بەراشکاوی: من لەگەڵ کردنەوەی مزگەوت‌و قوتابخانە و زانکۆکان نیم

شوان محه‌مه‌د

بەراشکاوی: من لەگەڵ کردنەوەی مزگەوت‌و قوتابخانە و زانکۆکان نیم، لەبەر ئەم هۆکارانە:

- کۆرۆنا پەتایەکی جیهانییە، لەسەر ئاستی لۆکاڵ چارەسەر ناکرێت و ناتوانیت بەسەریدا سەرکەویت، هەر بەرپرسێک لەهەر ئاستێک و پلەیەکدا بێت و، بڵێت سەردەکەوین بەسەر کۆرۆنادا، عەقڵی بچووکە.

 
- کورد و گەلانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەگشتی خاوەنی هێزێکی زانستی و ئابوری وا بە‌هێز و گەورەنین تا دەرۆستی ئەو ڤایرۆسە بێن، ئەبێت عەقڵی کوردی دەستبەرداری ئەم کەڵفامیە بێت.

 
- کورد تەنها لە رێگای خۆپارێزیەوەو لەرێگای کۆمەڵگاوە دەتوانێت تا رادەیەک خۆی بپارێزێت.


- لەیەکەم ساتەوە وەک رۆژنامەنووسێک لەگەڵ ناوەندەکانی تەندروستی و لەو چەند ئیشە کەمە رۆژنامەوانیەی کردوومە داوای شەفافیەتم کردووە لەبواری دارایی و ئیداری ئەوەی پەیوەندی بە کۆرۆناوە هەیە، تا ئێستا شەفافەیەتێکی زۆر کەم هەیە بەتایبەتی لەنێوان هەولێر و پارێزگاکان و پارێزگاکان و خەڵکدا.

 
- دژی کۆکردنەوەی کۆمەکی مەرکەزیم لە حکومەت و هەولێرەوە، لەلایەکەوە قوتدانی کۆمەڵگایە بەکایە ئابوریە ئۆتۆنۆمەکەیەوە، لەلایەکی ترەوە زۆرن ئەو دەوڵەمەندانەی بڕاو ومتمانەیان بە حکومەت نییە، حکومەتێک دەست بۆ پارەی بلۆککراوی نەخۆشی شێرپەنجە بەرێت، خەڵک و دەولەمەند بۆ متممانەی پێ بکات.

 
- ئێمە لە سعودیە موسڵمانترنین کە کەعبەی داخستووەو جەختە لەسەر نەکردنی نوێژی بەکۆمەڵ دەکاتەوە، داواکردنی کردنەوەی مزگەوتەکان لەهەرێمی کوردستان فڕی بە زانستەوە نییەو زیاتر سۆزێکی ئاینییە، لە کاتێکدا کەمن ئەو دەنگانەی داوای کردنەوەی زانکۆ و قوتابخانەکان دەکەن، کە ئایندەی کۆمەڵگایان لەسەر بەندە، کەچی یەک و دوو داوای کردنەوەی مزگەوتەکان دەکەن. من رێزم هەیە بۆ هەموو ئاینەکان، بەڵام لەم دۆخەدا دەبێت گوێ لە پزیشەکەکان بگرین.

 
- دەبێت دەسەڵاتی سیاسی لەم قۆناغەدا بێتە دواوەو لەزۆر بواردا پاشەکشەبکات و عەقڵی تەندروستی بەڕابەرو سەرکردە بزانێت، ئەوەی ئیدارە لە پارێزگای دهۆک کردی ( سەرکەوتن بەسەر کۆرۆنادا ) هەڵەیەکی ستراتیژی بوو، هەق نییە، رێگابدرێت لە پارێزگاکانی تر دووبارە بێتەوە، عەقڵی سیاسی کورد پێشئەوەی خۆی بسەپێنێت بەسەر عەقڵی زانستی کە ئەمڕۆ خۆی لەنەخۆشخانەو پزیشکەکاندا دەبینێتەوە، با بچێت بیر لە چارەسەری قەیرانەکانی خۆی لە حوکمڕانی و قەیرانە ئابوریەکانی بکاتەوەو، بڕیار لەسەر کۆرۆنا جێبهێڵێت بۆ پزیشکەکان.

 
- دەبێت وەزیر و بەڕێوەبەرە گشتیەکانی تەندروستی راشکاوانەتر و بوێرتر دەنگ هەڵبڕن و خۆیان بکەنە " هێز "و بڕیاری زانستی بەسەپێنن بەسەر دەسەڵاتی سیاسی و دەسەڵاتی ئاینیدا، بەراشکاوانەتر ئێستا کەعبەو کەنیسەو رابەرە سیاسیەکان کەسیان بەدەورەوە نییەو هەموویان لەدەوری پزیشک و توێژەرە زانستیەکان کۆبوونەتەوە بۆ رزگارکردنی مرۆڤایەتی لەم پەتایە.

 
- ئەمە چەند سەرە دێڕێکە لەڕای بەندە و بینینی ئەو ئاڵوگۆڕە قوڵانەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا روودەدات، هیوادارم لەگەڵ کۆتایی هاتن بە کۆرۆنا لەسەر ئاستی جیهان، لە کۆمەڵگای کوردیشدا کەمێک عەقڵ و دەسەڵاتی زانستی سەربکەوێت و بەسەر دەسەڵاتەکانی تردا.


23/04/2020



وتارەکانی تری نوسەر