بۆ دەبێ کوردستان لە عیراق بترسێ؟

پەرێز سابیر

دۆخی ئێستای عیراق بە هەر جۆرێک بێت مەترسی گەورەی لەسەر کوردستان هەیە، بەوەی بەشێک بەشێک لە داواکاری خۆپیشاندەران راستەوخۆی مەترسییان بۆ سەر ئەزموونی کوردستان هەیە و ئەوەیش سەرەتایەکی خراپە.

 

عیراقی ئێستا کە بۆ ماوەی نزیکەی 16 ساڵی دوا نەمانی رژێمی سەدام حسێنە هێشتا سەقامگیر نەبووە، بەڵکو بووەتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی کێشەکانی هەرێمایەتی و نێودەوڵەتی لەنێوان ئێران و ئەمەریکا.


دۆخی خراپی ئابووری و خزمەتگوزاری دوای 16 ساڵی عیراق هۆکاری سەرەکی خۆپیشاندانەکانە، هەڵبەت کوردستانیش بێبەش نییە لەو رەوشە و هەمان دۆخ بە کەمێ جیاوازییەوە بۆ کوردستانیش راستە، بەڵام سەرنجی راست ئەوەیە کەوا کوردستان نیشتیمانێکی جیاوازە و ناکرێ کێشەکانی عیراقی پێوە بلکێندرێ.


خۆپیشاندەرانی عیراق داواکاری خزمەتگوزارییان تێکەڵ بە پرسە نەتەوەییەکان کردووە، ئەمە هەر لە خۆڕا نییەـ بەڵکو ستراتیژێکی رەگەزی و نەتەوەیی خراپە و دەرئەنجامەکانی باش نابن.


کوردستان وەکو قەوارەیەکی سیاسی دانپێدانراو جێگای مشتومڕ نییە، بەڵکو لە دۆخێکی وادا زیندووکردنەوەی دەرئەنجامەکانی ریفراندۆم باشترین وەڵامە بۆ ئەوانەی دەیانەوێ هەرێمی کوردستان بوونی نەمێنێ.


ئارگۆمێنتی واقیعی لێرە ئەوەیە بۆچی خۆپیشاندەرانی عیراق خۆیان بیرچووە و داوا دەکەن کوردستان نەمێنێ لەکاتێکدا خەڵکی کوردستان هاوسۆزن بۆ داواکارییەکانیان؟ بۆچی عیراقی عەرەبی دژی بوونی کوردە لەکاتێکدا کورد داوای پێکەوەژیان و برایەتی دەکات؟


روونە کە بوون و مانەوەی کوردستان پەیوەندی بە داواکاری خۆپیشاندەرانی عیراقەوە نییە، بەڵکو کوردستان دیفاکتۆیەکی مێژووییە و خاوەن رەوایەتی نەتەوەییە، لە وەها دۆخێکدا ئەو داواکارییانە جگە لە زیانگەیاندن بە پەیوەندیی مێژوویی کورد و عەرەب هیچی دیکەی لێ سەوز نابێ.


هاوکێشەیەک لێرە هەیە، مانەوەی کوردستان لەسەر دروشمی خۆپیشاندەرانی عیراق نەوەستاوە، بەڵکو مێژوو و حەقیقەت پشتیوانی دەکات، لەبری نەمانی کوردستان دەبوو عیراقییەکان بیریان لای دۆزی رەوای فەلەستین بووایە کە 22 دەوڵەتی عەرەبی توانای چارەسەرکردنین نییە.


مانەوەی کوردستان، بۆ کورد هێڵی سوورە، چونکە بوونی کورد مێژووییە و مانەوەشی بە سەربەخۆیی لای عیراقییەکان پێویستە ببێتە شانازیی، دەنا خەڵکی کوردستان دەنگی بۆ جیابوونەوە لە عیراق دا و ئەو کارتەش هێشتا بەردەستە و پێویستە عیراقییەکان لە بەهاکاکەی کەم نەکەنەوە.


11/12/2019



وتارەکانی تری نوسەر