خۆپارێزیی و ئەگەری توشبوون بە ژمارە!

ئاوات عەلی


بەپێی ئەو داتایانەی تا ئێستا بڵاوکراونەتەوە لە بۆ هەر یەک ملیۆن هاوڵاتی عێراقی کەمتر لەدووکەس توشبووە! بەو پێیەی عێراق دراوسێی ئێرانەو ڤایرۆسەکەش زۆر تیایدا بڵاوبوەتەوە، هەروەها سەرجەم ٦٠ توشبووەکەی عێراق و هەرێمی کوردستانیش زۆرینەیان لە ئێران گەڕاونەتەوە یان بەرکەوتنیان لەگەڵ ئەوانە هەیە کە لە ئێران گەڕاونەتەوە، بۆیە دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان تا ئێستا لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و مەترسییەکان زۆرنین، بەڵام پێویستی بەخۆپارێزی جدی هەیە! بەڕاگرتنی دەوامی فەرمانبەرانیش مەترسییەکان کەمتردەبنەوە!


گەر بە ژمارە باس لە ئەگەرەکانی توشبوون و خۆپارێزیی بکەین، ئەوە بەرزکردنەوەی ڕێژەی ئەگەر توشبونمان پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی خۆمانەوە هەیە! بۆ نمونە گەر لە ڕۆژێکدا خێزانێک کەسیان لەماڵ نەچنە دەرەوە یان سەردانی خزم و کەسوکاریان نەکەن، یان ئەو کەسەی چووە دەرەوە بۆ کاری پێویست ڕێنماییەکان جێبەجێبکات و پێش گەڕانەوە ناو خێزانەکە دەست و مۆبایلەکەی پاک بکاتەوە ئەوە ئەگەر توشبونی ئەو خێزانە لە سفر نزیکە و توشنابن! ئەم ڤایرۆسە نایەتە ماڵەوە بۆت ئەگەر تۆ لەدەرەوە نەیهێنیتەوە!


بەڵام ئەگەر چەند ئەندامێکی خێزانەکە چونە دەرەوەو گوێیان بەڕێنماییەکان نەداو سەردانی شوێنی قەرەباڵەغ و ناپێویستیان کرد، ئەوا ئەگەری توشبونی ئەو خێزانە زۆر دەبێت! چونکە گریمان دوو کەسی خێزانەکە دەچنە دەرەوە! ئەو دوو کەسە ٢٠ کەس دەبینن و هەڵوسوکەوتیان لەگەڵ دەکەن و تەوقە دەکەن یان بەریەکدەکەون! ئەو ٢٠ کەسەش هەر یەکە و ١٠ کەسی تری بینیوە لانی کەم لەو ٢٤ کاتژمێرەدا! ئەوانەی تریش بەهەمان شێوە، بەم پێیەش ئەگەرەکانی توشبونت زیاددەکات و هەرەمەکەت گەورە دەبێت! واتە لەوانەیە لەڕۆژێکدا بەر ١٠٠٠ کەس بکەویت بە ناڕاستەوخۆ و لینکی بەتۆوە هەیە!


تۆ لە دڵنیایت کە پەیوەندی ڕاستەوخۆت لەگەڵ ئەو کەسانەدا نییە کە لە ئێران گەڕاونەتەوە، بەڵام دڵنیانیت لەو سەدان و هەزاران کەسەی لە هەرەمەکەی تۆدا هەن کە پەیوەندی ڕاستەوخۆیان لەگەڵ سەردانکەرانی ئێران هەبووە یان نا! بۆیە بۆ دڵنیایی خۆت و خێزانەکەت و مانەوەی ئەگەر توشبونت بە سفر، ڕێنماییەکان جێبەجێبکە و بۆ کاری پێویست نەبێت مەچۆرە دەرەوە! تاکە چەکی سەرەکی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسەکە و لەناوبردنی خۆپارێزیی و مانەوەیە لەماڵەوە! ئەگەر کاریشت هەیە تەوقە و بەرکەوتن لەگەڵ کەسانی تر قەدەغە بکە و ڕێنماییەکان جێبەجێبکە و دەستەکانت پاک ڕابگرە!

09/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر