دۆخی ژیانی كرێكاران(كارمەندان و فەرمانبەران) ئەركی هەنوكەیمان ؟

هیوا عومەر

 یەكێك لە سیماكانی سەرمایەداری تازە بریتییە لە بڵاوبونەوەی بێكاری بەربڵاوو نەبوونی كاری شایستە، كە وەك دیاردەیەكی جیهانی و لۆكاڵی خۆی فەرزدەكات بەسەر چینی كارگەرانی زەحمەتكێش. ئەوانەی كاریشیان دەست دەكەوێت یا لە كاریشدان زۆرینەیان لە دۆخی (خراپی و نەبوونی سەقامگیری لە كارو ژینگەی كاردا دەژین).
 وەك نەبوونی كاری هەمیشەیی، غیابی گرێبەستی كار،كاری زیادەی بێ‌ پاداشت، نەبوونی پێداویستییەكانی سەڵامەتی لە شوێنی كار، دەستدرێژی و هەراسانكردنی سێكسی و ڕوشاندنی كەسایەتی و شكۆی كرێكار(كارمەند،فەرمانبەر)، دابەزینی هەقدەستی كار(كاری هەرزان). ئەم ڕەوشە بەدوای خۆی كۆمەڵێك دیاردەی تازەشی لە ژیانی سیاسی و ریزبەندی كۆمەڵایەتی چینایەتی و كلتوریدا هێناوە، كە لەم وتارەدا جێگای باسكردنی نابێتەوە .

 
لە ئاستی ناوەخۆی هەرێمی كوردستان هەموو ئەو دیاردانەی سەرەوە بەشێوەی زیاترو خەستر ڕووبەڕووی هێزی كاری كوردستانی كرێكاران، ( فەرمانبەران، كارمەندان) دەبێتەوە. سیستەمی حكومرانی هەرێم و عقڵیەت و شوناسی هێزە حوكمڕانەكان ئاماژەی خراپتر پیشاندەدەن بەرامبەر ژیانی زۆرینەی خەڵكی كوردستان . ئەم بارودۆخە ئەركی هەنوكەیی و درێژمەودا بەسەرماندا دەسەپێنێت، وەك ئەركێكی كۆمەڵگایی و گشتی لە هەلومەرجێكی تایبەتیدا .  

 
لە بارەی ئەركە هەنوكەیی: 

 
جگە لە لابردنی ئەو باج و رسوماتانەی لە چوارچێوەی سیاساتی نیولیبرالیزم فەرزكراوە، دابینكردنی بیمەی بێكاری بۆ بێكاران و دیاریكردنی لایەنی كەمی كرێ‌ كە كەمتر نەبێت لە یەك ملیۆن دینارو دەست هەڵگرتنی حكومەت لە لێبڕین و دواخستنی مووچەی فەرمانبەران و كاراكردنی یاساكانی كارو بیمەكۆمەڵایەتییەكان ئەركی لە پێشینەی حكومەت و پەرلەمانی كوردستانە. 

 
پرسیارێك رووبەروومان دەبێتەوە ئەویش ئەوەیە،  ئیمكانی جێ‌ بەجێ‌ كردنی ئەم ئەركانە هەیە، یان ئەم دەسەڵاتە لە ئێستادا ئامادەیە ئەم داواكارییە سەرەتاییانەی ژیانی هاوڵاتیان جێ‌ بەجێ‌ بكات؟.

 
 ئەگەر دەستكارییەكی بچوكی ئەو جیاوازییە چینایەتییەو نادادپەروەییە بكرێت، تەنانەت بڕێكی كەم لە سامانی حزب و سیاسیە بازارگانەكان و ئەو كەسانە بگێردرێتەوە بۆ هاوڵاتیان  كە بەهۆی گەندەڵی و ئەم سیستەمە حوكمرانییە دەوڵەمەند بوینە و بونەتە ملیاردێر، بێگومان زۆریش لەوە زیاتر دەتوانرێت ژیانی هاوڵاتیان لەم دۆخە سەختە رزگار بكرێت و لایەنی كەمی ژیانێكی باشتر لەمرۆدا بۆ بێكاران و دۆخی كرێكاران(كارمەندان و فەرمانبەران) و خانەنشینان دابین بكرێت .

 
 بە پێی دواین توێژینەوە لە ساڵی ڕابردوو، هەرێمی كوردستان خاوەنی 9 ملیاردێر و 15 هەزار ملیۆنێرە. سەرمایەكەشیان دەیان ملیار دۆلارە. بەپێی داتاكان ژمارەی‌ دەوڵەمەندانی‌ كوردستان لە  دەوڵەمەندانی چەند وڵاتێكی ئەوروپی زیاترە، جگە لەوەش ئەمرۆ دەبینین حزبە دەسەڵاتدارەكان بونەتە خاوەن سەرماییەكی خەیاڵی و سەدان كەناڵی ڕاگەیاندنی و كۆمپانیا كە سەرچاوەی ئەم سەرمایانە دەزانین لە كێوەیە و چۆن گەیشتونەتە ئەو پلەیە لە كەپیتاڵستی مشەخۆری ئۆلیگاریشی . 

 
ئەگەر وردبینەوە لە وەڵامی بڕگەی دووەمی پرسیارەكە، بە رەچاوكردنی نەبوونی فشاری جدی و غیابی هێزی سیاسی جێگرەوە، وەڵامەكە بە شێوەی نەخێر دەبێت، نەخێرێك نەك بەهۆی نەبوونی پارە و سامانی پێویستە لای دەسەڵات بەڵكو بەهۆی نەبوونی هێزی پێویستە لە ئەنجامی پەرتەوازیی و نارێكخراوەیی، نەخێرێك ریشەكەی لە نائومێدییەوە نییە بۆ هێنانەدی گۆڕانكاری، بەڵكو ریشەكەی لە خوێندنەوەی واقعی هێزە نا ڕازییەكانە لە دۆخی مانەوەی پەراوێزی.

 
 كاتێك باسی خۆرێكخستن دەكەین لەلایەن كرێكاران(كارمەندان و فەرمانبەران)لە چوارچێوەی كاری سەندیكایی و بەهێزكردنی روحیەتی تەحزوب  لە دەرەوەی هێزە چەپ و پێشكەوتنخوازەكان نایدۆزینەوە، هاوكات لەناو ئەم جۆرە لە كاری سیاسی و عقلیەتی سیاسی خو پێوەگرتووی پارتە چەپ و كۆمۆنیست و پێشكەوتوخوازەكانیش پرسیارێكی تر سەرهەڵدەدات، ئەویش ئەوەیە، تاچەند ئەم جۆرە لە سیاسیەتكردن، بوار و ئیمكان هەیە بازنەی تێكۆشانی بەیەكەوەیی و لەگەڵ هێزە پەراوێزخراوەكان دروست و فرە بكات ؟. لێرەدا مەبەست ئەوەنییە یەك وەڵامێكی ئامادەكراوی كۆنكرێتیمان دەستكەوێت لەهەمان كاتیشدا مانای وەڵامی بە بەڵێش نییە . 



08/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر