ئەو پرسیارەی جێگەی سەرنجە لای هەمووان! بۆ نیشانەکانی کۆرۆنا بەتوشبووانی هەرێمەوە دیارنییە؟

ئاوات عەلی

وەڵامی ئەم پرسیارە بووەتە نهێنی و جێگەی سەرنج نەک تەنها لای هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، بەڵکو لای پزیشکان و بەرپرسانی کەرتی تەندروستیش، بۆ گەڕان بە دوای وەڵامەکەشیدا دەبێت چەند ئەگەرێک لێکبدەینەوە.


توشبووەکانی هەرێمی کوردستان بەڕێژەی ٩٩% دۆزراونەتەوە نەک بەهۆی نیشانەکانی کۆرۆنای نوێوە سەردانی نەخۆشخانەیان کردبێت و دۆخیان تیکچوبێت، واتە توشبووەکان گومانلێکراوبون بەهۆی بەرکەوتەی توشبووی پێشترەوە دۆزراونەتەوە، بەرکەوتەکانی پێشتریش هەر لەڕێگەی گومان یان بەهۆی سەردانی دەرەوەی وڵاتەوە پشکنینیان بۆ کراوە یان نیشانەیەکی سوکیان هەبووە.


بەپێی نوێترین لێکۆڵینەوەکان لە هەر ١٠ کەس لەهەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنا نوێ، ٩ کەسیان هەست بە هیچ نیشانەیەک ناکەن و چاکیشدەبنەوە بێ ئەوەی پێی بزانن. واتە ئاسایییە گەر توشبوییەکی کۆرۆنا ببینیت هیچ نیشانەیەکی نەبێت. بۆیە پێشبینی زاناکان ئەوەیە کە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا هەڵگری ڤایرۆسەکە بن و تەنها ئەو یەک ملیۆن و نیوە دۆزراوەتەوە کە پشکنینیان بۆ کراوەو هەستیان بە نیشانەکان کردووە.


یەکێک لەو بابەتانەی جێگەی سەرنجە لە هەرێمی کوردستان ئەوەیە، گەر سەرجەم توشبووەکان لەڕێگەی گومانەوە دۆزرابنەوە و لەوانەبن کە هەست بەنیشانەکان ناکەن، ئەوا دەبوو لانی کەم ١٥ کەس لەژێر چاودێری ورددا بونایە و ١٥ کەسسش نیشانەکانیان بە قورسی بگرتایە، بەڵام هیچ یەکێک لەو ئامارانە وا نییە و تەنها یەک کەس لە سلێمانی پێویستی بە چاودێری ورد هەبوو ئەویش دوای بەکارهێنانی پلازمای کەسێکی چاکبوەوە بۆی تەندروستی جێگیر بوو و نەخۆشخانەی بەجێهێشت و گەڕایەوە ماڵەوە.


ئەوانەی لەهەرێمی کوردستان گیانیانلەدەستداوەو هەڵگری ڤایرۆسەکەبوون، ٣ کەس بوون کە هەرسێکیان دوای گیانلەدەستدان پشکنینی ڤایرۆسەکەیان بۆ کراوەو پێشتر بەگومانی کۆرۆنا داخڵی نەخۆشخانە نەکراون، دوو توشبویان شێرپەنجە و یەکێکیان شەکرەی هەبووە. لەکاتێکدا لە وڵاتانی تر ئەوانەی گیانلەدەستدەدەن پێش ئەوە دەخرێنە ژێر چاودێری وردەوەو ڕۆژ بەڕۆژ دۆخیان تێکدەچێت.


ئەو دۆخەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە هیچ وڵاتێکی تر بونی نییە، بۆیە پێویستی بە لێکۆڵینەوەیەکی ورد هەیە نەک تەنها لەڕووی زانستی پزیشکی و بایلۆجییەوە، بەڵکو لەڕێگەی شیکردنەوەی ئامار و داتاکانیشەوە بۆ ئەوەی هۆکاری راستەقینە بدۆزرێتەوە.


لەسەرجەم وڵاتانی جیهان کە ڤایرۆسەکەیان دەگاتێ، لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەی قوربانییەکان زوو بەرز دەبنەوە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دوای توشبونی یەکەم کەس بەهۆی ڤایرۆسەکەوە بەر لە ٤٥ ڕۆژە لەمەوبەر دۆخەکە هێشتا لە ژێر کۆنتڕۆڵدایە و ئەگەر سەرکەوتنی تەواوەتی هەیە بەسەر ڤایرۆسەکەدا.


یەکێک لە ئەگەرەکانی باسدەکرێت پێکوتەی سیلە کە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان سەرجەمیان وەریانگرتووە، ئەو پێکوتەیەش ئێستا لە چەند وڵاتێک تاقیدەکرێتەوە بۆ بەرگرتن لە ڤایرۆسەکە، بەڵام تا ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی زانستی ئەوەی نەسەلماندووە.


بەرزبونەوەی ژمارەی توشبووان لەهەولێر جارێکی تر قەلەقی بۆ هاوڵاتیانی هەرێم گەڕاندووەتەوە، بەڵام بڵابونەوەی ئەو ڤیدیۆییەی تەندروستی توشببوان دەردەخات ئەوە دەسەلمێنێت کە ئەوانیش لەو کەسانەن کە هەڵگری ڤایرۆسەکەن و هەست بە نیشانەکانی ناکەن و لەڕێگەی گومانەوە دۆزراونەتەوە.


یەکێک لە مەترسییەکانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە هەر ناوچەیەک ئەوەیە کە ژمارەی گیانلەدەستدان زۆربێت، کە ئەمە زۆربوو واتە ژمارەی توشبووان سەد بەرامبەر ئەوەیە کە دۆزراوەتەوە، کە بەخۆشحاڵییەوە ئەم ژمارەیە لە هەرێمی کوردستان جێگەی مەترسی و دڵەڕاوکێ نییە و هیچ کەسێک تەنها بەهۆی کۆرۆنا تەندروستی تێکنەچووەو گیانیلەدەستدابێت.


یەکێک لە مەترسییە گەورەکانی هەرێمی کوردستان ئەو چوار هەفتەیەی دوای گەڕانەوەی ١٠ هەزار گەشتیاربوو لە وڵاتی ئێرانەوە، دوای ئەوەی ئەو چوار هەفتەیە تێپەڕی دەتوانین بڵێین مەترسی گەورە لەسەر هەرێمی کوردستان نەما، ئەوەبوو بەسەلامەتی ئەو چوار هەفتەیەش تێپەڕی.


ڕێژەی چاکبونەوەش لە هەرێمی کوردستان زۆر بەرزەو لەماوەیەکی پێوانەییدا توشبووان چاکبدەنەوەو هەندێک جار ڕێژەی ئاماری چاکبونەوە کێبڕکێ لەگەڵ وڵاتی چین دەکات، بە ئێستاشدا لە نزیکەی ٣٠٠ توشبوو زیاتر لە ٤٠% یان چاکبونەتەوە، هەروەها لەنێو چاکبوەوەکانیشدا کەسانی بە تەمەن هەن.


ئەم دۆخەی هەرێمی کوردستان لەهیچ وڵات و ناوچەیەکی تر بونی نییە کە وڵاتانی چواردەوری بەهۆی کۆرۆناووە گیرۆدەبوبن و خۆشی سەلامەت بێت! بۆیە دەبێت چاوەڕێی کۆتایی مانگی نیسان بکەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی هەرێم بەتەواوەتی بەسەر ڤایرۆسەکەدا سەرکەتووە یان نا! ئینجا بەدوای هۆکارەکەیدا بگەڕێن کە ئایا بەهێزی بەرگری لەشی هاوڵاتیانە یان وەرگرتنی پێکوتەیەکی پێشترە یان خەڵاتێکی سروشتییە!


بەهیوای سەلامەتی بۆ هەمووان!
جەنگەکە دەبەینەوە!


ئاوات عەلی

10/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر