یاخوا مەسرور بارزانی کوردستان بکات بەشامی شەریف..!!

شوان محه‌مه‌د

کاندیدکردنی مەسرور بارزانی لەلایەن باوکیەوە، مەسعود بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەتی هەرێم، هەڵگری چەندان کێشەی سیاسی یە:
- مەسعود بارزانی کاتێک مەسرور بارزانی کوڕی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچرڤان بارزانیشی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم پێشنیار کرد، ئەم بڕیارە ئەو راستەیەمان بۆ دووپات دەکاتەوە پارتی دەیەوێت بەتەواوی ئەزموونی حیزبی بنەماڵە بگوازێتەوە بۆ نێو دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێم، ئەم گۆڕانکاریە گەورەیە تەنها یەک پێناسی هەیە " مەسعود بارزانی و پارتی بەم هەنگاوەیان حوکمی بنەماڵەیان لە حیزبەوە گواستەوە بۆ حکومەت و سەرۆکایەتی هەرێم". لێرەدا پرسیارێکی سەرەکی رووبەرووی یەکێتی و گۆڕان و نەوەی نوێ وکۆمەڵ ویەکگرتوو و حیزبەکانی تر دەبێتەوە، ئایا ئەم شێوازەتان لە حوکمی پارتی قبووڵە؟ ئەگەر قبوڵتانە ئەوا بەتەواوی دەبنە پاشکۆی پارتی و پیرۆزتان بێت !.
 
- کاندیدکردنی مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی حکومەت و نێچیرڤان بارزانی بۆ پۆستی سەرۆکی هەرێم، گرفتێکی گەورە بۆ پارتی لە دابەشکردنی پۆستەکانی حکومەتدا دروستدەکات، ئەو گرفتەش لەوەدایە کە بەپێی زانیاریە سەرەتاییەکان پارتی سەرباری ئەوانەش دەیەوێت پۆستی راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لەلابمێنێتەوە، هاوکات جارێکی تریش وەزارەتی ناوخۆ وەربگرێتەوە، لەکاتێکدا کە هیچ لایەنێکیش لەم خولەدا وەزارەتی پێشمەرگەی ناوێت، چونکە جگە لە گرفتە گەورەکانی نێو خودی ئەم وەزارەتە، هەر کەسێکیش لە یەکێتی و گۆڕان ئەو وەزارتە وەربگرێت ئەوا دەبێتە سەربازێکی ژێر دەستی مەسعود بارزانی، بەحوکمی هەژموونی ناوبراو بەسەر هێزەکانی ٨٠ پارتی و بواری پێشمەرگایەتی و تێکڕای ئەو وەزارەتەوە. لەو کاتەدا هەرچی وەزارت و دەزگای ئەمنی و پێشمەرگایەتییە لەدەست پارتیدا دەبێت، قبوڵکردنی ئەمەش لەلایەن هێزەکانی ترەوە، نەک هەنگاوێکی کەڵفامانەیە، بەڵکو هەڵەیەکی ستراتیژیشە.

- دۆخی سیاسی نوێی عێراق و جێگیربوونی حکومەتەکەی د. عادل عەبدولمەهدی، ئەگەرێک لەبەردەم حکومەتی هەرێمدا دروستدەکات کە چەند کێشەیەکی هەڵپسێردراوی نێوان هەرێم و بەغدا بەرەو چارەسەرکردن بڕۆن، لەوانە: کێشەی بودجە و نەوت و پێشمەرگەو، شێوە رێککەوتنێک لەسەر ناوچە جێناکۆکەکان، لەم بوارەدا لەو باوەڕەدام نیم، مەسرور بارزانی بتوانێ سەرۆکایەتیەکی باشی ئەم قۆناغە بکات، لە کاتێکدا بێ ئەزموونە لەبواری ئیدارەدانی حکومەت و، تا ئێستا وەک کارکەتەرێکی سیاسی وشکی توند لە هەڵوێستەکانیدا دەرکەوتووە. 

 
- ئیدارەدانی حکومەتێک، وەک حکومەتی هەرێم کە هاوشێوەی لە جیهاندا نییە و، بەهێچ تیۆرێكی زانستی سیستەمی سیاسی نا توانرێت راڤەبکرێت، "handover " واتە دەستاودەستکردنی دەسەلآتیش لەم حکومەتەدا، نە لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمی ئێستا نێچیرڤان بارزانی کارێکی ئاسانە، نە لە دۆسیەی نەوت و گرێبەستە نەوتییەکان و، نە لە دۆسیە ئەمنییەکانیشدا بێ کێشەی گەورە و سەرئێشە تێدەپەڕێت..!   
 
- مەسرور بارزانی کە بۆ ماوەی شەش ساڵە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە، تا ئێستا نموونەیەکی باشی حوکمڕانی پێشکەشی حکومەت و خەڵکی کوردستان نەکردووە، ئەو لەگەڵ جێگرەکەی کە لاهوری شێخ جەنگی یە و سەر بە یەکێتی یە، زیاتر لە سێ سالێش دەبێت هەر کۆبوونەوەیەکی ئاسایی ئەو دەزگا گرنگە سازنەکراوە، نەک هەر کۆبوونەوەیان سازنەکردووە، بەڵکو یەکێکیان رووی لەشامەو ئەویتریان لە شیرازە.

- ئەو دەزگایە لایەنی هەرە کەمی شفافیەتی تیانییە، نە پەرلەمان و نە هیچ دەزگایەکی تر و نە کەسیش نازانیت ژمارەیان چەند کەسە..؟ نە کەسیش دەزانێت بووجەو نەسریەیان چەندە..؟ رەنگە ئەگەر فراکسیۆنێک، یان ئەندام پەرلەمانێک لە خوولەکانی پێشوودا داوای زانیاری کردبێت لەسەر ئەو دەزگایە، کردبێتیان بە شاخدا، بگرە هەر سیستەمی بایۆمیتریش نەچوو بە قەرەیاندا.

- مەسرور بارزانی کە راوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانە بەدرێژایی ئەو چەند ساڵەی رابردوو نەتوانیووە ئەمنی پایتەختی هەرێم بپارێزێت، ساڵ تێنەپەڕیووە، خروقاتیکی ئەمنی دۆخی پایتەختی نەهەژاندبێت، باشترین نموونەش هێرشەکانی سەر بینای پارێزگا و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێم بوو، جگە لە تەقینەوەو تیرۆرکردنی کەسانی ئاینی، تا دەگات کوشتنی کەسانی پایە بەرزی ناو خودی پارتیش.
   
لەهەموو ئەم حاڵەتانەدا کە ئێمەو مانان دەڵێین دۆخی هەرێم بەرەو خراپتر دەڕوات، خەڵکانێک پێمان دەڵێن ئێوە رەشبینن و هەرگیز نوقڵانەی خێر لێ نادەن، یاخوا ئەمجارە ئێمە هەڵەبین و دۆخی کوردستان ببێت بەشامی شەریف..! 


06/12/2018



وتارەکانی تری نوسەر