دوو "سێگۆشەکەی" ناوچەکە و دوارۆژی کورد

د. سامان شاڵی
ووڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی ایران، تورکیا و سعودیە لە بارێکی ئارامی سیاسی و بازرگانیدا بوون و پەیوەندی پتەویان لەگەڵ ئەمەریکا هەبوو، بناغەی ئابووری لە گەشەدا بوو بە تایبەتی کە نرخی نەوت تۆماری بەرزبوونەوەی بەدیهێنابوو.

لە ساڵانی ١٩٧٩، ١٩٨٠ و ٢٠٠٣ چوار ڕووداوێ گەورە لە چەند ناوچەیەکی ڕۆژهەڵات ڕوویدا کە بوو بەهۆی سەرەتای درووسبوونی گۆڕانکاری سیاسی و کۆمەڵایەتی.

لە ١١/٢/١٩٧٩ شای ئێران ووڵاتبەدەر کرا و دەسەڵاتی شیعە مەزهەب کۆنترۆڵی ئێرانیان کرد و کۆماری ئیسلامیان دامەزراند.
یەکێک لە دەرئەنجامەکانی شەڕی نێوان ئەفغانستا و یەکگرتووی سۆڤیەت لە نێوان   (٢٩/١٢/١٩٧٩- ١٥/٢/١٩٨٩) درووستبوونی ڕیکخراوی "القاعدە" بوو.
جەنگی نێوان عیراقی بەعس و ئێرانی خومەینی کە هەشت ساڵی خایاند (٢٢/٩/١٩٨٠-٢٠/٨/١٩٨٨) بوو بە بناغەی داگیرسانەوەی شەڕی سەدەها ساڵەی نێوان مەزهەبی سونە و شیعە لە ناوچەکە.
جەنگی خەلیج و لابردنی صەدام حسین لە ١٩/٣/٢٠٠٣ و دواتر لە سێدارەدانی، هاندەرێکی گەورە بوو بۆ زیاتر بەهێزبوونی مەزهەبی شیعە و ئێران لە ناوچەکە و سەرەتای هەڵدانەوەی ناکۆکیەکانی نێوان سونە و شیعە بۆ جارێکی تر لە مێژوودا.
لە دەرئەنجامی خاڵی سەرەوەدا "داعش" درووستبوو بە مەبەستی سنووردیاریکردنی هێزی مەزهەبی شیعە و ئەگەری دامەزراندنی خەلافەتی سوونی.

ئەگەر سەیرێکی ئەم چەند نەخشە سیاسیەی خوارەوە بکەین، دوو "سێگۆشە" دەبینین لەگەڵ گۆڕانکاریەکاندا:

 























ئەم سێگۆشەیە درووستبوە بۆ ڕێگرتن لە پەرەسەندن و ویست و ئامانجەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ناوچەکەدا کە  عراق و سوریا و لوبنان دەگرێتەخۆی دواتریش بەرەو سعودیە و ووڵاتانی کەنداو بکشێت. شایانی باسە کە ئامانجەکانی ئەم سێگۆشەیە درزی تێکەوت دوای کوودەتا سەرنەکەوتووەکەی تورکیا و نیگەرانیان لە ئەمەریکا وفشاری ئابووری ڕوسیا دوای خستنەخورارەوەی فرۆکە ڕوسیەکە لە لایەن تورکیاوە، هەروەها پێشڕەوی کوردی ڕۆژئاوا پشتوانی ئەمریکا بۆیان کە تورکیا بە مەترسیەکی گەورە دایدەنێت و ڕوسیای ناچار کرد بەرەو ڕوسیا و ئێران بڕوات.
 

دوای کوودەتاکە، تورکیا لەناو سێگۆشەیەکی ترا دەبینرێت ئەویش لەگەڵ ئێران و ڕوسیادایە و لەهەمان کاتدا خەریکی پەیوەندی بەهێزکردنە لەگەڵ ئیسرائیل و پرسی فەلەستینی وەلا کردوە و پەیوەندیەکانیان گەڕانەوە سەر ئاستی پێشوو. ئەمەش بۆتە هۆی درووستبوونی مەترسیەکی نوێ کە ئەمەریکا و سعودیەیە بەرامبەر تورکیا. تا ئیستا ڕوون نیە ئایا لە هاوپەیمانی ناتۆ دەردەچێت یان دەمێنێتەوە چونکە ناتوانێ لەگەڵ ڕوسیا و ئەمەریکادا بێت لەهەمان کاتدا. دەنگێکی زۆر پەیدابووە لە ئەمەریکا و ئەوروپا بۆ دەرکردنی تورکیا لە هاوپەیمانێتی ناتۆ.  بەڵام تورکیا بۆ بەرژەوەندی خۆی و پاراستنی دەسەڵاتی ئەکەپە گشت هێڵە سوورەکانی بەزان.. ئەمڕۆ تورکیا تاکە حوکمی ئیخوانی موسلما نانە لە جیهاندا.

دەرکەوتنی داعش لە ناوچەکە لە مانگی حوزەیرانی ٢٠١٤ کە بەشێک بوون لە "القاعدە" سەرجەم هاوکێشەکانی ناوچەکەی گۆڕی، شەڕەکە بوو بە شەری سونە و شیعە و کوردیش بوو بە بەشێکی گرنگ لەم شەرەدا.
شەڕی داعش زۆر ڕوونە له عێراق، لەلایەک دژی حکومەتی عیراق و حەشدی شەعبی دەجەنگێ و لە لایەکی ترەوە دژ بە هەرێمی کوردستان وەک دەردەکەوێت لەم نەخشەیەی خوارەوە.


 
بەڵام هاوکێشەکانی شەڕی داعیش له سوریا وەک لەم نەخشەیەی خوارەوە دەردەکەوێت زۆر جیاواز و ئاڵۆزترە.

ئێمەی کوردیش وەک بۆمان ماوەتەوە لە ڕابووردوەوە تا ئێستاش هەمیشە بەش بەشین و هەرگیز یەکگرتوو نەبووین، هەر ئەمەش وایکردوە کە خاوەنی دەوڵەتی خۆمان نەبین.



کوردی باشور پەیوەندیان لەگەڵ ئەمەریکا و هاوپەیمانان و تورکیا زۆرباشە و پەیوەندی ناوچەیی لەگەڵ ئێران هەیە و لەگەڵ حکومەتی بەغدا باشنیە، بەڵام لەژێر فشاری ئەمەریکا پەیوەندی سەربازی دژی داعش باشە تا ئێستا. بەداخەوە لە باشور لەناو خۆماندا یەکنین، ئەمەش زەنگیکی مەترسیدارە لەسەر دواڕۆژی نەتەوەییمان بەتایبەتی دوای شەری داعش. ئەوەی جێی شانازی و سەربەرزیە پێشمەرگە قارەمانەکانمانە کە بەیەکگرتوویی سنوور و خاکی کوردستان دەپارێزن لە داعش و دوژمنانمان.

کوردی باکوور لەساڵی ١٩٨٥ وە تا ئێستا بە یەکگرتوویی دەجەنگێن دژی حکومەتی تورکیا و لەهەمان کاتدا بە هەموو هێز و توانایان پشتیوانی کوردی ڕۆژئاوا دەکەن و پەیوەندی و تێگەیشتنێکیان هەیە لەگەڵ حکومەتی عیراق و ئێراندا.
کوردی ڕۆژئاوا شەڕی داعش دەکەن بە هەماهەنگی لەگەڵ گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی سووری. پەیوەندیان لەگەڵ حکومەتی ئەسەد باشە و بەڵام پەیوەندیان لەگەڵ تورکیا زۆر خراپە لەبەرئەوەی تورکیا یەپەگە وەک بەشێکی پەکەکە دەیانناسێت. ئەمەریکا پشتگیریان ئەکات بەرامبەر شەری داعش و تورکیاش ئەم پشتگیریە بە مەترسیەکی گەورە دەزانێت. بەڵام لێرەدا پرسیارێک دێتە پێشەوە ئایا دوای نەمانی داعش ئەم پشتگیریەی ئەمەریکا چۆن دەبێت؟ ڕوون نیە تا ئێستا ڕۆل و مافی کورد لە سوریا دوای ئەم پرۆسانە چی دەبێ دوای داعش. بەهەمان شێوەی کوردی باشوور ئەونیش لەناو خۆیاندا ڕێکنین.

کوردی رۆژهەڵات لەم چەند مانگەی ڕابووردوودا جموجۆڵی سەربازی دەستپێکردوە دژی حکومەتی ئیسلامی ئێران. تا ئێستاش بەرەیەکی کوردستانی لە رۆژهەلات درووست نەبووە و بەجیاجیا کار دەکەن. ئەمڕۆ حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران چەکی هەلگرتووە و حزبەکانی تر سەیریان دەکەن.

گەر سەرنجێک لەسەر نەخشەی کوردستان بدەین دەبینین کە کورد لە هەر چوارپارچەکەی کوردستان لە جەنگدان بەبێ یەکگرتن لەبەر ئەوەی جیابەجیا پەیوەندی تایبەتیان هەیە لەگەڵ حکومەتە ناوەندیەکان کە هەریەکەیان دژی مافەکانی میللەتی کوردن. لەم بارەیەوە ئایا کورد ئەتوانێ بەم شیوەیە داوای سەربەخۆیی بکات؟

لە کاتێکدا دوژمنانمان لەگەڵیەک ڕێکنین بەڵام لەسەر دژایەتی کورد ڕێکن و ئێمەش لەگەڵیان ڕیکین بۆ دوشمنایەتی خۆمان.
 ئێستا کورد دەبێت چی بکات لە کاتی ئەم گۆڕانکاریانەی کە بەسەر ناوچەکەدا ڕوودەدات چۆن خۆی بپارێزیت لەم گەردەلوولە؟ ئایا کورد ئەتونێت خۆی بکات بە فاکتەرێکی بەهێز لە ناوجەکەدا؟ ئەگەر بە جدی ئەم خاڵانەی خوارەوە جێبەجێبکات هیوای ئەوە دەبێت کە وەک شەریکێکی کارا سەیرمان بکەن لە ناوچەکەدا: 

یەکبوونی ماڵی کوردی، بەرژەوەندی ئابووری تاک و حزب زاڵ نەبێت بەسەر بەرژەوەندی دوارۆژی میللەتەکەمان. ئەم خاڵه بناغەی سەره کی هه مۆخاڵه کانه. 
دامەزراندنی ستراتیجیەکی سیاسی و سەربازی نەتەوەیی لە نێوان هەر چوار پارچەکانی کوردستان.
یەکخستنەوەی هیزەکانی پێشمەرگە.
تەحریمکردنی شەری براکوژی له هەر چوارپارچەکەی کوردستان .
دەست تێوەرنەدان لە کاروباری پارچەکانی کوردستان لە لایەن پارجەکانی ترەوە.
بەشەکانی کوردستان ئازاد بن لە شێوەی حوکمی خۆجێی خۆی.
بەرژەوەندی خۆمان بخینە سەر هەموو بەرژەوەندیەکانی تر.
چەسپاندنی دیموکراسی، ئازادی، مافی مرۆڤ، سەربەخۆیی ئابووری، سەروەری یاسا و دامەزراندنی دەستوورێک کە مافەکانی هەموو خەلکی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت کە ببێتە هاندەرێک بۆ ووڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ئەوروپا بەکاربهێنرێت لەکاتی راپرسی گشتی سەبارەت بە سەربەخۆیی باشووری کوردستان. درووستکردی فشار لەسەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ پشتگیریکردن لە دۆزی کورد لە پیناوی درووستبوونی دەوڵەتی کوردی لە باشووری کوردستان. 
 
28-8-2016


29/08/2016



وتارەکانی تری نوسەر