حەقیقەتێک ترسناکتر لە کۆرۆنا و سارس!

ئاوات عەلی
مەترسییەکی گەورەتر لەبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لەهەرێمی کوردستان، بونی کەسانی نەزان و نەشارەزان لە پۆستە باڵاکانی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستاندا، بەتایبەتی ئەو دامەزراوانەی ڕاستەوخۆ پەیوەندییان بەژیان و سەلامەتی و تەندروستی هاوڵاتییانەوە هەیە.

هەرچەندە باسکردن لەنەزانیی و نەشارەزایی بەرپرسانی وڵاتان کۆتایی نایەت، بەڵام باسکردن لە بڵابونەوەی ڤایرۆسی سارس بەو شێوەیەی ئێستا دەگوزەرێت، وێرانی و داڕمانی تەواوی دامەزراوە خزمەتگوزارییەکان پیشان دەدات، کە سەرەڕای ئەو نەهامەتییانەی ڕووی لە هەرێم کردووە، هەواڵی تۆقێنەری درۆش بڵاودەکەنەوە و دۆخی دەرونی روخانی هاوڵاتیان وێرانتر دەکەن.

ئەو کەسانەی ئەو زانیارییانەیان بڵاوکردووەتەوە لەسەر ڤایرۆسی سارس، پشکنینی (PCR)یان بۆ ئەو نەخۆشانە کردووە کە نیشانەکانی کۆرۆنایان هەیە، بەڵام دوای ئەوەی بەشێک لە ئەنجامەکانی پشکنینەکانیان نێگەتیڤ دەرچوون و بینیویشییانە کە نەخۆشەکان نیشانەیان هەیە گەیشتوونەتە ئەو بڕوایەی کە ئەو نەخۆشانە ڤایرۆسی سارسیان هەیە، کە ئەمەش کفرێکی زانستییە و لە هیچ شوێنێک گوێی لێ ناگیرێت. لەبری گومان لە پشکنینەکانی خۆیان گریمانەی بونی ڤایرۆسێکی تریان بڵاوکردووەتەوە بێ ئەوەی بینیبێتیان یان بەڵگەیەکی زانستی و باوەڕپێکراویان هەبێت.

نیشانەکانی کۆرۆنای نوێ و ئەنفلۆنزا وەرزییەکان و نەخۆشییەکانی تری کۆئەندامی هەناسە زۆر هاوشێوەن، بۆیە تەنها بە پشکنین لێکجیادەکرێنەوە. گەر پشکنینی (PCR)  بۆ ڤایرۆسی سارس نەکراوە چۆن دەتوانن باس لەبونی ڤایرۆسەکە بکەن؟!

تەنانەت ئیلیۆن ماسک لەهەفتەی ڕابردوو سەردانی سویدی کرد و توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو، لەیەک ڕۆژدا بە یەک ئامێر و یەک کەس چوار پشکنینی بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ کرد، دوو لە ئەنجامەکان پۆزەتیڤ و دووانیشیان نێگەتیڤ بوون، نیشانەکانی کۆرۆناشی هەبوو.

لەیەکێک لەتوێژنەوەکانمدا لەزانکۆی ستۆکهۆڵم، کار لەسەر چۆنێتی دۆزینەوەو دیاریکردنی مادە شێرپەنجەیی و مەترسیدارەکان دەکەین لەسەر تەندروستی مرۆڤ لەنێو پیشەسازی جلوبەرگ و قوماشدا. سەرباری ئەوەی چەندین جار تاقیکردنەوەکان دووبارە دەکەینەوە و هەمان ئەنجاممان دەستدەکەوێت لە بونی ئەو مادانە لەنێو سامپڵەکانماندا، بەڵام دەیان ڕێگای تر دەگرینە بەر بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە پێش ئەوەی بتوانین قسەی لەسەر بکەین لەنێو خۆشماندا، گەر بشمانەوێت بە فەرمی بڵاویبکەینەوە ئەوا پرۆسەیەی چێکردنەوەی دورودرێژ ڕوبەڕوی دەبێتەوە.

قسەکردن لەسەر ئەو بابەتە زانستییانەی پەیوەندییان بە تەندروستی گشتی و هاوڵاتیانەوە هەیە، ئەوەندە ئاسان نییە کە بەوشێوەیەی هەرێم بێ بەها کراوەو تەنانەت ئەوەی خوێنیش لە نەخۆشەکان وەردەگرێت بۆ پشکنین زانیاری بەناوی وەزارەت و دەزگاکەیەوە لە فەیسبوکەکەی خۆی بڵاوبکاتەوە بێ ئەوەی سزاش بدرێت.

ئەو وێنەش بەشێکە لە ئەنجامی توێژینەوەکانمان لەسەر مادە شێرپەنجەیی و مەترسیدارەکان لەسەر تەندروستی مرۆڤ لە جلوبەرگدا کە سەڕەڕای چەندین تاقیکردنەوە هێشتا نەگەیشتوینەتە ئەنجامێک کە دوو دڵ نەبین لێی.

20/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر