گۆڕان .. بەرەوبوون بە یەکێتی دوو

شوان محه‌مه‌د
پێش هەفتەیەک لە هەڵبژاردنی رێکخەری گشتی و خانەی راپەڕاندنی گۆڕان، لەگەڵ چەند هاوڕێیەکی نێو بزووتنەوەی گۆڕان گفتوگۆمان لەسەر ئەو هەڵبژاردنە کرد، لە میانەی گفتوگۆکاندا، من مەترسی خۆم نەشاردەوە لە دەرچوونی سەرجەم کۆنە کادیرەکانی یەکێتی بۆ خانەی راپەڕاندن و پێم وتن " ئەگەر هەڵبژاردنەکە بەو شێوەیە نەڕوات کە مۆزایکێکی کۆنە یەکێتییەکان و گەنجانی نێو ئەو بزووتنەوەیە دەرچن، ئەوا ئەو دەمە ئێوە دەبن بە یەکێتی ٢".

ئەوەی رۆژی سێ شەممە ٢٥ تەموز لە هەڵبژاردنەکانی گۆڕاندا روویاندا دەمانگەیەنێتە ئەو راستیەی کە هێندەی فرسەخێکی ماوە گۆڕان ببێت بە یەکێتی دوو.
 
ئەوەی لەو هەڵبژاردنەدا روویدا تەنها مانۆرێکی کۆنە یەکێتییەکان و دیاردەیەکی نا دیموکراسی ئەو دەستبژێرە نەبوو، بەڵکو شکستی نوخبەی هەڵسوڕاوە گەنجەکانی نێو بزووتنەوەکەو ژنانی ئەو بزووتنەوەیەیە ( وەک دیدی گەنجانە، نەک وەک تەمەن). دەتوانین لە ئەنجامیشدا بڵێن: شکستە بۆ سەرجەم گۆڕان بە کۆنە یەکێتییەکان و نوخبە نوێکەوە.

کادیرێکی یەکێتی کە نیوەی تەمەنی خۆی لە نێو ئەو حیزبەدا بەسەربردێت، ناکرێت هەروا زوو شێوەی بیرکردنەوەو ستایڵی کارکردنی بگۆڕدرێت و، دەستبەرداری دەستەبەندی و مانۆری رێکخراوەیی و رێککەوتنی پێشوەختی نا دیموکراسی لەسەر پۆستەکان ببێت، ئەوان بەو شێوەیە پەروردەبوون، زەحمەتە بگۆردرێن، بەڵام دیوی سەرەکی گرفتەکە لە گەنجەکان و ژنانی بزووتنەوەی گۆڕاندایە کە نەیانتوانی بە گرووپ کاربکەن و وەک جەمسەرێکی تری بەهێزی نێو بزووتنەوەکە دەربکەون.

لەمانگی ئابی ساڵی ٢٠١٦ دا ئەو دەمەی کاک نەوشیروان لەدوای چارەسەر گەڕابووە کوردستان، بۆ هەواڵ پرسین لە باری تەندروستی سەردانم کرد، زیاتر لە کاتژمێرێک پێکەوە دانیشتین، دەستپێکی قسەکانی لەسەر گەنجەکانی گۆڕان بوو کە  بە گلەیی و رەخنەی دەستیپێکرد کە " ناتوانن پێکەوە بە گرووپ کار بکەن"، ئەوەی رۆژی هەڵبژاردنەکانی گۆڕان لە ٢٥ تەموزدا روویداو،  یەک تاکە گەنج و، یەک ژن نەیانتوانی سەربکەون بۆ خانەی راپەڕاندن، ئەنجامی ئەو پەرت و بڵاویەی گەنجان و ژنانی ئەو حیزبە بوو کە هەر زوو رێکخەرەکەیان تێبینی لەسەر هەبوو.

گەنجانی گۆڕان، یان بڵێن نەوەی دووەمی گۆڕان کە ئەو کەسانە دەگرێتەوە بەرپرسی کۆنی یەکێتی نەبوون و لە گۆڕاندا بەرپرسیارێتیان وەرگرت، بەدرێژای ئەو چەند ساڵەی دروستبوونی گۆران لە هەڵوەریندان و بەدەیان گەنجی خوێندەوارو ئاکتیڤیان ئێستا لەدەرەوەی بزووتنەوەکەن، ژمارەیەکی کەم لەو گەنجانە لەلایەن بەرپرسە کۆنەکانی یەکێتیەوە تەنگیان پێهەڵچنراوە تا ریزەکانی گۆڕان جێبهێڵن، بەڵکو بەهۆی یەکتر قبووڵ نەکردنەوە، هەر لەلایەن گەنجەکانی گۆڕان خۆیانەوە ناچار کراون ریزەکانی نێو بزووتنەوەکە جێبهێڵن.

گەنجەکانی گۆڕان بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو جگە لەوەی بەسەر گرووپی بچوک بچووکی بێ کاریگەردا دابەشبوون، هاوکات ناوبەناویش بوونەتە لێڕەواری " حاشیەی " ئەم بەرپرس و ئەو بەرپرسی کۆنە یەکێتیەکانی نێو گۆڕان و نەیانتوانیوە لەکارکردندا لەسەر کۆمەڵێک پرەنسیپی دیموکراسی کۆببنەوە.

ژنانی گۆڕان کە بەدەیان چالاکوانی بەئەزموونی کۆنی یەکێتی و نوێی تێدا گردبۆتەوە، ئەوانیش نەیاتوانییوە لە شوێنی بڕیاری نێو بزووتنەوەکەدا وەک گرووپێکی خاوەن کاریگەر شوێن و پێگەیان هەبێت.

نەرێتێکی تری نێو بزووتنەوەی گۆڕان کە لەمەیاندا هەردوو نەوە بەشدارن، نەوە کۆنە یەکێتییەکەو نەوە گەنجەکە، بڕوانەبوون بە پرەنسیپەکانی دیموکراسی، هەڵسوڕاوانی گۆڕان دەترسن لە پرۆسەی هەڵبژاردن کە ئەنجامێکی باش بەدەستنەهێنن و " بشکێن" لە کاتێکدا دیموکراسیەت بەتایبەتی لە وڵاتێکی وەک کوردستاندا پشوو درێژی و خۆڕاگری دەوێت، لەنێو دیموکراسیەتدا " تاک" بە تەنها ئامانج نییە، بەڵکو بەرەوپێشبردن و پەرەسەندنی دیموکراسیش ئامانجە، دیموکراسی پرۆسەیەکی رەها نییە رێژەکان وەک خۆیان بمێننەوە، بەڵکو ئەوەی ئەمڕۆ کەمایەتییە، سبەی دەبێتە زۆربە، گرنگ بەشداریکردنە لە پرۆسەکەدا، چونکە تەنها لەو ڕێگایەوە دۆخەکە دەگۆڕدرێت، نەک لە دوورەوە تەماشکردن.

دەستەی سەرکردایەتی گۆڕان پرۆسەیەکی نادیموکراسی ئەنجامدا، ئەو پرۆسەیە هێندەی نزیکی کردوونەتەوە لەو رێگایانەی دەیانباتەوە سەر یەکێتی، نیو هێندە نزیکی نەکردوونەتەوە لە گۆڕانێک کە وەک هێزێکی دیموکراسی نوێ خۆی نمایش بکات، هەر بۆیە گۆڕان لەبەردەم دووڕیانێکدایە کە بە ئێستاشەوە هیچ دوورنییە ببێتە هێزێک کە ‌هێدی هێدی ببێتە هاوشێوەی یەکێتی و، لێوان لێو بێت لە گرووپی بچووک بچوکی خاوەن بەرژەوەندی، هەروەها هیچ دوورنییە کە قۆناغ بە قۆناغ لە ساڵانی داهاتوودا لە بنەماڵەیی نزیک بێتەوە بەتایبەتی لە ئێستادا نەتوانراوە بەتەواوی ئەو توولە رێگایانە بگیرێت کە ئەو بزووتنەوەیە دەباتەوە نێو فەزای بنەماڵەیی. 
     


    
    


26/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر