چەند ڕاستییەک و خۆپارێزییەک لە بارەی کۆرۆناوە بە زمانێکی سادە!

ئاوات عەلی


• قۆناغە قورسەکانی دۆزینەوەی چارەسەری ڤایرۆسی کۆرۆنا تێپەڕێندراوەو لە چەندین وڵات وەک ئەمریکا و ئوسترالیا و چین ئێستا لە زۆرێک لە تاقیگە و کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی دەرمان، ئەنتی ڤایرۆسەکە لەسەر ئاژەڵ تاقیدەکەنەوەو پێشبڕکێ لەگەڵ کات دەکەن، دوای پەسەندکردنی بەچەند قۆناغێک دەگات بە توشبووان و ئەوانەی مەترسی توشبونیان لەسەرە. ئەمەش دەگاتە مانگی شەشی ئەمساڵ.


• ڤایرۆسی کۆرۆنا لەو ڤایرۆسانە نییە کە بۆ هەمیشە یان ماوەیەکی زۆر لە لەشی توشبووەکەدا بمێنێتەوە، ئامارەکانیش ئەوە دەردەخەن کە ٣٣%ی توشبووان لە چین نەخۆشخانەیان جێهێشتووەو چاکبونەتەوە هەروەها سەرجەم توشبوانی فەرەنسا و ڤێتنامیش چاکبونەتەوە. هەرچەندە ئەنتی ڤایرۆسی کۆرۆنا یان وەرنەگرتووە. واتە بەرگری لەش دەتوانێت ڤایرۆسەکە لەناو ببات.


• کۆتایی چلەی زستان و بەرزبونەوەی پلەی گەرما هۆکارێک دەبێت بۆ دامرکاندنەوەی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسەکە، وەک زۆرێک لە ڤایرۆسەکانی ئەنفلۆنزا ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێش لە سەرمادا زیاتر دەمێنێتەوەو گەشە دەکات. بە گەیشتن بە مانگی ٤ و بەرزبونەوەی پلەکانی گەرما بۆ سەروو ٢٥ پلە لە نیوە گۆی باکوری زەوی،پێشبینی دەکرێت ڤایرۆسەکە بەرەونەمان و کزبوون بچێت.


• ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ توانای مانەوەی لە دەرەوەی لەشی مرۆڤ تا ٢٤ کاتژمێرە، واتە گەر کەسێکی توشبوش کەرەستەیەک یان شوێنی دانیشتنێک ڤایرۆساوی بکات لە دوای ٢٤ کاتژمێر ڤایرۆسەکە دەمرێت و نامێنێت لەو شوێنەدا. بۆیە کەرەستە و کەلوپەلی هاوردەکراو لەوڵاتانی ڤایرۆسەکەوە مەترسی لەسەر نییە گەر ٢٤ کاتژمێر زیاتر پێ بچێت.


• ڤایرۆسەکە ناتوانێت بە هەوادا بڵاوببێتەوەو لەڕێگەی هەناسەدانەوە کەسانی نوێ توش بکات. تەنها لەڕێگەی کۆکە و پژمە و بەرکەوتنی کەسی توشبووەوە ئەگەر گواستنەوەی ڤایرۆسەکە زۆرە.


• گریمان دەستت ڤایرۆساوی بوو ئەوا بە ئاسانی بەو پاکەرەوانەی مادەی کحولیان تیادایە ڤایرۆسەکە لەناو دەچێت. بۆیە هەر کاتێک لەکار دەگەڕێتەوە ماڵەوە ئەوا پێش چوونە ژورەوە دەستت و مۆبایلەکەت بەو مادانە (جیڵی پاکردنەوەی دەست) پاکبکەرەوە. هەروەها دەست بردن بۆ لوت و چاو و دەمت کەمبکەرەوە یان مەیهێڵە.


• مەرج نییە کە نیشانەکانی ئەنفلۆنزات تیادا دەرکەوت ئەوا ڤایرۆسی کۆرۆنا بێت، چونکە نیشانەکان هەمان نیشانەن، لە ئەمریکا ئەم پاییز و زستانە ٢٠ ملیۆن کەس توشی ئەنفلۆنزای وەرزی بوون و ١٠ هەزاریان گیانیانلەدەستدا، بەڵام تەنها ٥٣ کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووەو کەسیشیان گیانیانلەدەستنەداوە.


• مەچۆرە شوێنە قەرەباڵەغەکان و ماچ و تەوقە بوەستێنە، ئەو کەرەستانە بەکارمەهێنەرەوە کە پێشتر کەسێکی تر بەکاری هێناوەو نەشۆراوە وەک نێرگەلەکێشان چونکە هۆکارێکە بۆ بڵاوبونەوەی نەخۆشییەکە.


• ڕێژەی گیانلەدەستدانی توشبوانی ڤایرۆسەکە نزیک لە ٢%، ئەمەش زۆر کەمترە بە بەراوردی ڤایرۆسەکانی تری کۆرۆنا یان ئەو ڤایرۆسە مەترسیدارانەی پێشتر لە جیهاندا بڵاوبونەتەوە.


• ئەگەر لە کەرتی تەندروستی یان لە هەر شوێنێک کاردەکەیت و نەخۆش ڕووی تێدەکات، ئەوا ئەو جلوبەرگانەی بۆ کارەکەت لە بەرتدایە تێکەڵاوی جلوبەرگی ئەندامانی تری خێزانەکەتی مەکە و باشترە هەموو ڕۆژێک بشۆرێت کە گەڕایتەوە ماڵەوە.


• لەم کاتەدا واز لە رێجیم کردن بهێنن، چونکە ڕێجیم و خۆ برسیکردن بەرگری لەش لاواز دەکات. بۆیە باشترە لەشت پڕ ڤیتامین و ئاو بێت کە هاوکاریت دەکات لە لەناوبردنی ڤایرۆسەکە گەر خوانەکردە توش بویت.


بەهیوام هەمیشە تەندروست و لەش ساغبن و لە کۆرۆنا بەدوربن

26/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر