەندرووستى؟ لە کاتێکدا هەموومان دەزانین کێن ئەوانەى لە پشت نەخۆشخانە تایبەتییەکان و بازرگانانى دەرمانەوەن؟


23/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر