گیراوەكان یان دادگاو هێزە ئەمنییەكان ... ئازاد بكەین ؟

هیوا عومەر

رۆژ لە دوای رۆژ ڕووداوەكان گەڕانەوەی هەرێمی كوردستان پێشان دەدەن بۆ چوارگۆشەی یەكەم، ئەم گەرانەوەیە بەجۆرێكە لەگەڵ خۆیدا رۆژانە مافە سیاسی و ئابورییەكان زیاتر دەقلیشێنێتەوە، ئەوەی پێش 30ساڵ  لە ئەنجامی ڕاپەرین و تێكۆشانی گەلی كوردستان بەدەستهاتبوو ئەمرۆ لەبەردەم مەترسی گەورەدایە. مەترسیەك پێش ئەوەی لەسەر چوارچێوەی قەوارەكەبێت، وەك هەندێك باسی دەكەن  لەسەر شكۆی  دانیشتوانەكەیەتی . 

 
رووداوی یەكەم، حكومدانی  بادینان 

 
شێوەی دەستگیركردن و زیندانیكردن و ئەشكەنجەدانی جەستەیی و دەرونی و تەواوی رێكارەكانی دادگایكردن و سزاكەی وەك چاودێران باسی دەكەن، ئەوە دووپات دەكاتەوە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان  باجی هەڵوێستی سیاسی دەدەن و ئەوەی روویداوە بەرامبەر ئەوان و زۆری تریش حوكمێكی سیاسیە لە بەرگێكی یاسایدا . 
كاردانەوەی رەتكردنەوەی سزاكە لە ئاستی ناوەخۆیی و دەرەوە خالێكی گرنگە لە چەندین لاینەوە دەتوانین قسەی لەبارەیەوە بكەین، هەڵوێستی سەرۆكی حكومەت دەچێتە چوارچێوەی كاردانەكان بەڵام بە ناوەرۆكێكی جیاوازتر، مسرور بارزانی دەڵێت: داوا لە هەموو لایەك دەكەم رێز لە سیستەمی دادوەری هەرێم بگرن. لەكاتێكا ئەو پێش دادگا حوكمی خۆی دابوو؟ .

 
 لەم رێگای ئەم ڕستەوەیەوە، دەیەوێت دووشت بپێكێت:

 
یەكەم، بێ‌ بەریكردنی خۆی و حزبەكەی لە دەستوەردان لە دادگاكان پاكبكاتەوە و بیخاتە سەر خەڵكی تر. 
دووەم، بۆ گۆرین یان بەتاڵكردنەوە و كپ كردنی ڕای گشتیە دژ بە بەكارهێنانی دادگاكان بۆ سەركوتی سیاسی، كە ئەمرۆ خەریكە زۆرینە لەوە تێدەگات. 
ئەم ڕستەیەو زۆر ڕستەو پەراگرافی تریش لە لایەن هەندێك لایەن و كۆمەڵێك  پارێزەرو سەندیكا، پێشتر و دواتر بەیەك ناوەرۆك و بە فۆرمی جیاواز دووبارە بویەوە كە مەبەستی هەموویان رێگری و مەترسیە لە فراوانبوونی نارەزایەتییەكان و تەشەنەكردنیەتی، ئەوان لە هەر ئەگەرێكی شلەقانی زیاتر دەترسێن، لە پشت "رستەی دەست وەرنەدان لە دادگاكان" هێشتنەوەی دەستوەردانیانە لە دادگاو هەمووكایەكانی تریش . 

 
رووداوی دووەم، دروستبوونی ڕای گشتی
دروستبوونی ئەم جۆرە لە ڕای گشتی و ناڕەزایەتی سەرتاسەری وبەرەیەك  دژ بە رووداوی سزادانی رۆژنامەنووسان و چالاكوانان، زیندوویەتی كۆمەڵگاكەمان پیشاندەدات، لەكاتێكا ماوەیەكی زۆر نابێت هەزاران گەنج لەسەرتاسەری هەرێمی كوردستان نارەزایەتییەكانیان لە سۆشیالمیدیاوە گواستەوە سەرشەقام و دواتر بە زبری هێز كپ كرایەوە و چەندین خۆپیشاندەریش شەهیدكرا.  
رووداوی دەستگیركردن و حكومدانی رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی بادینان یەكم  رووداو دوا رووداویش نابێت، ماوەی سی ساڵە لە سایەی ئەم مۆدێلە لە حكومرانی، دەیان رۆژنامەنووس و خۆپیشاندەر و چالاكوان و هاوڵاتی بەهۆی بیرورای سیاسی شەهید و تیرۆركراون تا بە ئێستا تۆمەتبارانیش لە دەرەوەی یاسادان.
 ئەوەی ئەمرۆ روودەدات دابڕاونیە لە دوێنی، جیاوازی ئەمرۆ لەوەدایە، بە شێوەیەكی ئاشكرا لە ئاستی چوارچێوەی یاسایی و رێنماییەكان و لە ئەرزی واقیعیش رێگری لە ماف و ئازادییە سەرەتاییەكان دەكرێت و هەوڵی بەیاسایكردنیشی دەدەن . 

 
رووداوی دواتر ...  ؟ .
زیندووتر و واقیعبینانەتر لەوەی ئێستا،  رێكخستن و ئاراستەكردنی ئەم بەرەییە بۆ بەدیهێنانی گۆرانكاری سیاسی و ئابوری و ئازاد كردنی دادگاكان و هێزە ئەمنی و سەربازییەكان و كۆمەڵگایە لەدەست هەیمەنەی حزبە دەسەڵاتدارەكان. ئەوەی هەیە دەبێت بپەرێتەوە لە دیاردەی گلەیی و رەخنە لە دەسەڵات، چیتر نابێت خەون لەسەر دەسەڵاتێك هەڵبچنیت كە زیاتر لە چارەگە سەدەیەكە تاقی كراوەتەوە، كاتی ئەوە هاتووە بەزووتنەوەی نارەزایەتی كۆمەڵایەتی و هێزە سیاسیەكانی دەرەوەی دەسەڵات و چین و توێژەكان  بیر لە خۆرێكخستن و دروستكردنی بەرەی سێیەم  بكەنەوە، ئەم بەرەیە ئەگەر هێزە چەپەكانی هەوڵی بۆ نەدەن و تەنیا خۆمان لە پشت بەیاننامە لاوازەكان بشارینەوە، بێگومان واقیعەكە ناگۆرێت و هێزی تر دروست دەكات، دروستبوونی هەرهێزێكی تر ئەگەر هەڵگری دوونیابینیەكی جیاوازی سیاسی ئابوری كلتوری نەبێت جارێكی تر گوتاری پۆپۆلیستی زاڵ دەكات و بەرهەمەكەی نائومێدی و خۆبەرهەمهێنانەوە دەبێت .


24/02/2021



وتارەکانی تری نوسەر