خۆگونجاندن.. یان گەوجاندن ؟!

لەتیف نێروەیی


ئەم پەیامە شیكارییە بۆ ئەوە نییە بازاڕی ڕەخنەو وەڵام و وڵامكاری و تۆمەتبەخشین گەرم بكات، بۆ ئەوە نییە بەبێ هۆكارو لە تاریكیدا نیشانە لەلایەنێكی دیاریكراوی سیاسی بگرین، هەروەها بۆئەوەش نییە كە بەراووردكارییەك لەنێوان سەركردایەتی نوێ و سەركردایەتی پێشووی یەكێتیی بكەین و بڵێین ئەم سەركردایەتییە لەسەركردایەتی پێشوو باشترە یان خراپترە، بەڵكو مەبەستمان لەم پەیامە ئەوەیە كەبڵێین لەدوای كۆنگرەی چوارەمی یەكێتییەوە واقعێكی تازە هاتۆتە پێشەوە كە بریتییە لەدایك بوونی سەركردایەتییەكی نوێ‌، پلان وستراتیژێتێكی نوێ‌ ، سیاسەت وجیهان بینینێكی نوێ‌ بەرامبەر بە پرسە سیاسی و ئابووری و دیبلۆماسی و ئەمنی و بوارەكانی دیكە كە كەكاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بەسەر ئایندەی هەرێمی كوردستان ، بەم واقعە نوێیەش دەڵێن (یەكێتییەكەی نوێ‌). 


لەسەردەمی یەكێتییەكەی نوێ‌ پێویستە دووجۆر تێگەیشتن فەراهەم بێت.: 


یەكەم: تێگەیشتنی حیزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بەتایبەتی پارتی و بزوتنەوەی گۆران سەبارەت بە یەكێتییە نوێیەكە، واتە تاچەند ئەو لایەنانە تێگەیشتنێكی ئەرێنی و بابەتیانەیان دەبێت بەرامبەر بەو واقیعە تازەیەی یەكێتی؟ بەچ شێوازێك مامەڵە لەگەڵ سەركردایەتییە نوێیەكەی یەكێتییدا دەكەن؟ تاچەند لە پێناو بەرژەوەندی گشتی و یەكریزی گەلەكەمان ئامادەن  لاپەرەیێكی نوێ هەڵبدەنەوەو لە رێی دانوستانەوە كێشە هەڵپەسێردراوەكان لەگەل سەركردایەتی نوێی یەكێتی یەكلابكەنەوە ؟


ئەو سەركردایەتییەی كە 75% بۆ یەكەم جارە دەبنە سەركردایەتیی و 85% ئەو پۆستانەی لە ئۆرگانە جیاجیاكان هەر لە هاوسەرۆكییەوە تا دەگاتە  مەڵبەندەكان بە هەڵبژاردن پڕكراونەتەوە، دیسانەوە لەلایەن ئەو هەڤاڵانەوە پڕكراونەتەوە كە بۆیەكەم جارە ئەو ئەركانە  لەئەستۆ دەگرن. 


 بێ گومان ئاساییە ئەم پەیكەربەندی و كارەكتەرە سیاسیانەو بەرنامە سیاسییە تازەیەی یەكێتی بۆ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان ئەزموون و مۆدێلێكی نوێ بێت و پێویستیان بە كاتێكی گونجاو هەبێت  تابزانن بەچ شێوازێك مامەڵە لەگەڵ یەكێتییدا بكەن و پێكەوە پەیوەندییەكی هاوسەنگ بنیات بنێن  و شان بدەنە ژێرباری بەرپرسیارێتیەكی هاوبەش لەم قۆناغە سەخت و مەترسیدارەداو بشزانن تێفۆكرینی یەكێتی بۆ ئەوان چیە؟ بەلام ئەوەی نائاساییە  بیر لەوە بكرێتەوە  بەچڕنوق و پاشقول لێگرتن وڕاكێشانیان بۆ گرژییە جۆراوجۆرەكان سەركردایەتییە نوێكەی یەكێتی تاقی بكەنەوە!!. 


دووەم:  پێویستە سەركردایەتی نوێی یەكێتیش ئەو ڕاستییە لە بیرنەكات كە وەك چۆن لەپێش ئەنجامدانی كۆنگرە جۆرەها هەوڵ وبەربەست هەبوون بۆ ئەنجامنەدانی كۆنگرە، بەهەمان شێوە لەقۆناغی دوای كۆنگرەش لەوە زیاتر هەوڵی هەمەجۆر دەدرێت بۆ دروستكردنی لەمپەرو بەربەست لەبەردەم جێبەجێكردنی بەرنامەو بڕیارەكانی كۆنگرەو دوای كۆنگرە. واتا سەركردایەتی یەكێتی لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەخت و مێژوییدایە، بۆیە پێویستە تێگەشتنێكی بابەتیانەی هەبێت بۆ پێشهات وڕووداوەكان  و بەوردی و ووریاییەوە بریار بدات و نەكەوێتە هیچ تەڵەیەكەوە كە بۆی دانراوە ، ئەمەش بەلاوازی بۆ یەكێتی ناگەرێتەوە بەڵكو بەلێزانین بۆی دەگەرێتەوە .  بۆ ئەو مەبەستە دەبێ بەنەفەسێكی قوڵ، هزروبیرێكی تیژ و دووربین، بە پشوویەكی درێژ، بە پلان و ستراتیجیەتێكی عەقلانی و مەعریفی، بەشێوەیەكی كۆنكرێتی ودوور لە عاتفە هەنگاو بنێت. چونكە بەهۆی مەترسییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناو سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی و هەندێك هۆكاری دیكەوە لەوانەیە  كەسانێك هەبن بەرژەوەندی خۆیان لەخولقاندنی كەشێكی ئاڵۆزدا ببیننەوە لە هەرێمی كوردستان و بیانەوێ‌ یەكێتی بەو دۆخە ئاڵۆزە بگلێننەوە. بەڵام هەرهەنگاوێكی لەوجۆرە لەلایەن هەركەسێكەوەو فەرامۆشكردنی لێكتێگەیشتن و نەخوێندنەوەی واقعی ئێستای یەكێتی و پەنانەبردن بۆ دانوستان بۆ چارەسەری كێشەكان و بڕوانەبوون بە ڕێكخستنێكی ڕاستەقینەی ناوماڵی كوردی لەم ساتە وەختە مەترسیدارەدا جگە لەخۆ گەوجاندن و خەلك خاپاندن و  زیاتر پەرتكردنی ڕیزەكانی گەلی كوردستان ودرێژەدان بە ململانێیەكی نابەجێ وهێنانە كایەی دۆخێكی ئاڵۆزتر لە هەرێمی كوردستان هیچ ماناو پێناسەیەكی دیكە هەڵناگرێت. 

26/03/2020



وتارەکانی تری نوسەر