ئێمەی پاکی نەحەساوە..

ئاریان فەرج


قسەی قەشەیەكی لوبنانیم بیرناچێتەوە كە چەند ساڵێك لەمەوبەر لە وەسفی ئەم مەفتەنەی ئێمەدا گووتی: كوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاكە سەرزەمینی زۆرینە موسڵمانە كە پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكە لە جیاتی لێی رابكەن، بۆی رادەكەن.

پیشوازیی كەموێنەی پاپا و قوداسەكەی یاریگای فەرنسۆ هەریری، هەولێری بێ ناولێنان، وەك پایتەختی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئایینەكان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەجیهان ناساند. پایتەختی هەرێمێكی رووسوور و نموونەی رێزگرتنی باوەڕی جیاجیای ئینسانەكان، بەلام لە هەمان كاتدا پایتەختی گەلێكی قەیرانبار و مافخوراو و نەحەساوە..

ئەم دژبەرییە لە كوێوە سەرچاوە دەگرێ، ئەم خاكە بۆ لەیەك كاتدا هەم ستایشكراو و رووسوورە و هەم مافخوراو و گیرۆدە؟ چۆن بە سادەیی لەم هاوكێشە ناهاوسەنگە تێبگەین:  

لە شەرحی ستاییشدا:

ئەو موسڵمانە!ی راونانی غەیرە دین و غەیرە مەزهەبێك وەك دەرفەتی بەدەستهێنانی ئەجر و سەواب دەبینێ و كەچی موسڵمانەكەی كوردستان پاراستن وداڵدەدانی هەمان غەیەرەدین ومەزهەب بە دەرفەتی لەخۆ رازیكردنی خودا دەبینێ، سەربە دوو تێگەیشتن و دین و دنیابینیی جیاوازن، بۆیەش سەیر نییە لێرە لێبوردەیی هەبێ و لەوێ نا، لەوێ خەڵك هەڵین و لێرە ئۆقرەبگرن. ئێرە سوپاس بكرێ و داوابكرێ چاوی لێبكرێ، لەوێش داوا بكرێ مافی مان بە پەیڕەوانی دینەكانی دیكە رەوا ببینرێ. لێرە پاپا لەبەردەم مەلایەكی كورد بچەمێتەوە و لەوێش بە چاوی پر عەتەبەوە فرمێسك بۆ بەناحەقكوژراوانی كەنیسەی نەجات بڕیژێ. بەسەر ئێرەدا ستایش ببارێنێ و بەسەر ئەوێدا ئامۆژگاری و گلەیی.

ئێمەی كوردی موسڵمانی ئەم نیشتمانە كە ساڵەهای ساڵ لەگەل پەیرەوانی ئایینەكانی دیكە لە یەك جام تاڵی جەور و بندەستی و چەوسانەوەمان چەشتووە، مزگەوت و كەنیسەمان پێكەوە سوتاون، لێبوردەیی ئایینیمان زادەی ئەو مێژووە هاوبەشەیە كە بۆتە باوەڕ و فەرهەنگ و پەروەردە، بۆیەش رەگداكوتاوە. 

ئێمە پاكین.. پاكی بەو مانایەی دەستی موسڵمانانەمان بە خوێنی هیچ ئایینپەروەرێكی دیكە سوور نییە، دەستی میهرەبانیمان بە هانای هەموانەوە چووە، بۆیەش پاپا لە ناخێكی راستگۆیانەوە بوو كە دوو جار داوای لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد وەك گەلێكی بەخشندە و میهرەبان، دوعا و نزا بۆ ئەویش بكەین..

لە شەرحی گیرۆدەییدا:

ئێمەی كوردی پاك، ئێمەی میهرەبان بەرامبەر هەموان، ئێمەی فریادڕەس و داڵدەدەری لێقەوماو و ستەمدیدان، ئێمەی ستایشكراوی گەردەن ئازاد، لە ئاست هەمووان سنگكراوە و لێبوردەین جگە لە خۆمان. بۆ هەموان سەرفی نەزەر و گیانی بەخشین شك دەبەین، جگە لە خۆمان. لە هەموان وەك نەتەوە و میللەت دەڕوانین و لە خۆمان وەك ئەحزاب و فیرقە و تیرەی سیاسی ناكۆك و پێكەوە نەكڵۆك، بۆیەش هەر نەحەساوە و چاولەڕێ و قەیرانبار و مافخوراوین.

ئێمە داوا لە دونیا دەكەین وەك یەك نەتەوە و میللەت بمانبینن و مافمان پێرەوا ببینن، بایی ئەو رەوا بینینە و زیاتریش قوربانیمان داوە و شایستەیی و ئیرادەی ژیان و بنیاتنان و پیشكەوتنمان سەلماندووە، بۆیە داواكەمان رەوایە و هەر ئەوەندەی كەمە ئێمە خۆشمان وەك یەك نەتەوە و یەك میللەت خۆمان نمایش بكەین نەك پەتەوازە و لێكترازاو، بەڵام ئایا ئەوە دەكەین!!.  

تا ئەوە نەكەین .. هەولێرەكەی ئێمە هەم پایتەختی لێبوردەیی و پێكەوەژیانی ئازادانەی دین و نەتەوە و ناسنامە جیاوازەكان بووە و دەبێ، هەم پایتەختی گەلێكی مافخوراو و قەیرانبار و نەحەساوە و رەنج بەخەسار.

 

08/03/2021



وتارەکانی تری نوسەر