چوار لایەنەکە..عاقیبەت خێربن..!

شوان محه‌مه‌د
ئەو کاتەی هەر چوار لایەنی ( گۆڕان و هاوپەیمانی و کۆمەڵ و یەکگرتوو ) کۆدەبنەوە و بەدڵە ڕاوکێ و نا ئارامییەوە وتووێژ لەسەر دواخستن، یان بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن، دەبێت ئەو راستییە بزانرێت کە ئەوە تەنها دەرئەنجامە، دەرئەنجامی ئەو دۆخەیانە  کە نەیانتوانی بڕیار بدەن بە یەک لیست بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.

رەنگە ئەمە دووەم هەڵەی ستراتیژی بێت کە ‌هێزە ناڕازییەکان، یان ئەوەی ناسراوە بە ئۆپۆزسیۆن، ئەنجامی دەدەن، هەڵەی یەکەم ئەو کاتەبوو کە گۆڕان وەک دووەم هێزی کوردستان دوای هەڵبژاردنی ٢٠١٣ بڕیاریان دا لە ئۆپۆزسیۆنەوە پێگەی خۆیان بگۆڕن و بەشداری حکومەت بکەن، دروستنەکردنی لیستێکی هاوبەشیش بۆ هەڵبژاردنی ٣٠ ئەیلول دووەم هەڵەی ستراتیژیە.

ئەگەر ئەم چوار لایەنە بە یەک لیست بەشداریان بکردایە، ئەوا دەبوونە قەوارەیەکی بێڕکابەری بەهێزی بەرامبەر پارتی، نەک وەک ئێستا شەڕی هەموویان بووبێت بە ململانێکردن لەسەر هێزی دووەم و سێهەم، پارتیش وەک یەکەمی بێڕکابەر بمێنێتەوە.

لەم حاڵەتەدا کە پلانەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان سەری گرت و ئەم چوار لایەنە ( کۆمەڵ ، گۆڕان ، یەکێتی ، پارتی ) نەیانتوانی هاوپەیمانێتییەک سازبکەن، ئەو دەمە ئەم لایەنانە خۆیان لە بێ ‌هێزیان دەرگا دەکەنەوە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی و یەکێتی، وەک لە راگەیاندنی کۆبوونەوەی سەرکردەی چوار لایەنەکە لە رۆژی١١ی ئابی ٢٠١٨ دا داوای ئەنجامدانی دیالۆکی نیشتمانی دەکەن، وەک ئەوەی ئەمان لە هەڵبژاردندا ساختەکاریان لە یەکێتی و پارتی کردبێت و، هەر ئەمان تەقەیان لە بارەگای یەکێتی کردبێت. 

ئەم چوار لایەنە، وەک لە کۆبوونەوەکەیاندا باسیان کردووە، بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە ٣٠ ئەیلول سازدەکرێت، سێ بژاردەیان لە بەردەستدایە، بەشداری، بەدڵنیایەوە مادام ئەوان نەیانتوانی لیستێکی هاوبەش دروستبکەن، خەڵکێکی زۆر وەک هەڵبژاردنی ١٢ ی ئایار بایکۆتی هەڵبژاردن دەکەن کە پشکی شێریشیان جەماوەری ئەو چوار لایەنە دەبن، بەدیاریکراوی جەماوەری گۆڕان و هاوپەیمانی. 

دواخستنی هەڵبژاردن کە ئەگەری دووەمی بەردەم ئەم چوار لایەنەیە، هەرچی کارەکانی کۆمسیۆن و سووربوونی پارتی یە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن، هیچ ئاماژەیەکی دواخستنی هەڵبژاردنی لێ بەدیناکرێت.

