کارکردن بە یاسای ئەمەت لە کوێ بوو؟

سابیری سەندیکا

گەندەڵی بریتییە لە پێشێلکردنی یاساو لادانە لە نەریت و عورفی کۆمەڵگا. ئەم دیاردە ناشرین و دزێوە، لە بەشی هەرە زۆری کۆمەڵگاکاندا، بگرە دەتوانین بڵێین لە تەواوی کۆمەڵگاکاندا، بە رێژەو بڕی جیاواز، بڵاوبووەتەوەو بوونی هەیە. بە تایبەت لە عێراق بەگشتی و بەتایبەتی کوردستان و کۆمەڵگا عەرەبی و ئیسلامییەکان، بە کۆمەڵگای کوردیشەوە، بڕو رێژەکەی هەم مەترسیدارەو هەم لە هەڵکشان و بەرزبوونەوەدایە. 

 

گەندەڵی دیاردەیەکە لە کۆکردنەوەی سەروەت و سامان بە شێوەیەکی نایاسایی گروپێک یا کۆمپانیایەک یان دامودەزگایەکی حکومی یان ناحکومی، یان حزبی،  پێیهەڵدەستێت و ئەنجامیدەدات، لە پێناو دەستکەوت و بەرژەوەندی شەخسی لەسەر حسابی بەرژەوەندی گشتی و بەرژەوەندی ئەوانی دیکە. 

دیاردەی گەندەڵی لە عێراق و کوردستان بە مەترسیدارترین دیاردەی نەرێنی دادەنرێت، بۆسەر ئاسایشی نیشتیمانی و گەندەڵێ بە گەلێک شێوە پێناسە کراوە، لەوانە بریتییە لە پێشێلکردنی یاساو پابەندنەبوون بە بڕیارو رێنماییە یاساییەکانەوە، دزینی پارەی گشتی و دزینی راستەوخۆی پارەی دەوڵەت هەمو ئەو سەروەت و سامانەیە کە موڵکی میللەتە و دەوڵەت هەڵسوکەوت و ئیدارەی دەدات.

بەهەدەردانی پارەی دەوڵەت لە چوارچێوەی ئاهەنگ و بۆنە حیزبییەکاندا. بەخشینی خەڵکانی تایبەت و گروپ و کۆمپانیای حیزبی لە دانی باج و تەرخانکردنی موچەی زۆر قەبەو گەورە بۆ بەرپرسان.

 

خەرجکردنی پارە بۆ پرۆژەی وەهمی و داگیرکردنی زەوی کشتوکاڵی و بەخشینەوەی بەسەر بەرپرسان و دەسەڵاتداراندا.

کڕینی کەلوپەلی فەرمانگەکان بە نرخی زۆر گرانبەهاو سەرفکردنی پارەی زۆر خەیاڵی بۆ ئەو مەبەستە. بەکارهێنانی ئامێرو مومتەلەکاتی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندی تایبەتی و واژۆکردنی گرێبەستی ناڕوون و نا شەفاف لەگەڵ کۆمپانیا زەبەلاحە بیانییەکان...هتد. 

هۆکاری بڵاوبوونەوەی گەندەڵی دەوڵەمەندبوونی خێراو بەرژەوەندی شەخسی، باڵادەستی نەریت و کەلتوری خزمایەتی و حیزبایەتی. 

 

لاوازی و بێ دەسەڵاتی و ناسەربەخۆیی دادگاکان، هۆکارێکی گەورەی هاندانە بۆ گەندەڵی. لاوازی دەزگای چاودێری دەوڵەت فرسەتی ئەنجامدانی گەندەڵی ژینگەیەکی لەبارو گونجاو بۆ گەندەڵی و گەندەڵکاران خۆشدەکات.

لاوازی سەرکردایەتی سیاسی و فەرمانڕەوایانی وڵات بۆ بنبڕکردن و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەمەش بەوەی رێوشوێنی توندو گونجاو و بڕیاری دروست و یەکلاییکەرەوە، دژ بە گەندەڵکاران دەرناکەن، چونکە بەشێک لەو سەرکردە سیاسیانە و بەشێک لە فەرمانڕەواکان، بۆخۆیان نوقمی گەندەڵی بوون.

کەمی موچەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی و بەرزبوونەوەی ئاستی گوزەران، ئەمە کەشوهەوایەکی گونجاو بۆ هەندێک لەفەرمانبەران خۆشدەکات تا بە شوێن سەرچاوەی دیکەی پەیداکردنی پارەو بژوێدا بگەڕێن، نەبوونی میدیای ئازادو رێگریکردن لە میدیاو هاوڵاتیان، بەوەی دەستیان بگاتە زانیارییەکان و تۆمارە گشتییەکان، نەبوونی ئەو یاساو رێنمایی و دەزگایانەی گەندەڵی لەناودەبات، نەبوونی سزای پێویست و قورس و سەخت بۆ ئەنجامدەرانی.

بەکارهێنانی پۆستی گشتی لای هەندێک لە بەرپرسان (وەزیرەکان، جێگرەکانیان، راوێژکارو بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەرپرسانی گەورەی سەربازی و قۆستنەوەی پۆستی گشتی بۆ بەرژەوەندی سیاسی، وەک تەزویرکردنی هەڵبژاردنەکان یان کڕینی دەنگی دەنگدەران. کاریگەری دروستکردن لەسەر بڕیاری دادگاکان و کڕینی هەندێک لە دادوەرەکان.

دەبێتە هۆکاری لەناوبردنی بەها ئەخلاقییەکان و بڵاوبوونەوەی نائومێدی و گوێنەدان و هەڵوێستی نەرێنی لە نێوان تاکەکانی کۆمەڵگادا. دەرکەوتنی توڕەیی و هەڵچوون لە دەربڕینی بیروڕاو گفتوگۆکان. بڵاوبوونەوەی تاوان وەک پەرچەکردارێک بەرامبەر هەرەسهێنانی بەهاکان و نەبوونی دەرفەتی یەکسان لەبەردەم هەمواندا.

گەندەڵی سیستمی دیموکراسی دەخاتە ژێر پرسیارەوەو و ئازادی گەیشتن بە زانیارییەکان و ئازادی میدیا. ئەو دەوڵەتانە بۆ پێدانی قەرزو کۆمەکی مادیی، مەرجی قورس بسەپێنن و هەندێجار ئەو مەرجانە سەروەری دەوڵەتەکەش دەگرێتەوە.

بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لو عێراق و کوردستان پێویستە ستراتیژییەتێکی گشتیرو  گونجاو پەیڕوبکرێت. ستراتیژیەتی نەهێشتنی گەندەڵی، پێویستی بە بەکارهێنانی ئامرازگەلێکی فرەڕەنگی سیاسی و یاسایی و کەلتوری و جەماوەریییە بونیادنانی دەزگایەکی دادوەری بەهێزو دەستپاک، رزگارکردنی لە هەمو پیلان و فشارێک کە دەخرێتە سەریان و رەنگە کارەکانیان لاواز بکات.

پێویستە دەسەڵاتی جێبەجێکردن پابەندی بڕیارەکانی ئەو دەزگا دادوەرییە ببێت و بەربەستی بۆ دروست نەکات. ئەو یاسایانەی تایبەتن بە نەهێشتنی گەندەڵی، بەسەر هەمو دامودەزگاکاندا و پەیڕوکردنی لەسەر هەمو ئاستەکان. ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسانی باڵا.

کارکردن بە یاسای ئەمەت لە کوێ بوو؟ چاودێری و لێپرسینەوەی دەستەی دەستپاکی، ئەنجامدانی لێپرسینەوەو لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون بۆ سەروەت و سامانی دەسەڵاتداران کە گومانی گەندەڵی لێدەکرێت.

گرینگە  لە عێراق و کوردستان بەدواداچوون بۆ سەروەت و سامانی دەسەڵاتداران کە گومانی گەندەڵی لێدەکرێت. مافی ئازادی بە رۆژنامە و کەناڵە میدیاییەکان، بەوەی دەستیان بگات بە زانیارییەکان و بڵاوکردنەوەیان.


15/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر