راستی پێدانی زەوی بە نەهرۆی شێخ محەمەدی کەسنەزان..!

شوان محه‌مه‌د

چەند رۆژێکە بەدواداچوون بۆ ئەو دۆسیەیە دەکەم، ئایا زەوی دراوە بە نەهرۆی شێخ محەمەدی کەسنەزان؟ ئەوەی ئاشکرا بوو، ژمارەیەک زەوی لەو ناوچەیەی دەوری تەکییەی شێخ لە نزیک باخی بەختیاری کە زەوی وەزارەتی گەشتوگوزارەو چەند جوتیارێک بەکاریان هێناوە کاری کشتوکاڵیان تێدا کردووە، بەم دواییانە فرۆشتویانە بەکەسانی نزیک شێخ، کاتێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان هەڵمەتێ کرا، ڕێوشوێن بەرامبەر ئەم جوتیارانە گیراوەتەبەر کە چۆن مامەڵەیان بە زەوی حکومەتەوە کردووەو ئەو کڕینانەیان هەڵوەشاندۆتەوە.

لێرەوە هەقە میدیا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیش، هاوڵاتیان و خەمخۆرانی موڵکی گشتی چاودێری هەر جۆرە مامەڵەیەک بکەن کە بەو زەویەو زەوی سەرجەم ناوچەکانی ترەوە دەکرێت کە خەڵکانێکی خاوەن پێگەی حیزبی و ئاینی دەیانەوێت سیمای ئەم شارە تێکبدەن، ئەو هەڵمەتە میدییانەی پێشوو لەسەر زەویەکانی رێگای تاسلوجەو ئەمەی شیخ نەهرۆش سوودی خۆی هەبووە.

بەندە لەو سەردەمەی لە رۆژنامەی "هاوڵاتی "بووم، شێخ محەمەد کەسنەزانی بەمامەڵەیەک لەسەردەمی مام جەلدا لەو زەوییەی باخی بەختیاری جێگیرکرا، ئەو دەمە من لە رۆژنامەی هاوڵاتی وتارێکم لەسەر نووسی ئەگەر بیرم نەچووبێتەوە لە ساڵی ٢٠٠٢ دا بوو، ناونیشانەکەی " "جێ ژوانی دڵدارانی شارەکەم مەشێوێنن" ناونیشانێکی لەم شێوەیە بوو، ئەو دەمە پەیوەندی کرابوو بە کاک تاریق فاتیح خاوەن ئیمتیازی رۆژنامەی هاوڵاتیەوەو ماڵی شێخ ناڕەزایتییەکی زۆریان لەسەر ئەو وتارە دەربڕی بوو.
لە هەموو حاڵەتێکدا هاوسەری و هاوئاهەنگی سیاسییەکانی کوردستان لەگەڵ ئەم شێخ و کەسە خاوەن پێگە ئاینی و کۆمەڵایەتیانە لەسەر حسابی شار و زەوی خەڵکی کوردستان، شتێکی نوێ نییە، ئێستاش کە بەرپرسانی یەکێتی رۆژانە هەر لەسەرۆک کۆمارەوە بۆ هاوسەرۆکانی یەکێتی و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵا ریزیان بەستووە بۆ سەردانی ماڵی شێخ، ئەگەر بیریان کردەوە کە زەوی بدەن بەشێخ با لەسەر حسابی سلێمانی نەبێت، با بارەگایەک، یان میوان خانەو ماڵێکی خۆیانی دوور لەشار و سەیرانگاکانی پێبدەن، هەرچەندە ئەوانەش هەر موڵکی گشتین و رۆژێک دێت لێتان دەسەندرێتەوە.

سلێمانی پێویستی بە هۆڵی شانۆ و سینەما و ناوەندی کەلتوری و سەوزایی هەیە، پێویستی بە تەکیەی شێخان نییە.


07/01/2021



وتارەکانی تری نوسەر