حکومەت وەک ئاغا و پەرلەمان وەک کوێخا

ئاوات محەمەد

ئەوەی لەم نووسینەدا مەبەستمە لێکدانەوەیەکی کۆمەڵناسیانەیە بۆ ئەو دوو دەسەڵاتەی ھەرێمی کوردستان، کە لەوانەیە بۆ زۆر پێگەی تری ھاوشێوە گونجاو بێت، بەڵام لەھەندێک شوێندا تایبەتمەندییەکە تەنھا ئەم پانتاییە دەگرێتەوە کە پێی دەوترێت کوردستان، لەبەرئەوەی ھەندێک تایبەتمەندی ھەیە تەنھا لەم پانتاییە بەرچاو دەکەوێت، کەھەندێک پێیان وایە ئەمە رەگوریشەیەکی مێژوویی ھەیە، بەڵام ھەندێک لەوانەی لەبواری کۆمەڵناسی کاردەکەن لێکدانەوەیەکی تری بۆ دەکەن، بەو حوکمەی کۆمەڵگای کوردی یەکێکە لەو کۆمەڵگایانەی دەکەوێتەوە دەرەوەی مێژوو، ھێشتا وەک کۆمەڵگا خۆی نەناساندووە، بەڵکو وەک گروپێکی پەرتەوازەی بەشبەش خۆی ناساندووە، کەنەیتوانیووە قۆناغە مێژوویەکان وەک خۆی ببڕێت، لەبەرئەوە کۆمەڵگایەکە ناتوانێت ھەندێک پێناسەی سۆسیۆلۆژی لەناو خۆیدا جێگە بکاتەوە، شێوی پێکھاتەکەی ئەمە دەسەپێنێت، لەوکاتەی پێناسەی چەمکەکان کراوە بەتایبەتی ئەوەی پەیوەستە بەلێکدانەوەی سیستمی کۆمەڵایەتی، لای ئێمە کۆمەڵگا لەشێوە سەرەتاییەکەی خۆیدا بووە.

کاتێک مۆدێرنیتە دەبێتە بەشێکی بەرفراوان لەبیرکردنەوە و گۆڕانکاری گەورەی فەلسەفی و کۆمەڵایەتی و ئابووری بەدوای خۆیدا دێنێت سیستم لەشێوە پشتاوپشتەکەی دەگوازێتەوە بۆ سیستمێکی سیاسی، واتە خەونە ئەفلاتونییەکە لەو کاتەدا دێتە دی، کەمۆدێرنیتە ئەبێتە مۆدێلێک بۆ پێوانەکردنی کۆمەڵگاکان، لێرەوە پۆلێنکردن دەست پێدەکات، پۆلێنکردنی کۆمەڵگاکان و پێناسەکردنیان، ئەمە جگە لەپۆلێنکردنی مرۆڤەکان، کەھەر یەک پێگەی خۆی ھەیە، مارکسییەکان ئەو پۆلێنەیان کوورت کردەوە بۆ دوو چین، کرێکار و سەرمایەدار، یان دوالیزمەی چەوسێنەر و چەوساوە، بەڵام بەشێک لەکۆمەڵگاکان نەگەیشتبوونە ئەم پۆلێنە تەواو مۆدێرنە، شێوەی دەسەڵات ھەر شێوە نەریتییەکە بوو، کەلەناو ترادسیۆنێکی دیاریکراودا درێژەی بەژیانی خۆی دەدا، کەواتە ئەو کۆمەڵگایانەی شەپۆلی مۆدێرنە نەیگرتنەوە، کەوتنە دەرەوەی مێژوو، کەئێستا زۆری گفتوگۆ ئەکادیمییەکان قەسە لەسەر کۆتایی مێژوو دەکات.

کاتێک ئەم ناوچەیە بەھۆی جەنگی جیھانییەوە دابەشکرا و کەوتە ژێر دەسەڵاتی داگیرکەرێکەوە کە خاوەنی ھەموو بنەما نوێیەکان بوو، لەگەڵ مرۆڤگەلێک تووش بوو لەسادەترین ئاستی ژیاندا بوون، ئەمە جگە لەوەی شتێک نەبوو ناوی دامەزراوەی بەڕێوەبردن یان دەسەڵاتی سیاسی بێت، ئەوەی ھەبوو حوکمی ئاغاکان و دەسەڵاتێکی خێڵەکی ئاغایانە بوو، سەرەتا بۆ ئەوەی جۆرێک لەدامەزراوەی ئیداری درووست بکرێت و حوکمڕانییەکی سیاسی لەوڵاتدا ھەبێت و لەو چوارچێوەیەدا یاسایەک ھەبێت، پێویست بوو کۆمەڵێک ھەنگاو بنرێت، وەک درووستکردنی سوپا و پۆلیس و دادگا و دامەزراوەی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا، کەئەمە تەنھا لەناو شارەکان بەلاوازی حوکمی دەکرد، دەسەڵاتێکی تر ھەبوو لەدەرەوەی ئەمانە دەسەڵاتی ئاغاکان بوو، بۆ کەمکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە و پەرتکردنی و بچوکردنەوەی ئەم دەسەڵاتە، دەسەڵاتی سیاسی درووستکرا، وەک مودیر ناحیە و قایمقام و کوێخای گوندەکان، کوێخایەتی کارێکی نافەرمی بوو، وەک ئەنجومەنی گەڕەکەکانی ئێستا، بەپێی دەسەڵاتی سیاسی کوێخا دەسەڵاتی لەئاغا زیاتر بوو، لەبەرئەوەی نوێنەرایەتی ھەمووانی دەکرد، واتە سیفەتی نوێنەرایەتی ھەبوو، نەک دەسەڵاتێکی کۆمەڵایەتی پشتاوپشت بێت، بەڵام کوێخا ھەمیشە ژێردەستەی ئاغا بووە، لەھەموو قۆناغەکان کوێخا نانخۆری ئاغا بووە، ھەرچی ویستووە پێیکردووە، ئەم نمونەیە لەو کاتەوە تا ئێستا ھەر بەو شێوەیە درێژەی ھەیە، ھۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئەو گۆڕانکاریانەی لەدەسەڵاتی خێڵەکی لەناوچەکە روویدا، کەمتر کاریگەری لەسەر ئاغاکانی کوردستان ھەبوو، بەھەمان شێوەی جاران درێژەیان بەدەسەڵاتیان داوە، ئەبینین ئێستاش ھەمان جۆر لەکارکردن پەیڕەو دەکرێت، ئەگەر لەئێستادا تەماشای دەسەڵاتی پەرلەمان لەعیراق و کوردستان بکەیت، بەڕوونی ئەم مەسەلەیەت بۆ دەردەکەوێت، ھۆکارەکەی ئەوەیە عیراق ھەمیشە گرنگی بەدەسەڵاتی مەرکەزی داوە، ئێمە گرنگیمان بەدەسەڵاتی خێلەکی و ئاغاواتی داوە، لێرە قسە لەسەر ئەوە نییە کامیان باشتر و کامیان خراپترە، کەھەندێک لەتوێژەران ھۆکاری سەرکی دەگەڕێننەوە بۆ ئەوەی لەعیراق لەسەردەمی عەبدولکریم القاسم مەسەلەی ئیسلاحی کشتوکاڵی ھاتە ئاراوە، کەمترین کاریگەری لەسەر کوردستان ھەبوو، دەسەڵاتەکە وەک خۆی مایەوە، لەبەرئەوە ئەم دۆخە بەخۆبەخۆی درێژەی کێشتا، ناچینە ناو وردەکاری ئەو مەسەلەیە لەبەرئەوەی مەسەلەیەکی تەواو ئەکادیمییە و پێویستی بەتوێژینەوە ھەیە، کە ئەمە کاری من نییە لێرەدا، ئەوە من دەمەوێت ھەڵوەستەی لەسەر بکەم رۆڵی ئاغایە لەئاخورین بەسەر کوێخادا، ھەروەھا ئەو بەراوردکارییە مێژوویەی بۆچی کورد ھەمیشە سەرکەوتنەکانی کاتی بووە و لەجەوھەری کێشەکان نزیک نەبووەتەوە، تەنھا گرنگی بەڕواڵەت داوە، ئەم قۆناغەی دسەڵاتی بنەماڵەکان ھەمان راستی دووپات دەکەنەوە، کەدەزگای پەرلەمان تەنھا دەستکەلایەک بووە بەدەست ئاغاکانەوە تا ھەرچیان بووێت تێپەڕێنن و بیشەرعێنن، لەساڵی ١٩٩٢ وە تا ئەم چرکەساتە، تەنھا ئەم رۆڵەی بینیووە، ھەر بۆ تۆزێکیش بێت لەو ئەرکە لای دابێت خێرا سەرکوتیان کردووە و خراوەتەوە قاڵبکەی خۆی، لەبەرئەوە دابشەکردنی رۆڵەکان لەرواڵەتدا وا دەگەێنێت ئێمە خاوەنی سەربەخۆیی دەسەڵاتەکانین، بەڵام لەجەوھەردا تەنھا یەک دەسەڵات ھەیە، ئەویش دەسەڵاتی ئاغاکانە و غولامەکانیان تەنھا جێبەجێکردنیان لەسەرە، غولامەکان بەرفراوانترین توێژی کۆمەڵایەتین، لەئەندام پەرلەمانەوە دەیگرێتەوە بۆ چەکدارێکی پارێزەری ماڵی ئاغا، لەبەرئەوەی کوێخاش ھەمان رۆڵ ئەبینێت، بەڵام بۆ نواندن ھەندێکجار رێگەی دەدەن خۆی گیڤ کاتەوە، تا گەمەکە کەمێک لەراستی بچێت، بەڵام کێشەی ئەم دەسەڵاتە لەبەرئەوەی دامەزراوەیی نییە، زوو کەلێنی گەورەی تێدەکەوێت، ھەموو جارێکیش بەقازانجی سەڵتەنە شکاوەتەوە، یەکەم کەس زیانەکەی بەرکەوتووە ئاغایە کە لەژێرباری سوڵتاندا بووە، ھەموو ئیمارەتە کوردییەکان کەشکستیان ھێناوە، لەم بارەدا لەیەکدەچن و دووبارە بوونەتەوە، ئەوەی ئێستا لێرە دەگوزەرێت کۆپییەکی ئەو دۆخەیە، بەڵام لە ھەلومەرجێکی تردا، کەھەندێک جیاوازی ھەیە، دنیا خۆی بەرەو کرانەوە دەچێت، ئەم نەوەیەش بیرکردنەوەیەکی تری ھەیە بۆ ژیان، ئەمە جگە لەوەی بەدرێژایی ئەم حوکمڕانییە کار لەسەر کاڵکردنەوەی ئینتما کراوە، ھەروەھا ئەوەی پێوەری بەختەوەرییە بریتییە لەپێشکەشکردنی خزمەتگوزاری، ئەم دەسەڵاتەی ئێمەش دوورە لەم مەسەلەیە، کەواتە کێشەی دەسەڵات و ھەر دەرکەوتە و لێکەوتەیەکی شۆکێکی گەورە نابێت بۆ کەس.

لەماوەی حوکمڕانی ئەمانەدا بینیمان ھەمیشە ئاغان بەسەر رەعیەتە خوڕیوویانە، ھەمیشە لەبچوکترین ناڕەزایەتی گەورەترین ھێزی سەرکوتکردنیان بەکارھێناوە، تا ئاستی کوشتنی ھاوڵاتی بێ ھیچ پاساوێک رۆشتوون، ئەمە جگە لەوەی چەندین دەزگای تایبەتیان ھەیە بۆ لەناوبردن و سڕینەوەی نەیارەکانیان، لەحاڵەتە ئاساییەکاندا نەبێت پەنایان بۆ دامەزراوە یاساییەکان نەبردووە، ئەمە جگە لەوەی موڵک و ماڵی گشتی بەموڵک و ماڵی تایبەتی خۆیان داناوە، کەئەوە سیفەتی ئاغایەتییە و کوێخاش ھەمیشە ئیشی ئەوە بووە چۆن باج و سەرانەکانیان بۆ بشەرعێنێت و یاسای بۆ دەربکات، یان چۆن لەترسا نەوێرێت فزە بکات، کاتێک راو رووت ئەگاتە ترۆپک و لەوە دەردەچێت بەشاراوەیی بکرێت، ئاغا ھەمیشە سیفەتی بخوڕی ھەبووە، جا ئاغاکان لای ئێمە ھەریەک پلەیەکی ھەیە، ئاغا ھەیە گەورەترە و ھەیە بچوکتر، ھەر یەک بەقەبارەی خۆی بەشە تاڵانی بەردەکەوێت و ھەریەکەیان بۆخۆی بەجیا سەرانە وەردرگرێت، ئەم جۆرە لەحوکمڕانی مانای نەبوونی ستراتیژیەتیەکی درێژخایەنە بۆ دەسەڵات، بەڵکو جۆرێکە لەدرووستکردنی پێگەیەکی کاتی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین سەروەت و جێھێشتنی لەھەر کاتێک کەمەترسی نزیک ئەبێتەوە، بەدرێژایی مێژوو ئەم کردارە دووبارە بووەتەوە،  واتە ھەڵھاتن و بردنی ئەوەی کۆیانکردووەتەوە، دواتر دووبارە گەڕانەوە بۆ ئەوەی جارێکی تۆ شکستێکی تر تۆمار بکەن.
باوک و کوڕەکان:

ئەوەی باوکەکان دەیکەن و ئەنجامی دەدەن کوڕەکان دووبارەی دەکەنەوە، واتە لەناو بازنەیەکی ئاغایەتیدا دووبارە ھەمان ئەرک لەئەستۆ دەگرنەوە، بەڵام ئەوەی گۆڕانکاری بەسەردا دێت مۆراڵ و ئەخلاقی نەوەکانە، باوک ھەڵگری سیفەتە خێڵکییەکانە و پەیڕەوەیی لەنەریتی ئاغایەتی دەکات و ھەندێک حسابی کەم بۆ کوێخاش ئەکات و رۆڵی زۆر بچوک ناکاتەوە، بەڵام کورەکان لەبەرئەوەی لەنێوان بەرداشی نەریت و مۆدێرنەدان و بنەما مۆدێرنەکان وەک تیۆرە دەزانن و وەک نەریت جێبەجێی دەکەن، دەبنە خاوەنی ئەخلاقییەتێکی زۆر سەیر، کە نە لەوەی باوک دەچێت، نەکەسێکی مەدەنی مۆدێرنیشە باوەڕی بەبنەما دیموکراسی و بەھا کۆمەڵایەتییەکان بێت، ئەوەی بیری لێدەکاتەوە چۆن زۆرترین پنت لەبن دەستی خۆی بنێت، واتە باوک لەھەندێک رووەوە لەم باشترە و خاوەنی ھەندێک بەھا و مۆراڵە، کەئەم بەھیچ شێوەیەک باوەڕی پێی نییە، باوک سەربازییە و وەک فەرماندەیەک کار ئەکات، بەڵام کوڕ وەک بکوژ و لەناوبەر و کەسێکی توڕە ھەڵسوکەوت دەکات، ئەوەی لەسەری کۆکن، ئەوەیە چۆن جڵەوی کارەکان لەدەستیان دەرنەچێت، ھۆکاری ئەوەی باوک بەو شێوەیە ھەڵسوکەوت دەکات، ئەوەیە جۆرێک لەئۆتۆریتەی ناوخۆیی و دەرەکی ھەیە، کە کوڕ لەھەردووکیان بێبەشە، ناچار بۆ سەلماندنی خۆی دەست بۆ ھەموو جۆرەکانی ستەمکاری دەبات، لەبەرئەوەی دەزانێت ئامۆزاکانیش رۆڵیان دەوێت و ئەیانەوێت ئەوانیش لەسەر گۆڕەپانەکە بوونیان ھەبێت، کەبەم پێیە راستە حیزب دامەزارەوەیەکی مۆدێرنە و لەگەڵ سەرھەڵدانی ھاوڵاتیبوون، ئەمیش سەری ھەڵدا، بەڵام حیزب لای ئێمە بۆ درێژەدانە بەترادسیۆنی خێڵ، لەبەرگێکی تردا، کەلەگەڵ ھەلومەرجە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بگونجێت، سیفەتی ھاوبەشی باوک و کوڕەکان درووستکردنی وەھمێکە کەخۆیان ناوی کاریزمای لێدەنێن، بەدرێژایی سەدەی بیست و ئەم بیست ساڵەی سەدەی بیست و یەک تەنھا کاریان لەسەر ئەوە کردووە، چۆن پێگەی کۆمەڵایەتی نەک سیاسی خۆیان پتەو بکەن، ھەمیشە وەک بزنسمانێک کاریان کردووە، کەدەکاتە ئاغاکەی جاران، بەڵام لەبری جلی میللی، بەچاکەت و پانتۆڵەوە، واتە ئەم جیاوازیی بچوکەی نێوان کوڕ و باوک مانای ئەوە نییە کوڕ ئەقڵی کراوەترە، بەڵکو وەک سەلەفی خۆی مێشک داخراوە، لەھەمان کاتدا خاوەنی ھیچ ستراتیژیەتێک نییە، لەبەرئەوە زۆر بەئاسانی بەکاردەھێنرێت و دەکەوێتە ناو ھەڵەی کوشندەوە، چونکە ئەقڵیەتی ستراتیژی لەسەھۆڵ فرۆشێک کورتخایەنترە، کەواتە چاوەڕوانی خێر لەنەوەکان ناکرێت، بەڵکو ئەوان ئامادە کراون بۆ رۆڵەکانی داھاتوویان، ئەمە بۆ ھەموو سیستمە تۆتالیتاری و دیکتاتۆری و خێڵەکییەکان و پشتاوپشتەکان گونجاوە، باشترین نمونە کوڕەکانی حوسنی موبارەک و قەزافی و سەدام و ئەردۆغان و ئەسەدە، نمونەکانی لای خۆشمان لاساییکەرەوەیەکی لێبوکیانەی ئەوانە.

لێرەوە لەوە دەگەین ئەوەی دەگۆڕێت کەسەکانە بەھەمان نازناوی پێشوو، ئەوەشی وەک نەگۆڕاو ئەمێنێتەوە، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی ستەمکارییە.

شکست، کەلەڕەقی و دواتر ھەڵھاتن

ھەر لەسەرەتاوە بەشکست دەست پێدەکەن، لەبەرئەوەی سیاسیەتێکی روونیان نییە بۆ بەڕێوەبردنی ئەوەی خۆیان ناوی کێشەی نەتەوەیی لێدەنێن، ئەگەرنا لەبنەڕەتدا کێشەیەک یان پرسگرییەک نییە لای ئەمان ناوی نەتەوە بێت، بەڵکو پیشەیەکە فێری بوون و لەوەندەش زیاتر نازانن ھیچ پیشەیەکی تر بکەن، ئەوەی نوێنەرایەتی پرسگری گروپێکی کۆمەڵایەتی ئەتنی نەتەوەیی ئاینی بکەن، ئەوە نەک وەھمە بەڵکو درۆییەکی شاخدارە، لەبەرئەوەی لەبەردەم بچوکترین قەیران لەبەرامبەر رکەبەرەکەی ئامادەیە پەنا بۆ شەیتان بەرێت، یان پەنا بۆ ئەو ھێزە بەرێت کەخۆی بەدوژمن پۆلێنی کردووە، لێرەوە فەرھەنگی ئەمانە وشەیەکی داھێناوە، بەڵام تاکو ئێستا ھیچ کامیان بوێری ئەوەیان نەبووە پێناسەیکی بۆ بکەن، ئەویش چەمکی خیانەتە، شتێک نییە لای ئەمان بەناوی خیانەتەوە، چونکە دوکاندار بەدوای سەرچاوەی جیاواز جیاوازدا دەگرێت بۆ بەڕێوەبردنی کارەکەی، ناچێت شت بەگران لەکەسێک بکڕێت بەناوی موشتەری بەردەوامەوە، بەڵکو لەکوێ کاڵایەکی ھاوشێوەی دەست کەوت بەڵام بەنرخێکی ھەرزان، دەچێت لەوی دەکڕێت، ئەم بەناو سیاسیانەش ھەمان بنەما بەکاردەھێنن، کەیەکەمیان مافی خۆیەتی و بیر لەبەرژەوەندی تایبەتی خۆی دەکاتەوە، دووەم ستراتیژیەتی کارکردنی بۆ بواری گشتییە، ئەبێت خاوەنی فەلسەفەیەک بۆ کارکردن، لەبەرئەوەی توانی بیرکردنەوەیان لاوازە و ناتوانن فەلسەفەیەکیان بۆ ژیان ھەبێت، دەچن لاسایی فرۆشیار دەکەنەوە، ھەموو بوارە ھەستیارەکانی ژیان دەکەن بەکاڵا، بەمرۆڤەکانیشەوە، لەبەرئەوە ئەوەی ئەوان وەک سیاسەت ناوی دەبەن و پرسگرییەکی وەک نیشتمانی و نەتەوەییان بۆ داتاشیووە، تەنھا بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کاڵایەییە کەدەیانەوێت مامەڵەی پێوە بکەن، ئەویش ژیان و توانای گشتییە، ھەروەھا ئەم دەستەبژێرە کاسبە زۆرترین رقیان لەخوێندەواری و تیۆرە و داڕشتنی پلان و ستراتیژیەت و داڕشتنی پەیپەری سیاسەتی گشتییە، ئەوەی ئیشی لەسەر دەکەن تەنھا ئەوەیە کۆمەڵگا بەسەر ئاغایی خۆیان و ھەندێک وردە کوێخای بێدەسەڵات و رەعیەتێکی بێدەنگ دابەش بکەن، کەئەمەش پێویستی بەسەوادێکی کەمە، ئەو خوێنەوارییە کەمەش بەسە بۆ نواندی کەللەرەقی، ئەم ھێزە ناخێڵەکییە نامۆدێرنانە تەنھا لەسەر ئاستی ناوخۆ خاوەنی ھێزن، ئەگەرنا لەبەردەم ھێزە دەرەکییەکان لەبچوک بچوکتر دەبنەوە، لەبەرئەوەی ھەرکات لەناوخۆ تۆشی ھەر ئاستەنگی یان بەرنگاربوونەوە یان مەترسیەک بوونەوە، پەنا بۆ ئەو ھێزە دەرەکییانە دەبن، کەھەنێکجار ناڕەزاییەتیە مەدەنییەکان لەگەڵ ئەم جۆرە لەھێز و دەسەڵات وەک ئاسنی سارد کوتین وایە، لەوانەیە ھەندێکجار لەھەندێک بارودۆخ وەڵامدانەوەیان ھەبێت بۆ ھەندێک داواکاری سادە، بەڵام وەڵامدانەوەکە کاتییە و دەگەڕێنەوە بۆ دۆخە ئاساییەکەی خۆیان، زۆرجار دەستەبژێری خوێنەری وەھمدار ئەمە بەھەنگاوێکی پۆزەتیڤ لەقەڵەم دەدات و پێی وایە کۆمەڵگا ھەنگاوێک بەرەو مەدەنی بوون و جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان چووە، بەڵام ھێندە نابات ئەو ھەنگاوە چەندین ھەنگاو دێتەوە دواوە، یەکێک لەھۆکارەکانی بەھێزبوون و مانەوەی ئەم دەسەڵاتانە، دەستەبژێری بەناو رۆشنبیری مشەخۆرە، کەھەمیشە بەدوای ژیانێکی بێئیشی بێسەرئێشەی بن سێبەردا دەگەڕێت، ئەم جۆرە لەحوکمڕانیش وەک ئاغا نەریتییەکانی جاران لەرووی پارەدارییەوە بیر ناکاتەوە، بەڵکو وەک نەریتێکی خۆی ھەمیشە پێویستی بەشاعیری دەربار ھەبووە، بۆ پیاھەڵدان بەمەقام و پێگەی پیرۆزی ئەو دەسەڵاتە، کەھەم دەسەڵات و ھەم دەستەبژێری دەربار ھەردووکیان دەزان درۆدەکەن و کەسیشیان باوەڕ بەوی تریان ناکەن، کەواتە ئەم دەسەڵاتە ئەوەندەی پشت بەھێزی چەکداری و پارە دەبەستێت، پشت بەھیچ پێکھاتە و بیرکردنەوەیەکی تر نابەستێت.

ھەمیشە لەڕووی سایکۆلۆژییەوە شپرز و ناجێگیرە، رێکەوتنێکی ستراتیژی نییە لەگەڵ ھیچ لایەن و ھێزێک، ھەموو ئەم سیفەتانە وادەکەن ھەمیشە لەشکست نزیک بێت و ھەموو کاتیش خۆی بۆ ھەڵھاتن ئامادە کردووە، مێژووی ئەم ھێزانە بەروونی گەواھی ئەمە دەدەن، کەچۆن مەسەلەیەکەیان لەنیوەدا جێھێشتووە، بەڵام لای خۆیان کۆتاییە، چونکە کاتێک لەرووی مادییەوە دەگەنە قازانجێکی زۆر ھەست دەکەن مانەوەیان بۆ ماوەیەکی درێژتر زیانە بەسامانەکەیان، لەبەرئەوە جێی دەھێڵن و بێباکانە پشت دەکەنە ھەموو دەربار و کوێخا و غوڵامەکانیان و لەشوێنکێدا بۆ گورگ جێیان دەھێڵن، راکردن و نابەرپرسیاریەتی و خۆدەربازکردن لەدۆخەکە پیشەی ھەمیشەییان بووە، دوا کار بۆ راکردن کەکردیان ئەو کارەساتەی ساڵی ٢٠١٧ بوو، بەڵام ھەمدیس دەرفەتیان وەرگرتەوە، ئەگەرنا خۆیان حەزیان لەدەرفەتێکی تر نەمابوو، چونکە ھەموو ستراتیژییەکانی ئەو ساڵە ئاماژە بوون بۆ رۆشتن و ھەڵھاتن و خۆدەربازکردنێکی تر.

ئەوەی ماوە بیڵێم ئەم بابەتە لەبەر چەند ھۆکارێک وەک توێژینەوەیەک کارم لەگەڵ نەکرد، کە دەکرێت بڵێم کات و حەوسەڵە و بێبایەخی نووسین، لەھەمووی گرنگتر ئەوەیە توێژینەوەی ئەکادیمی تەنھا لەسەر ئاستێکی بچوکی شاراوە دەمێنێتەوە، من ھەمیشە ئەگەر یەک رستەشم نووسیبێت پێمخۆش بووە بیخەمە بەردەم ھەمووان و گشتی بکەم، کەبەشێکی زۆر لەئەکادیمەییەکان توێژینەوەکانی خۆیان لەسوچێکدا بەشاراوەیی دادەنێن، چونکە خۆیان دەزانن چیان کردووە، ھەروەھا ئەمە تەنھا رایەکە لەدەرئەنجامی ئەزموونی ژیان و نووسین و خوێندنەوەی خۆم پێیگەیشتووم و خۆم لەسەر ئێشەی ئەکادیمییەکان پاراستووە، لەسەر فاریزەیەک یەخەت بگرن، بەڵام لەسەر کۆی کێشەی توێژینەوەکەت بچوکترین گفتوگۆت لەگەڵ نەکەن.

ھەروەھا دەکرێت بڵێم ئەوەی لەدووتوێی ئەم نووسینەدایە، دەکرێت ببێتە بیرۆکە بۆ ئەنجامدانی چەندین پەیپەری سیاسی، یان توێژینەوەی زانستی یان دەرفەتێک بۆ گفتوگۆ کردن لەسەر ئەم مەسەلەیە، کەپەیوەستە بەکۆی ژیانی ھەموومانەوە، ھەروەھا مەترسیەکە رووی ھەموومان دەگرێتەوە، ئەمەی نووسیوومە تەنھا رایەکە و دەکرێت رەخنەی توندیشی ئاراستە بکرێت، بەڵام لەم قۆناغە ھەستیارەدا بەپێویستم زانی ھەندێک زانیاری بخەمە روو.

٦-٧-٢٠٢

 

13/07/2020



وتارەکانی تری نوسەر