لەگەڵ ئەوەی وڵاتی چین شوێنی سەرهەڵدان وبڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوو ، بەڵام لەئێستادا لەڕێزبەندی شەستهەم وڵاتدایە لەزۆری ژمارەی توشبواندا .
هەرێمی کوردستان کەژمارەی دانیشتوانەکەی کەمترە لە ( ٦٠٠٠٠٠٠)شەش ملیۆن کەس بەپێی داتاکانی ئەمڕۆ ( ١٢-١١-٢٠٢٠)ی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، لەئێستادا لەهەرێمی کوردستاندا ژمارەی توشبوان نزیکبۆتەوە لە ( ٨٨)هەزارکەس لەکاتێکدا ژمارەی توشبوانی وڵاتی چین کەژمارەی دانیشتوانیان زیاترە لە ( ١ )ملیارو ( ٤٣٩)ملیۆن کەس لەئێستادا دووهەزارتوشبویان لەئێمە واتا هەرێمی کوردستان کەمترە .
هەرئەمڕۆ لەو وڵاتە چڕوپڕلەدانیشتوانەی چین تەنها ( ١٥)کەیسی نوێی کۆرۆنا تۆمارکراوە ، لەکاتێکدا لەم هەرێمە خنجیلانەی خۆماندا ( ١١٧٠) کەیسی نوێ تۆمارکراوە،و ( ٢٩) هاوڵاتیش بەوڤایرۆسە گیانیان لەدەستداوە .
ئەم داتاوئامارانە کورت وپوخت پێماندەڵێت کەسیستمی تەندروستی چەندە لەم هەرێمە داڕماو،و وێرانەیە .
وێرانی سیستمی تەندروستیمان تەنانەت لەبەرامبەر حکومەتی فیدڕاڵی عێراقیش بەڕوونی دیارە،وژمارەی توشبوان ومردوانیش زۆرزیاترە .
تەنانەت ڕۆژانە ژمارەی کۆچکردوان بەکۆرۆنا لەهەرێمدا گەرزیاترنەبێت لەهەرپانزە پارێزگاکەی عێراق ئەوا یەکسانەپێی .
کارەساتە وڵاتێکی وەک عێراق لەڕێزبەندی وڵاتانی توشبوو بەکۆرۆنا لەپلەی ( ١٩)هەم دابێت ، کەتائەمڕۆ ژمارەی توشبوانی گەیشتۆتە ( ٥١١٨٠٦) کەس و مردوانیشی بگاتە ( ١١٥٣٢)کەس .
ئەم داتاوئامارانەی عێراق وهەرێمی کوردستانیش پێماندەڵێت کەتاکە شت پێویستە بیکەین پابەندبوونەبەڕێکارەکانی خۆپارێزی وڕێنماییە تەندروستیەکان ، بەواتایەکی تر دەبێت خۆمان بەفریای خۆمان بکەوین .
بەپێی دواین ئامارلەجیهاندا هەرچەندە سات بەسات لەزیادبون وگۆڕانکاریدایە ژمارەی توشبوان ومردوان بەم شێوەیەیە ؛
ـــ ژمارەی توشبوان لەجیهاندا گەیشتە (٥٢)ملیۆن (٧٣٨)هەزارو(٢٠١)کەس .
ـــ ژمارەی مردوانیش ( ١)ملیۆن و(٢٩٣)هەزارو(٦٣٠)کەسە.
ـــ چاکبوانیش گەیشتۆتە( ٣٨)ملیۆن (١٣٠)هەزارو(٧٩٧)کەس.
تەنها لەمڕۆشدا ( ١٢-١١-٢٠٢٠) ( ٣١٠)هەزارو(٤٠٥)کەس توشی کۆرۆنا بوون .