جەختکردنەوەی ئەم چوار لایەنە لەسەر دواخستنی هەڵبژاردن، هیچ جیاوازیەکی بەدیکراو ناهێڵێتەوە لە ئەخلاقی سیاسی ئەمان لەگەڵ پارتی و یەکێتی، کە  دۆخی حیزبەکانیان باش بوو، هەڵبژاردن بکەن ، دۆخی حیزبەکانیشیان خراپبوو، هەڵبژاردن دوا بخەن، کە لە داوای راپەڕینەوە ئەمە ئەخلاقی یەکێتی و پارتی بووە هەر کاتێک ویستبێتیان هەڵبژاردنیان ئەنجام داوە، بە پێچەوانەشەوە دوایان خستووە، لە کاتێکدا بەپێی ستاندارە جیهانییەکان لە وڵاتە دیموکراسییەکاندا، هەڵبژاردن لە دەستور، یان یاسایی وڵاتەکەدا هاتووەو بەشێکە لە میکانیزمەکانی دیموکراسیەت و هیچ حیزبێک مافی ئەوەی پێنادرێت کەی ویستی ئەنجامی بدات و، کەی دۆخی خراپبوو دوای بخات.

ئەگەری سێهەم، بایکۆتکردنە: بایکۆتکردن، ئەگەر بەشێکی پەیوەندی بە بێ هیوای خەڵکەوە هەبێت لە گۆڕانکاری و گەیشتبنە ئەو باوەڕەی چەندان هەڵبژاردنی تریش بکرێت پارتی و یەکێتی هەر لە دەسەڵاتدا  دەمێننەوە، بەشەکەی تری خەڵک لە ناڕەزایەتی و بێزاریانە لە هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن کە بەڵینیان دا جیاوازبن لە پارتی و یەکێتی، بەڵام هەمان رێچکەیان گرتەوەو هەمان ئەخلاقیاتی ئەوان دووبارە دەکەنەوە.

دوو پرسی گرنگ لەم خوولەی پەرلەمانی کوردستان مشتومڕی زۆری لەسەر کراو، گۆڕان و لایەنەکانی تر شانازیان پێوە دەکرد، یەکەمیان یاسای سەرۆکایەتی هەرێم کە بەهۆی ئەو ناکۆکییانەی لێی کەوتەوە هەموو دۆخی هەرێمی لە ساڵی ٢٠١٥ ەوە  تێکداو تا ئێستاش ئاسایی نەبۆتەوە، بەڵام دوایی گۆڕان بە سانایی سازشی لەسەر کرد، دووەمیان یاسایی دامەزراندنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمە کە پارتی لەدەستە باڵاکەیدا کەمایەتییە، وا خەریکە ئەم چوار لایەنە بە بایکۆت ئەو کۆمسیۆنەش پەراوێز دەخەن، باشە هاورێیان کە هەنگاو بۆ بایکۆت دەنێن، بۆ هەنگاوی یەکەم ئەندامەکانتان لە کۆمسیۆن ناکشێننەوە؟ ئێ باشە بایکۆت دەکەن، دوای ئەوە پلانتان چییە؟ هیچ دیار نییە..!!

هاوڕێیانی ئۆپۆزسیۆن، عەقڵی لۆکاڵی ئێوە کارێکی کرد پێشبینی دەکرێت ئەگەر بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەنگەکانتان بەشێوەیەکی بەرچاو کەمبێتەوە، ئەگەر نەڵێین دۆخی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیش دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی پێش ساڵی ٢٠٠٩ کە ئۆپۆزسیۆن دروست نەبووبوو، ئەوا جیاوازیەکی ئەوتۆی نابێت لەگەڵ ئەو ساتانەدا، دەبێت دان بەو راستییدا بنێن لەم گەمەیەدا ئێوە پاسێکتان دا بە پارتی ئاکامی و هەڵبژاردنەکانتان هاوشێوەی هەڵبژاردنی ٢٤ ی حوزیرانی تورکیا لێکرد کە ‌هێزێک زۆرینەیەکی بەرچاو بەدەستدەهێنێت و هێزێکی بچووکی پێویستە تا حکومەتی لەگەڵدا پێکبهێنێت، ئێوەش هەر خەریکی خەونە لۆکاڵیەکانی خۆتان بن..

پێرۆزتان بێت و عاقیبەتان خێربێت..!     
     


13/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر