کاتێک شکۆی شارێک دەکەوێتە ژێر پرسیارەوە..!

شوان محه‌مه‌د

 

هەموو رۆژێک حیزبە دەسەڵاتدارەکانی کوردستان شکۆی هاوڵاتی کوردو هەرێمی کوردستان دەخەنە ژێر پرسیارەوە، یەکێتیش یەکێکە لەو هێزانەی کە بەشدارێکی سەرەکییە لە شکاندن و سووککردنی شکۆی هەرێم، بگرە هێزی یەکەم و سەرەکی شکاندنی شکۆی شاری سلێمانییە، ئەم کێشەیەی کە بەم دواییەش دروستیکردووە لە بابەتی دابەشکردنی غازی شل و تەقەکردن لە تانکەرەکانی گواستنەوەی گاز لە سنوری پارێزگای سلێمانی، دوا بزماری ئەو هێزەیە بە تابووتی ئەم شارەدا دایدەکوتێت.

 

 
چەند رۆژێکە کێشە کەوتۆتە نێوان دوو کۆمپانیای نزیکی هەردوو حیزبی حوکمڕانی ( یەکێتی و پارتی )، لەسەر دابەشکردنی گازی شل، ئەم کێشەیە گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بەبەرچاوی هێزە ئەمنییەکانی پۆلیس و ئاسایش و دەزگاکانی حکومەتەوە، لە ناوچەکانی پارێزگای سلێمانی چەند شەوێکە تەقە لە تانکەری گواستنەوەی گازەکان دەکرێت، ئەم کارەش جگە لەوەی پەرەسەندنێکی مەترسیداری ئەمنی مافیای نەوت و گازی هەردوو حیزبە، هاوکات قورساییەکی تری ئابوری خستۆتە سەرشانی خەڵکی کوردستان، کە لە سایەی ئەم حوکمڕانییەدا کێشەو قورساییەکان لە ژمارە نایەن.

 

 
ئەو کێشەیەی کە چەند رۆژێکە گرووپە ئەمنییە دەستڕۆشتووەکانی ناو یەکێتی دروستیان کردووە، هیچ نییە لە شەڕی دوو کۆمپانیای سێبەری پارتی و یەکێتی نەبێت کە لەسەر داهاتی غازفرشتن و گواستنەوەیە، ئەو ناکۆکیە هیچ پەیوەندییەکانی بەو ناهەقیەوە نییە کە لەهەرێمدا دەسەڵاتدارانی پارتی بەرامبەر سلێمانی و بگرە قەزاو ناحیەکانی هەولێر و شارەکانی تریش دەیکات.

 

 
دەڵێن لە سیاسەتدا ئەنجام گرنگە، ئەگەر حکومەتی هەرێمیش لە ئەنجامەکەیەوە تەماشابکرێت، ئەم حکومەتە لە پاشکەوتی مووچە بەپێی لێدوانی بەرپرسانی حکومەت ١٢ ملیار دۆلار قەرزاری مووچە خۆرانە، تێکرای قەرزەکانی ناوخۆ و کۆمپانیاکانی دەرەوە نزیکەی ٢٥ ملیار دۆلارەو، بەهۆی ئەم سیاسەتە شکستخواردوەوە، چەندان نەوەی داهاتوویان خستۆتە ژێر قەرزەوە. ئەگەر ئەو بڕە پارەیەی مانگانەی حکومەتی بەغدا دەینێرێت بۆ هەرێم ببڕدرێت کە ٥١% مووچەی هەرێمی پێدابین دەکرێت، ئەوا هاوڵاتیان وەک ساڵانی رابردوو دەڕژێنەوە سەر شەقام و ئەمجارە کەسیش نازانێت رەشەبای خۆپیشاندان چارۆکەی کەشتیەکەی هەرێم بەرەو کام بنی دەریایە دەبات، دۆخی ئێستای کارەبای هاوڵاتیان ئێرەیی پێنابرێت، دۆخی سووتەمەنی ساڵ بەساڵ خراپتر دەبێت، گەنج ساڵانە نزیکەی ٤٥ هەزار لە کۆلیژ و زانکۆکان بڕوا نامە بەدەستدەهێنن و دواتر روو لەبازاڕی بێکاری دەکەن، ئینجا بە چ روویەکەوە کێشەی تری نەمانی غاز و کێشەی ئەمنی بۆ دروستدەکەن.

 


سەندنەوەی مافی سلێمانی کە دەبێت ببێتە سەندنەوەی مافی هاوڵاتیان هەرێم و دەستەبەرکردنی دادوەری لەسەرتاسەری هەرێمدا، لەرێگای دەستڕێژی گوولەوە لە چەند تانکەرێک ناکرێت، ئەمە جگە لە دروشمێکی درۆزنانە کە لەپشتیەوە کۆمەڵێک مافیا دەبینرێت هیچی تر نییە، نابێت خەڵکی سلێمانی و هەرێم کە بەدڵنیایەوە ئەو خەڵکەن کە لەدەرەوەی حیزبە کوردیەکانەوەن و لە دوا هەڵبژاردنی ٢٠١٩دا نزیکەی لە ٥٠% بەشداری دەنگدانیان نەکرد، رێگا بدەنەن شکۆی شارەکەو ناوبانگی هەرێمەکەیان لەمە ناشیرینتر بکرێت، سەندنەوەی مافی ئابووری و ئیداری سلێمانی و، هاوڵاتیبوون و دیموکراسیەت و دادورەی لەسەرتاسەری هەرێمدا، لە رێگای خەباتێکی سیاسی و مەدەنی و جەماوەرەیەوە دەبێت کە دووربێت لەهەموو توندتیژیەکەوەو، خەباتێکە لەپێناو نەهێشتنی دەسەڵاتی بنەماڵەیی مافیاویی، جا لە هەولێر بێت، یان لە سلێمانی، لە سەر چیایەک بێت، یان لەسەر گردەکان.



05/02/2020



وتارەکانی تری نوسەر