پێگەی ھەولێر وەك پایتەختی ھەرێمێكی بەھێز لە ناوچەكەدا

محەمەد عەلی


لە كۆتا سەردانی باڵیۆزی ئەمەریكا (ماسیۆ تۆلەر) بۆ ھەولێر، لە ڕاگەیاندراوێكدا پاڵپشتی بۆ حكوومەتێكی یەكگرتوو لە كوردستان و ھەرێمێكی كوردستانی بەھێز دووپات كردەوە، كورتكردنەوەی دیدارەكانیشی تەنھا لە ھەولێر، بە مانای ئەوەی، ئەمەریكا تەنھا ھەولێر بە پایتەخت و ھاوكات سەنتەری بڕیاردان لە ھەرێم ھەژمار دەكات.


لە ڕابردوودا كاتێك داعش چەندین پارێزگای عێراقی كۆنترۆڵ كرد و پاشان بە ئاراستەی بەغدا جوڵەی كرد، كاردانەوەكان بەو جۆرە نەبوون، بەڵام كاتێك ئاراستەی بەرەو ھەولێر وەرگێڕا، وڵاتان بە سەركردایەتیی ئەمەریكا بەھێزترین كاردانەوەیان نواند و فڕۆكەكان بە ئاراستەی ھەولێر بەڕێ كران و ھەماھەنگی لەڕووی ھەواڵگری و سەربازییەوە لەگەڵ ھێزی پێشمەرگەی كوردستان چووە قۆناغێكی نوێوە، سەرباری ڕێگرییەكانی بەغداش، ئەمە لە كاتێكدایە لە دوای ڕووداوەكانی (١٦)ی ئۆكتۆبەر، ئەمەریكا و ھاوپەیمانان بۆیان دەركەوت كە كوردستانێكی بەھێز و بە تایبەتی ھەولێر، چەندە پێویستە بۆ دروستكردنی ھاوسەنگی لە عێراق و ڕێگریكردن لە فراوانبوونی پێگەی وڵاتانی ھەرێمی لە عێراقدا.


لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، جارێكی تر پێگەی ھەولێر بۆ ھەمووان دەركەوت، بە شێوەیەك رۆژانە ھێرشی مووشەكی بۆ سەر ناوچەی سەوز و بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە بەغدا بوونی ھەیە، كەچی كاردانەوەكان زۆر لاواز بوون، بەڵام كاتێك مووشەكەكان ئاراستەی ھەولێر كران، ھەمووان پاڵپشتیی خۆیان بۆ ھەولێر و حكوومەتی ھەرێم دووپات كردووە، بە جۆرێك تیرۆریستان مەبەستیان بوو بڵێن، ھەولێر ناسەقامگیرە، بەڵام كاردانەوەكان پێچەوانەكەیان سەلماند، ئەوەتا چەند ڕۆژێك دوای ئەم ھێرشانە، ئەرمینییا كۆنسووڵلخانە لە ھەولێر دەكاتەوە و سەرۆكی حكوومەتیش پڕۆژەی شەقامی (١٥٠) مەتری دەخاتە خزمەت ھاووڵاتیانی پایتەخت، ئەمەش وەڵامێكی ڕوونە كە ھەولێر لە كاروانی ئاوەدانی ناوەستێت و وڵاتانیش باوەڕی تەواویان  بە سەقامگیریی پایتەخت و سەركردایەتییە سیاسییەكەی ھەیە.


لە دوای كۆڕەوە ملیۆنییەكەی ساڵی ١٩٩١ كە ئەوكات ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كۆبوونەوەیەكی تایبەت كرد بە بارۆدۆخی كورد لە باشوور، ئەمجارەیان زۆر خێرا و ڕاستەوخۆ كۆدەبێتەوە بۆ لێكۆڵینەوە لە مەترسییەكانی سەر پایتەختی ھەرێمی كوردستان، ھاوكات (ناتۆ) ھێزەكانی لە عێراق زیاد دەكات و ھۆڵەندا ژمارەی ڕاوێژكارە سەربازییەكانی بە ڕێژەیەكی دیاریكراو بەرز دەكاتەوە، لە ھەمان كاتدا ئۆپەراسیۆنی تۆڵە، كە بنكەكانی میلیشیاكانی نزیك لە ئێرانی كردووەتە ئامانج لە سووریا، كە بەرپرسیارن لە ھێرشەكەی سەر ھەولێر، راستەوخۆ لەلایەن سەرۆك (جۆو بایدن)ـەوە سەرپەرشتی كراوە، ئەم ھەنگاوەش دەرخەری ئەو ڕاستییەیە، ئیدی ھەولێر لە ھاوكێشە ھەرێمی و نێودەوڵەتییەكان خاوەن پێگەی تایبەتە.


لە ماوەی كورتی داھاتوودا، بۆ یەكەم جار كەسایەتییەكی دیاری وەك پاپای فاتیكان (پاپا فرانسیس) سەردانی ھەولێر دەكات، بە دڵنییایەوە ئەمەش لە بۆشاییەوە نەھاتووە، بەڵكو ئەو ڕاستییە ڕوون دەكاتەوە، كە ھەرێمی كوردستان و سەركردایەتییەكەی چەندە سەركەوتوو بوون لە ڕەخساندنی كەشێكی ئارام بۆ پێكەوەژیانی گشت پێكھاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی كوردستان، ھاوكات وەك سوپاسگوزارییەكی ئەم كەسایەتییە دێت، كە كوردستان توانی ئەم ھەموو ئاوارە و پەنابەرە لەخۆ بگرێت، كە لە ترسی داعش و شەڕی تائیفی، ناوچەكانیان جێبھێڵن و كوردستان بكەن بە شوێنی نیشتەجێبوونیان، ئەمە بە دڵنیاییەوە  لە داھاتوودا كاریگەریی زیاتری دەبێت لە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و وڵاتانی ڕۆژئاوا و پاڵپشتیی زیاتر بۆ ھەولێر فەراھەم دەكات.
 

02/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر