پێگەی ئەمەریكا لە ماوەی دەسەڵاتی سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ)دا

محەمەد عەلی


بە درێژایی مێژووی دروستبوونی ئەمەریكا، بەردەوام ھەژموونی لە فراوانبووندا بووە، بە تایبەتی لە دوای جەنگی ساردی لەگەڵ یەكێتیی سۆڤیەت، كە بە سێیەم جەنگی جیھانی ھەژمار دەكرێت، توانی سەركەوتوو بێت و جیھانیش بەرەو ئاراستەی تاكجەمسەری ھەنگاوی نا، لە جەنگی دژەتیرۆریشدا سەركردایەتیی وڵاتانی ھاوپەیمانی كرد، بەڵام لە ئێستادا و لە پاش دەستبەكاربوونی ئیدارەی سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ)، خەریكە لە ئاستەكانی سەربازی و ئابووری و سیاسیدا، پاشەكشە دەكات.


لەسەر ئاستی سەربازی، پێگەی ئەمەریكا لە ھەموو ئەو ناوچانەی گرژی بوونی ھەیە، لە پاشەكشەدایە، بە تایبەتی لە وڵاتانی ئەفغانستان و ئێران و عێراق و سووریا و كۆریای باكوور، ئەگەر بە وردی سەیر بكەین، ئەوەتا لە ئەفغانستان ناچار بوو دانوستان لەگەڵ بزووتنەوەی تالیبان بكات و لە سووریاش ئەمەریكا بە تەنیا ماوەتەوە لە بەرامبەر ھاوپەیمانییە سێقۆڵییەكەی نێوان ڕووسیا و توركیا و ئێران، لە عێراقیش هەروەها ھەژموونی ئەمەریكا لە بەرامبەر دەسەڵاتی میلیشیا شیعییەكان تەواو لاواز بووە، كۆریای باكووریش تەواو سەركەوتوو بووە لە پەرەپێدان بە چەكی ئەتۆمی و بۆتە مەترسییەكی جددی لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە نیمچەدوورگەی كۆریا، رژێمی شیعیی ئێرانیش تا ئێستا بەردەوامە.


لە جەنگی ڕانەگەیەندراوی ئابووریش، ھەژموونی ئەمەریكا تەواو سست بووە، بە شێوەیەك پێشبینییەكان بەو ئاراستەیەن كە لە ماوەیەكی كورتی داھاتوودا، وڵاتی چین تەواو سەركەوتوو بێت لەم جەنگەدا، ئەوەتا كاڵای ئەمەریكی لە ھەموو ئاستەكان ناتوانێ  ڕكابەریی كاڵای چینی بكات، ھاوكات لە بەرامبەر پاشەكشەی بەردەوامی ئابووریی ئەمەریكا، ئابووریی چین لە گەشەسەندندایە، بە تایبەتی دوایی بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، كە ھەندێك لە چاودێران پێیان وایە، چین جەنگەكەی بردۆتەوە بە بێ تەقاندنی یەك فیشەك. لە لایەكی ترەوە، ئەورووپا و ڕووسیاش ھاوكارێكی باشن بۆ چین لەم بارەیەوە، بە جۆرێك كە ھەریەكەیان لەلای خۆیەوە ھەوڵی داوە سوود لەم ڕكابەریەی نێوان ئەم دوو زلھێزە ئابوورییە وەربگرێت و پەرە بە ئابووریی خۆی بدات.


ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، ئەوەی تاكو ئێستا شانازیی پێوە دەكرد، سیستەمە دیموكراتییەكەی بوو، بەڵام لە كۆتا ھەڵبژاردندا رێك ئەم ھاوكێشەیەی پێچەوانە كردەوە، بە جۆرێك بوونی ژمارەیەكی زۆر سكاڵا لەسەر ھەبوونی ساختەكاری لەم ھەڵبژاردنەدا، نیشانەی پرسیارە و بە جۆرێكە سەرۆك (دۆناڵد ترەمپ) لە تویتێكدا ئەوەی ڕاگەیاند، كە ھەڵبژاردنەكان لە ئەمەریكا ھاوشێوەی وڵاتانی جیھانی سێییەمە، بۆیە لە كۆتا ھەنگاویدا سەرۆك (ترەمپ) ھانی لایەنگرانی دا بۆ ھەڵكوتانە سەر باڵاخانەی كۆنگرێس، بەمەش گەورەترین زیانی بە مێژووی دووسەد ساڵەی دیموكراتی لە ئەمەریكا گەیاند و لە داھاتووشدا كاریگەرییە نەرێنییەكانی زیاتر دەبن.


لەلایەكی ترەوە، ئەمەریكا لە سەردەمی سەرۆك (ترەمپ)دا متمانەی خۆی لە دەست دابوو لە بەرامبەر ھاوپەیمانە ستراتیژییەكانی، نموونەی ئەورووپییەكان بە تایبەتی فەڕەنسا بە ڕادەیەك، كە لە زۆر ھەڵوێست گرژی كەوتۆتە نێوان ئەم دوو ھاوپەیمانەوە، ھاوكات ھەڵوێستەكانیان تەواو جیاواز بوون لە پرسی ئەتۆمیی ئێران و سووریا، سعوودیە لە كاتی پێشوازییە جیاوازەكەی لە سەرۆكی ڕووسیا (ڤلادیمێر پۆتن) لە ریاز، دڵگرانی و نیگەرانییەكانی خۆیی پیشان دا  لە لاوازیی ھەڵوێستی ئەمەریكا لە پرسە گەرمەكانی یەمەن و عێراق و سووریا لە پاڵپشتیی وڵاتانی سوننەمەزهەب بەرامبەر ھەژموونی ئێران، بە شێوەیەكی جیاواز توركیاش تەواو بە ئاراستەی ڕووسیا ھەنگاوی ناوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێ، وڵاتانی ھاوپەیمان تەواو بێمتمانە بوون بەرامبەر ئەمەریكا.
 

23/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر