قسە بکە تا بتبینم!

محەمەد خۆشناو


«سوکرات»ی فەیلەسوفی یۆنانی ، بەر لە«٤٥٠» سال پێش زاین ، قسەی بۆ قووتابیەکانی دەکرد و ، لەم کاتەدا پیاوێکی پۆشاک بە تەرتەنە و باق و بریق بەجوانترین مۆروی گرانبەها لە نزیکیان بە لووتبەرزیەوە سەیری ئەوانی کرد و ، لەم ئان و ساتەدا ، رستە بەناوبانگەکەی بە پیاوە گووت:«ئەرێ هۆ کەسەکە قسە بکە تا بتبینم» ئەمە دەلالەتێکە کە حوکمدان بە ناواخنی ئەو قسەیەی کە پیاوەکە دەیکات نەک شێوەی دەرەوە ، مەبەستی بەها راستیکەی مرۆڤە.

 
 ئێستا لە هەرێمی کوردستان خەلکانێک پەیدابوونە ، لە راگەیاندن بەهەموو ئامرازەکانیەوە ، زیاتر سۆشیالمیدیا ، بونەتە مامۆستای قسەکردن ، لەهەموو شوێنێک ئامادەییان هەیە ، بۆ هەران بەدوای خۆدەرخستن و ناوبانگی ، جا کە قسەدەکەن ، دەست و لەشیان بەجۆرێک دەجوولێنن  کە کەسی بەرانبەر ناچار دەکەن پێیان بروا بکەن و ، ئەو گوزارشتانەش بەکاردەهێنن کە کاریگەریان لەسەر وەرگر هەیە ، ئەگەر سوکرات بێتەوە ئەم زەمەنەی ئێستا و ، بۆ ئەوەی هەق و ناهەق تێکەل نەبن دەیگووت؛«بەرهەمێک پیشان بدە هەتا بتبینم»!

 
هیچ شتێک لە قسەکردن و تەنزیرکردن ئاسانتر نیە ، کوردەواری قسەیەکی هەیە کە دەلێت« دەمە چیت لێ کەمە» ! قسەفرۆشان زۆرن و ، هەمیشەش بەزۆری دەمینێنەوە ، چونکە ئەوەی ئەوان دەیکەن ، هەموو کەس دەتوانێت بیکات ، لەپێشیانەوە فاشیلەکان.

 
هەندێکی تر هەن خۆیان لە پشت گوزارشتی قەبەقەبەی هەق و خێر و خۆشەویستی بۆ کورد و کوردستان شاردۆتەوە ، لە پشت ئەمانەوە قدیلانەی هەستی جەماوەر بە درۆ و دووروویی دەکەنەوە ، بەلام کاتێک پلەیەکی بەرز یا پارەی پێدرا قروقپی لێدەکەن ، یا هەیە گرێیەکی دەروونیی بۆماوەیی و پشتاوپشتی هەیە ، وا لە خاوەنەکەی دەکات ، هەمیشە لە چواگۆشەی رەتکردنەوەدا رابوەستێت ، هەموو ئەمانە گوێیان لەوە نیە کە ناکۆکیە سیاسیەکان کە« لە هەرێمی کوردستان رق و کینە جێگای گرتۆتەە» قوولتر بکەنەوە ، جاری وا هەیە زۆر هەلپەرستانە سنوور دەبەزێنن و پەلاماری ناخی کەسایەتیەکان دەدەن و ، ملیشیا ئەلکترۆنیەکانیان بەردەدەنە ئەم و ئەو ، بەمەش دەروازەی ناخۆشی بەروی یەکتریدا دەکرێنەوە و گرژی و تەنگژەی براکان لەسەر حسابی خەلک و بەرژەوەندی نەتەوەیی قوولتر دەبێت.

 
من وەک تەماشاکارێک ، هەرگیز سیاسەت و راگەیاندن و پەیوەندی کۆمەلایەتی و رۆشنبیری ، وەک ئەوەی ئەمرۆ قێزەوەن و سووک و ناشیرین نەبینیووە ، بازرگانیکردن بە سیاسەت و ئایین و دروشمی بریقەدار و پاتای بێئومێدی کردن و فیتنە و پروپاگەندە بە زەقی لەنێوانماندا تەشەنەی کردوە...زەمەنی هێرشکردنە سەر ولاتان لە دەرەوە رۆیی ، پێشتر سوپای ئیمپراتۆر بە ئاسانی هێرشی دەکردە سەر ولاتە دراوسێکانی ، هیتلر بە ئاسانی بەشێکی گەورەی ئەوروپای گرت ، هەندێکیش تاسلیمی بوون ، ئێستا ولاتانی بەهێز ئیش لەسەر ناوخۆی قەوارە و حکوماتی ولاتان دەکەن ، لەناوخۆ پەرتەوازەیان دەکەن و ، لە دەرەوەش بە هێزی نەرم کە ئامرازەکانی بریتین لە «هونەر ، راگەیاندن ، کلتوور ، مەنزومەی بەهای میللی ، نیزامی سیاسی و پێشکەوتنی زانستی»هێرش دەکەن ، کە پشت بە سەرچاوەکانی ئارەزوو پێدان و ناچارکردنی ئەوەی تر کە ئیرادەی ئەو ولاتە بە ویستی خۆی جێبەجێبکات.

 
کاری گشتی ، سیاسی بێت یا رۆشنبیری یا ئابووری بێت یا کۆمەلایەتی ، پێویستە خاوەنەکەی ئەزموونی کاروانێکی درێژ و فێربوون و مەشق و مانۆر و سەرکێشی و توانای ئیستیسنائی لەکاتی پێویستیەکاندا هەبێت ، واتە کەسەکە پێویستە لەو نیشتیمانەی ئێمەدا پێستێکی ئەستووری هەبێت ، بەلام بەداخەوە لە کوردستان ، لە غیابی نەبوونی وەلی ئەمر و ناوەندێتی لە بریاردان ، بۆتە تێکقژقژانێک کە کاریگەری کردۆتە سەر چارەنووس و بچووکردنەوەی  هەیبەتی هەرێمی کوردستان و خەلکەکەی و ، وایلێهاتووە ژمارەیەکی بەرچاو لە خاوەن توانای سنوورداری سیاسی و بێئەزموون و کەمی توانستی فکری و مەعریفی پەیدا بوونە کە تەرو و ووشک تێکەلاو بووە.

 
ئەمرۆ کوردستان پێویستی بە کەسانی بە ئەزموون و شارەزا و بەهرەدار لەکاری سیاسیدا هەیە ، کە لەبەرزترین ئاستدا و بەوپەری هۆشیاری و ووریایی و هەستیارانە و دبلۆماسیانە ، بەگیانێکی سیاسیانەی داهێنەرانە و بونیاتنەرانە کاربکەن ، بە ئامانجی ئاسایی کردنەوە و وەلانانی ناحەزی و دابەشبوون و ، گەشاندنەوەی خالە هاوبەشەکان... خوێندمەوە ، کە« بیکاسۆ» ی هونەرمەندی جیهانی دەیویست بچێتە ئەو قاوەخانەیەی کە بەردەوام بۆ دەچوو ، کچێکی گەنج لەبەردەمی وەستا و ، لەچرکەساتی بێدەنگی و رامانی هونەرمەندی گەورەدا لێی پرسی ، کە دەتوانێت لەو چرکەساتەدا وێنەی شتێک بکێشێت ، بیکاسۆ بەزەردەخەنە و بە پێوە بەخێرایی ، بە پەنجەکانی بە قەلەم رەساس لەسەر وەرەقەیەکی سپی تابلۆیەکی جوانی بە«٣٠» چرکە کێشا و بەسەرسورمانەوە دەنگی بەرزکردەوە و تابلۆکەی لەناو دەستی دانا و ، بەر لەوەی بروات بە کچەکەی گووت:« نرخەکەی ملیۆن لیرەیە» کچەکە بە شۆکەوە گووتی: مێۆنێک لیرە بۆ تابلۆیەک بە قەلەم رەساس کێشاوتە لە «٣٠» چرکەدا! بەئارامی وەلامی دایەوە:« وێنە کێشانی تابلۆیەکی نایاب بە «٣٠» چرکە مەشق و راهێنانێکی بەردەوام و ماندوبوونی«٣٠» سالی خەیاندووە.

 
بۆیە بەهرە لە سوپەرمارکێت ناکردرێت ، با لێنەگەرێین کەسانی بە ئەزموون و شارەزا لە کون و کەلەبەرە سیاسیەکان ، بەهرەکانیان لەگەل خۆیان ببەنە ژێر گل ، چونکە ئەمانە بەتەواوی لەرووی سیاسی و فکری و سلوکیەوە پێگەییوون و ، دیدگاکانیان بۆ دەمەن و گۆرەپانەکان زیاتر شمولیترە و ، ماملەیان لەگەل ئەوانەی دەورووبەریان زیاتر هەریکاری تر و خۆراگری ترە ، ئێمە ئیمرۆ لە هەموو کات زیاتر پێویستیمان پێیانە بۆ چارەسەری کێشەکانمان.

 
نازانم ئەوەی باسمکرد ، خەیالە یەن نا ئەگەر خەیالیش بێت ، خەیالێکی رەوایە!


30/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر