دەزگای " سپی " پێی نایە ساڵی هەشتەمی تەمەنییەوە

شوان محه‌مه‌د

 

ئەمڕۆ ١٣ی حوزەیران حەوت ساڵ بەسەر دەرچوونی گۆڤارو ماڵپەڕی سپی میدیا، وەک بەشێک لە میدیای ئازاد و ئەهلی، تێدەپەڕێت.

 
هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە " سپی " هەوڵی داوە لەبەر رۆشنایی پرەنسیپەکانی میدیایەکی ئازاد و هاوچەرخ  کاربکات، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو نەرێتەی میدیای ئەهلی لە کوردستاندا لەساڵی ٢٠٠٠ەوە پەیڕەوی کردووە( کاتی دامەزراندنی رۆژنامەی هاوڵاتی)، لەم بوارەشدا " سپی " پابەندبووە بە رێچکەی ئەو کاروانەوە کە ئەم  میدیایە دایڕشتووە و هەوڵی داوە سەرباری هەموو ئاستەنگەکان بە وەفابێت بەرامبەر ئەم پرەنسیپانە.


" سپی " بە درێژایی ئەو حەوت ساڵەی تەمەنی کارکردنی، کاریکردووە کە سەرچاوەیەکی سەربەخۆی هەواڵ و زانیاری بێت و، دووربێت لە هەموو کاریگەریەکی هەژموونی سیاسی حیزبەکانی کوردستانەوە، هەروەها سەکۆیەکیش بووە بۆ بیروڕا جیاوازەکان، وەک هەرچۆن هەوڵی داوە تەوەرەی کارکردنی هاوڵاتیانی کوردستان بێت و داکۆکی لە مافە ژیاریەکان و دیموکراسیەکانیان بکات.


ئەم دۆخەی میدیا ئازاد لە کوردستان پیایدا تێدەپەڕێت،  دۆخێکی پڕ لەمپەڕ و کێشەیە، دەسەڵاتی سیاسی لە کوردستاندا فەزایەکی میدیایی ئەوتۆی هێناوەتە ئاراوە کە ئەگەر سەرکەشی ئەو دەستبژێرەی کۆمەڵگا نەبێت کە ئەم میدیا ئازادانە بەڕێوە دەبەن، دەمێک بوو لەسایەی قۆرخکردنی میدیایی و  ئابوری میدیای دەسەڵاتی کوردیدا، ئەم جۆرە میدیایە گۆڕپانەکەی چۆڵ کردبوو.


بەدرێژای بیست ساڵی تەمەنی میدیای ئازاد لە کوردستان، نەک ئەم دەسەڵاتە زەمینەی خۆش نەکردووە ئەم فۆرمە لە میدیا گەشە بکات، بەڵکو بە پێچەوانەوە هەمیشە لە مانۆردا بووە بۆ ئازاردان و دەمکوتکردنی و دەستەمۆکردنی و کڕینی دەزگاو رۆژنامەنووسەکانی، ئەویش لەرێگای ئەو سەروەت سامانە بێ شوومارەی تەرخانی کردووە بۆ ئەم بوارە، هاوکات دەستیکردووە بە دروستکردنی چەندان شێوەی میدیای زەبەلاحی سێبەر کە ئەستەمە ئەم فۆرمە لە میدیای ئازاد بتوانێت کێبەرکێی لەگەڵدا بکات، زۆربەی هەرە زۆری ئەو میدیانەش لە موڵک و ماڵی گشتی بە راستەخۆ و ناراستەوخۆ بەڕێوە دەبرێن و سەرچاوەی داراییان گوماناویە.

 
  
پێویستە دان بەو راستیە تاڵەدا بنێین کە ئەم جۆرە میدیایە ئێمە لەم ژینگەیەی دەسەڵاتی کوردی دروستی کردووە، تا رادەیەکی بەرچاو کاریگەری لەسەر کۆمەڵگا کەمبۆتەوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە زەمینەی بابەتی هەلومەرجی کوردستان، زەرورەتی بەردەوامبوونی ئەم جۆرە میدیایە نەسەپاندووە، بگرە لەم دۆخە قەیراناوییە هەمەلایەنەی ئەمڕۆی کوردستان لەهەموو کاتێک زەرورترە میدیای سەربەخۆ گەشە بکات و ببێتە سەرچاوەی باوەڕپێکراوی هاوڵاتی کوردو، بەشداری بەرچاوی هەبێت لە دروستکردنی رای گشتی و چاندنی تۆوی گۆڕانکاری.


ئەم جۆرە میدیا سەربەخۆیانەی وەک " سپی " کە لە هەرێمی کوردستاندا ژمارەی ئەم میدیانە لە پەنجەی دەستێک تێناپەڕێت، بەدەر نییە لە کەموکوڕی و نەخوێندنەوەی ئەو واقیعەی سیاسی و میدیایەی کە تیایدا گووزەر دەکات، لەم روانگەیەوە ساڵی پار لەنێوان ئەم میدیا سەربەخۆیانە هەندێک هەوڵ لە ئارادابوو بە ئامانجی ئەوەی کاریگەری ئەم میدیانە لەسەر کۆمەڵگا زیاتر بکرێت، دوای چەندان کۆبوونەوەو بەرنامە رێژی، بەڵام هیچی لێ سەوز نەبوو، هۆکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لای هەندێک لەم میدیاو میدیاکارانە رادەی تێگەیشتنیان نەگەیشتۆتە ئەو ئاستەی کە کاری هاوبەش و هەماهەنگی بکرێت تا کاریگەری میدیای ئازاد لەسەر کۆمەڵگای کوردی زیاتر و ئاکتیڤ تربێت، هەروەها هێشتا خوێندنەوەیان بۆ واقیعی میدیای لە کوردستان بەو ئەندازەیە نیییە کە درک بەوە بکەن کە ئەم فۆرمە لە میدیای ئێمە لەم زەمان و زەمینەدا کاریگەری کەم بۆتەوەو لەبەردەم هەڕەشەی لاوازبوون و پووکانەو داخستندایە، ئەمە زەمەنە ژینگەی ساڵی دوو هەزارەکان نییە کە میدیای ئازاد زۆر بە ئاسانی دەیتوانی رای گشتی دروستبکات و کاریگەری جدی لەسەر دەسەڵات و کۆمەڵگا دروستبکات.

 
 ئەوەی تایبەتە بە دەزگای" سپی "، ماڵپەڕی سپی بەردەوامە لە گەیاندنی خزمەتی هەواڵ و ژانرەکانی تری رۆژنامەوانی بە هاوڵاتیانی کوردستان، ساڵی پاریش بەهۆی ئەو داهاتەی لە ریکلامی هەردوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و کوردستان لەساڵی ٢٠١٨دا چنگی کەوتووبوو، تەلەفزیۆنێکی لەرێگای ( IP TV) لەسەر سیستەمی ئیکۆستار و ( IQ ) دامەزراندن، سەرباری ئەو توانا مادییە کەمەی لەبەردەستیدا بوو، وەک تەلەفزیۆنێکی کەلتوری بۆ ماوەی ساڵێک کاری کرد، بەڵام لە ئێستادا بەهۆی بڵاوبوونەوەی کۆرۆناو ئاستەنگە ئابوری و میدیایەکانەوە بەکاتی لە کارکردن وەساتەوە.

 
 لەم یادەدا پێویستە ئاماژە بۆ ئەوە بکرێت، هەرچەندە ئاستنەگەکانی بەردەم کاری میدیای پرۆفیشنال و ئازاد قورس و گران و تاقەت پڕوکێن بن، بەڵام دڵنیاین لەوپەڕی تونێلەکەوە رووناکیەک بەدیدەکرێت کە ئەو راستیەمان پێدەڵێت، دووربێت یان نزیک، هاوڵاتی کورد شایستەی ئەوەیە ببێتە خاوەنی میدیایەکی هاوچەرخ و ئازاد لە کۆمەڵگایەکی کراوەو دیموکراسیدا.

 
لەساڵیادی دامەزراندنی دەزگای " سپی " بە پێویستی دەزانم سوپاسی ئەو هاوڕێ و رۆژنامەنووسانەم بکەم کە لەگەڵماندا کاردەکەن کە هەندێکیان خۆبەخشن و هەندێکی تریان بە مووچەیەکی کەم کاردەکەن، هەتا سووپاسی ئەوانەش بکەم کە دۆخی ئابوری ناچاری کردوون کە "سپی" جێبهێڵین، بەڵام هەر دڵیان لامەنە، هەروەها سوپاسی هەموو ئەو نوسەرانە دەکەین کە " سپی "بە سەکۆیەکی بێ سانسۆر دەزانن بۆ باتەکانیان. دەستی هەموویان دەگووشین.   

 

13/06/2020



وتارەکانی تری نوسەر