شەهیدان موڵکی (گەل)ن نەک حزب

هیوا حسن

دیاردەیەکی سەیرە میللەتێک بە درێژایی مێژوو دەریایەک  ئارەق و خوێنی لە پێناوی ئازادیدا بەخشیبێت، کەچی لەزەمانی حوکمڕانی خۆیدا هەر حزبەو بەجیا یادی شەهیدانی بکاتەوە، لەکاتێکدا ئەگەر لەهەموو بوارەکانی دیکەدا ووڵات بەرەو دابەشکردن و لێک ترازان هاتبێت نەئەبوایە جورئەتی ئەوەیان هەبوایە شەهیدان لەناو گۆڕاکانیاندا بەش بەش بکەن، چونکە شەهید موڵکی هەموو گەلەو یەکێکە لە پیرۆزیەکانی نیشتمان بەهەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاوە.

 

شەهید ئەو مرۆڤە لەخۆبوردەیەیە کە لەپێناوی پاراستنی خاک و سەروەری نیشتمان و گەلەکەیدا تا دوا دڵۆپەی خوێنی لە سەنگری خەباتدا بەرگری لە بست بەبستی خاکەکەی ئەکات،هەر لەو پێناوەشدا پیرۆزترین سەرمایەی ژیانی کە گیانێتی  ئەکاتە قوربانی ووڵاتەکەی ، چونکە جگە لە نیشتمان و گەل هیچ کەسێک ئامادە نییە قوربانی بدات لە پێناوی پارەو حزب و دەسەڵاتدا.

 

 دیارە ئەو مرۆڤە مەزنانە وەک هەر کەسێکی دیکە ئاساییە پێش شەهیدبونیان لەسەر هەر بیروباوەڕو ئایدیایەک بن ، بەڵام کاتێک لەپێناوی بەرگری لەنیشتمان پلەی شەهادەت وەردەگرن ئیتر لە موڵکی حزب نامێنن و ئەبنەوە بە موڵکی گشتی.

 

بەڵام کاتێک شەهید لەموڵکی گشتییەوە ئەکرێتە موڵکی حزب، ئەوە ڕاستەوخۆ کەمکردنەوەیە لە گەورەیی و پیرۆزیەکانی شەهیدو هەروەها سوکایەتیە بە کەس و کارە سەربەرزەکانیان ، وەک ئاشکرایە لەم ووڵاتەدا حزبایەتی بەشێوەیەک ناشرین کراوە کە هەرچی بەرژەوەندیە گشتیەکان و کەلتورو تەنانەت دابونەریتی کۆمەڵگاش هەیە کراوەتە قوربانی و خزمەتی خۆیانەوە، واتا هەر کاتێک روداوێک یان هەر بابەتێکی نیشتمانیی لە چاوی حزبەوە تەماشا کرا ، گومانی تێدا نییە دەرەنجام لە بەهاو گەورەیی ئەو بابەتە کەم دەکاتەوە یان لەدەستی دەدات .

 

بۆ نمونە کاتێک لایەنگرانی حزبەکانی دیکە بەچاوێکی حزبیەوە تەماشای رۆژی شەهیدی حزبێکی دیکە ئەکەن لەباشترین حاڵەتدا ئەگەر سوکایەتی بەو رۆژەش نەکەن ، ئەوا بە رۆژێکی پیرۆزی نەتەوە تەماشای ناکەن و وەک یادێکی ئاسایی حزبی لێی ئەڕوانن، ئەمیش خۆی لەخۆیدا لە گەورەیی و پیرۆزی شەهیدان و قورسایی ئەو رۆژە کەم دەکاتەوە.

 

دیارە بیری تەسکی حزبایەتی و  ناکۆکیە بەردەوامیەکانی حزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان وایکردووە تاکو ئێستا نەتوانراوە بەیاسا لە پەرلەمانی کوردستان رۆژێک دیاری بکرێت بۆ ڕێز لێنان و یادکردنەوەی شەهیدانی ڕێگای رزگاری کوردستان کە لەو رۆژەدا هەموو دەنگ و رەنگە جیاوزەکان بە یەکەوە یادی شەهیدانی سەربەرزی گەلەکەمان بکەنەوە، هەر ئەمەیە وایکردووە هەر حزب و لایەنێکی سیاسی خۆیان رۆژی شەهیدانی حزبەکەیان دیاری بکەن و ساڵانە لەو رۆژەدا کادرو لایەنگرانیان بەتەنیا مەراسمی تایبەت بەو بۆنەوە رێک بخەن.

 

لێرەوە ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە پەلە بکات و لەزوترین کاتدا بۆ کۆتایی هێنان بە دابەشکردنی یادو بیرەوەری شەهیدان، بە یاسایەک رۆژێ دیاری بکات، کە لەو رۆژەدا هەموو خەڵکی کوردستان بە هەموو رەنگ و دەنگەکانەوە دەست لەسەر سینگ  سەری ڕێزو نەوازش بۆ گیان بەختوانی ڕێگای رزگاری کوردستان نەوی بکەن و  سەرجەم شەهیدان بە شەهیدی گەل و بە پیرۆزترین بەهای نیشتمانی بزانن و ئەو ڕۆژە پیرۆزە لەدەستی حزبەکان دەربکات و بیگەڕێنێتەوە بۆ بەرزترین شوێن کە لە ناخ و هەست و ویژدان و شکۆی خەڵکی کوردستاندایە.


20/11/2020



وتارەکانی تری نوسەر