دوا قسەم لەسەر کێشەی ئەردۆغان و فەرەنسا

ئارام رەفعەت

ژەهرێک دەرژێتە ناو جەستەی کۆمەڵگا، کۆمەڵگایەک چاوبەستە دەکرێت، چاوبەستەیەک دەخرێتە ناو ماشێنی فاشیزمی تورکیەوە... کوردێکی نەگبەتیش لەهەندەرانەوە، لەدووری هەزاران کیلۆمەتر خەونی چۆلەکەی هەیە و دەیەوێت کۆمەڵگاکەی لەژەهراوی بوون رزگار بکات.

ئەم روونکردنەوەیەم دوا بابەتم دەبێت لەسەر پرسی ئەردۆغان-فەرەنسا:

 

یەکەم:
چاوێک بە میدیای جیهانیدا و رۆژاوادا بگێڕن، دەبینن کە لەسەر ئاستی رای گشتی دونیا ئەردۆغان خاوەنی کەمپینی کاریکاتێرەکانە بەهەمان شێوە وڵاتە موسوڵمانەکان ئەوانەی بەشێکن لەو کەمپینە، بەتایبەتیش ئیخوانەکان، ئەردۆغان بەرابەری ئەوم کەمپینە دەزانن. هەر بۆیە، هەموو ئەوانەی لەهەر جێیەکی ئەم دونیایە و بەهەر مەبەست و نییەتێک بەشداری ئەو کەمپینەن بەشدارییەکەیان دەچێتەوە ئاشی شەڕانگێزی و فاشیزمەکەی ئەردۆغانەوە. ئەوە بۆ کوردیش راستە. هەڵوێستی من و هەر ئازادیخوازێکی تریش دژ بەو کەمپینە لێرەوەیە.

دووەم:
سەرەڕای راستییە تاڵەکەی خاڵی دووەم، دژایەتی کردنی فەرەنسا و بەرگری لە پیرۆزی و بیروباوەڕەکانی مافی هەرکەسێکە. بەڵام، کەمپینەکەی ئەردۆغان و ئیخوانە هاوپەیمانەکانی لە کوردستان پڕاوپڕە لە چەواشەکردن و گەوجاندن. بۆ نموونە خەڵک وا تێگەیەنراوە کە:

مامۆستا سەربڕاوەکە کاریکاتێرەکانی دروست کردووە (راست نییە).
ماکڕۆن دژایەتی ئیسلام دەکات (راست نییە)

لە وتارەکانیدا بێڕێزی بە پێغەمبەر کردووە (راست نییە).
هانی کاریکاتێرەکانی داوە تا کاریکاتێری زیاتر لەسەر پێغەمبەر بکەن (راست نییە).
هەر تاکێک بەو شێوەیە تێگەییشتبێت و لەسەر ئەو بنەمایەش پەیوەست بووبێت بە کەمپینەکەی ئەردۆغانەوە، ئەوا گەوجێنراوە.

سێیەم:
کەلتوری سیاسی، سیستەمی سیاسی و فەزای ئازادی و سیستەمی خوێندن لە فەرەنسا تەواو جیاوازە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. هەوڵدان هەموارکردن و گۆڕینی ئەو کەلتور و سیستەم و فەزایە بەجۆرێک پیرۆزییەکانی ئێمەی (بە مەفهوم و تێگەییشتنی ئێمەی) تێدا پارێزراو بێت بە پەیوەستبوون بە بەرەی فاشییزمی ئەردۆغان-ئیخوان ناکرێت. ئەمە رێکاری دیبلۆماسی، سیاسی، لۆبی و حقوقی دامەزراوە نێودەوڵەتیەکانە. کورد لەدەرەوەی ئەم دامەزراوانە دایە. ئەوە ئەرکی ئەو ٥٦ نەتەوە و وڵاتە موسوڵمانانەیە کە سەدان جۆر پەیوەندی و کەناڵ و کارتی فشارییان هەیە. جا ئەگەر، ئەم نارەزایەتییانەی ئێستای میسرییەک، قەتەرییەک، سورییەک یان فەلەستینییەک نیوەی بچێتەوە نا ئاشی فاشیزمەوە، ئەوا هەوڵی کورد هەمووی دەچێتە ناو ئاشەکەی ئەردۆغانەوە.

چوارەم:
کۆمەڵگای کوردی، کۆمەڵگایەکی وێران، هەژار، پەراوێز کە بەهەزار و یەک دەردی ئابووری، هەژاری، گەندەڵی، بێ ستاتۆیی، بێ سیستەمی، کێشەی کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەوە دەناڵێنێت. هەر چەشنە هەوڵ و ئینێرژی و هەوڵێکی کورد سەرەتا دەبێت بۆ چاککردنی دۆخی کۆمەڵگاکەمان بێت. بە پێچەوانەوە، هەر سەنگەرگیری و تەرەفدارییەکی بێ هودەی کورد لەدژی زلهێزەکان نەک هەر هیچ سودی نییە، بەڵکو رەنگە بەگەورەترین زەرەر بەسەرماندا بشکێتەوە.


28/10/2020



وتارەکانی تری نوسەر