تێگەیشتن لە قەیرانی سیستەم و بزووتنەوەی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی

هیوا عومەر

بەشی سێیەم 

 

دوای خستنەرووی بنەماكانی و هەڵكشانی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی كۆمەڵایەتی وەك وەڵامێك لە بەرامبەر شوناس و قەیرانی گشتگیری سیستەمی دەسەڵاتداریەتی، لەم بەشەدا لایەنی چۆنایەتی لە دوای هەڵكشانی لە ئاستی چەندایەتی دەخەینەروو . 

 

(خۆڕسكی یا هەڕەمەكی، نەبوونی هەماهەنگی، موسومی، غیابی داواكاری جەوهەری و مانەوە لە بزووتنەوەیەكی مەتلەبی، ئیستغلالكردنی لەلایەن هێزەكانی ئاینی و لیبرال و پۆپۆلیستەكان) ئەمانە و هیتریش دەتوانین وەك سیما و تایبەتمەندی، و بەربەست و تەحەدی ئەم بزووتنەوەیە دیاری بكەین لە ئاستی چۆنایەتیدا. 

 

دروستبونی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتی تازە لە دوای دوو هەزار و یەك لە وڵاتانی ئەمریكای لاتین لە شێوەی كۆربەندی كۆمەڵایەتی جیهانی دژ بە نیولیبرالیزم  و هەیمەنەی سەرمایەو ئابوری بازار، و دواتر سەرهەڵدانی بزووتنەوەیەكی تری كۆمەڵایەتی لەم چەند ساڵەی دوایدا لەسەر ئاستی  خۆرئاوا و خۆرهەڵات، سەرەڕای ئەوەی خۆپیشاندان بۆتە گەورەترین رەمزی بەشداری سیاسی راستەوخۆ و دەڕبرینی بیروڕای بە كۆمەڵی ئەم بزوتنەوە كۆمەڵایەتییە تازەیە، بەڵام  هاوكات خۆڕسكی و نەبوونی هەماهەنگی، لە زۆربەی خۆپیشاندان و نارەزایەتییە كۆمەڵایەتییەكان دەبینرێت.

 

لەكوردستان  دەتوانین لەم هۆكارانەی خوارەوە بەدوایدا بگەرین : 

 

- باڵا دەستی عقڵیەتی لیبرالی لە ماڵەكردن لەگەڵ بەزووتنەوە كۆمەڵایەتیەكان و لەناویان ئەوەش راستەوخۆ دەچێت خزمەتی چینی دەسەڵاتدار، كە خۆی لە غیابی خستنەرووی بەدیل دەبینێتەوە، بەدیل نەك لە ئاستی گۆرینی كەسی و حزبی بەڵكو لە ئاستی پرۆژەی سیاسی و ئابوری جیاواز بەم ناوەرۆكەی ئەمرۆ هەیە. لە خۆپیشاندانەكانی بەغدا و شارەكانی عێراق بینیمان لە جێگای گۆڕانكاری  لە ئاستی سیاسی و ئابوری، گۆڕان كوتكرایەوە بۆ گۆڕینی كابینەو رەتكردنەوەی ئەنجومەنی پارێزگاكان وهەڵبژاردنی پێش وەخت هتد ..  ئەنجامەكەی ئەوەبوو ئەم كابینەیە نەك نەیتوانی هیچ بگۆرێت بەڵكو ناتوانێت مووچەش بەبێ‌ قەرز دابین بكات ؟. 

 

لە كوردستانیش، لەگەرمەی هەڵكشانی چەندایەتی بزووتنەوەی نارەزایەتی كۆمەڵایەتی  هەندێك لایەن داواكاری شكلی و  گۆرینی كابینەی وزاری، دەكاتە داوای سەرەكی خۆپیشاندەران، بەبێ‌ خستنەرووی ئایدیایەكی سیاسی ئابوری جیاواز. بەرز كردنەوی ئەم جۆرە دروشمە بێ‌ ناوەرۆكانە، جارێكی تر دەبێتە هۆی خۆبەرهەمهێنانەوەو بەردەوامی قەیرانەكان كە سەرەنجام نائومێدی بۆ تێكۆشانی جەماوەری دروست دەكات، وەك لە ڕابردوو بینمان . 

 

- قەیرانی (حزبی جەماوەری ) و پەیوەندی حزب و خەڵك، دووركەوتنەوە لە حالەتی تەحزوب. یەكێكە لە هۆكارەكانی خۆبەدوور گرتنی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان لە خۆ رێكخستنی سیاسی یا هەماهەنگی كردن لەگەڵ هێزەكانی ئۆپۆزسیۆن. ئەم دیاردەیەش پەیوەندی بە ئیشكالیەتی ژیانی حزبی هەیە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ دیاردەكانی وەك مۆنۆپۆڵكردنی حزب لە لایەن كەمینەك، گۆڕان لە پێكهاتەی چینایەتیان، وەڕگەڕانی حزب لە وەسیلەوە بۆ  ئامانج، نەبوونی روئیاو ئیرادە بۆ خستنەرووی بەدیل هتد ...  . 

 

- ئیستغلالكردنی ناڕەزایەتی بزووتنەوە كۆمەڵایەتیەكان لەلایەن هێزەكانی ئاینی و لیبرال و پۆپۆلیستەكان خالێكی تری بەربەستییە، ئەمەش راستەوخۆ پەیوەندی بە شێوەی خۆرسكی و هەڕەمەكی خۆپیشاندانەكانەوە هەیە. كاتێك خۆپیشاندانەكان خۆرسك  و هەڕەمەكی بێت ،دەستوەردان و ئیستغلاڵكردنی لە لایەن هەر لایەن و هێزێكی رێكخراو ئاسان دەبێت، جگە لە كوردستان لە راپەرینەكانی ئۆكتۆبەری ساڵی ڕابردووی عێراق و راپەرینەكانی دەساڵ لەمەوبەری بەهاری عەرەبی  ئەزموونكرا.  

 

- سەرەرای رێزكردنی ئەم خاڵانە، رۆڵی خۆپیشاندان وچالاكی بزووتنەوە كۆمەڵایەتیەكان بەعقڵیەتی كردەیەكی یەكلایی كەرەوە هەڵناسەنگێنین. بەپێچەوانەوە،  بەهۆی بەردەوامی كەڵەكەبوونی، دەتوانین بەچەندین خاڵی تر كاریگەرییەكانی ریزبكەین كە لە داهاتوودا دەبێتەهۆی گۆڕانكاری نەوعی. بەمانایەكی تر،    مەبەستمان، نەبینینی رۆڵی بزووتنەوەی كۆمەڵایەتییەكان نییە لە فشارو كاریگەرییەكانی بەسەر سیستەمی سیاسی ئابوری و كلتوری، بە پێچەوانەوە ئەمرۆ رۆژ لە دوای رۆژ هەیمەنەی بزووتنەوە كۆمەڵایەتییەكان بەهێزترو بەزرتر دەبێت لە بەرامبەر هەیمەنەی دەسەڵات، ئەمەش ترسێكی راستەوخۆ لەلای دەسەڵات دروستكردووە. بەكارهێنانی توندوتیژی و گرتن و رێگەنەدان بە خۆپیشاندانەكان، ئاماژەی ئەوەیە دەسەڵات باش لەوە گەیشتووە، رایەڵەو پەیوەندییەكانی لەگەڵ زۆرینەی خەڵك پچراوە، بۆیە هەر كارێكی بەكۆمەڵ و جولانەوەیەكی ئەم بزووتنەوەیە بە هەرەشەی گەورە دەزانێت .


23/12/2020



وتارەکانی تری نوسەر