من جاسوسم..

شوان محه‌مه‌د


لە ژیانی رۆژنامەوانیمدا کە نزیکەی ٢٨ ساڵە کارم بۆ میدیا ناوخۆییەکان و بیانییەکان کردووەو، لەگەڵ ئەم کەسانە دانیشتووم و چاوپێکەوتن و کاری رۆژنامەوانیم سازداوە:

- مەلا کرێکار ئەو دەمەی بزووتنەوە بوو، دواتر کە باڵی ئیسلاح بوو لە گوندی گوڵپ دانیشتبوو، پاشان کە ئەمیری ئەنسار ئیسلام بوو لە بیارەو زۆرێکی تر لە سەرکردە ئیسلامییەکانی هەرێم.

- قەرەیڵان و جەمیل بایک و زۆرێک لەسەرکردەکانی پەکەکە لەوانە رۆستەم جودی و زوبیر ئایدار و ژمارەیەک لە هاوڕێیانی کۆمەڵەو دیموکراتی ئێران و .. هتد.

- سەرکردەکانی باشوور: تاڵەبانی و بارزانی و نەوشیروان مستەفا و سەرکردەکانی تری حیزبەکانی باشوور.

- لەگەڵ ژمارەیەک سەرکردەی عێراقی ئەیاد عەلاوی و نوری مالکی و چەندانی تر، ئەوەی مالکی لە رێگای تەلەفونەوە بوو.
- چەندانجار لەگەڵ بەرپرسان لە باڵوێزخانەو قونسڵخانەی ئەمەریکاو فەرەنسا و بەریتانیا و هۆلندا و ئیتالیا و سوێد دانیشتووم لەسەر ئازدای بیرو ڕا و ئازادی رۆژنامەگەری و گەندەڵی ئێوە، هەزار و یەک زەمم کردوون.

- بەکاری رۆژنامەگەری سەفەری هەر لە کەنداوە بۆ زۆرێک لە وڵاتانی ئەورپام  کردووە هەر لەسویدەوە تا دەگات بە بەریتانیا کەم وڵاتی هەیە سەردانیم نەکردبێت کە لەلایەن پەرلەمانی ئەو وڵاتانە و هەندێکیان لەلایەن رێکخراوە NGO کانەوە دەعوەتکراوم، هەروەها چەندانجاریش سەردانی ئوردون و میسر و لوبنان و مەغریبم بۆ کاری رۆژنامەوانی کردووە.

- لەگەڵ کەسانی بیانی و عەرەبی بەدەیان رۆژ پێکەوە بووین ورۆک شۆپمان لەبارەی کاری رۆژنامەوانییەوە رێکخستووەو وەک راهێنەر رۆژنامەنووسی کوردو و عێراقیمان فێر کردووە.

- ئەمە مشتێکە لە خەرواری ژیانی ٢٨ ساڵی رۆژنامەوانیم، بەڵام پێمخۆشە زۆر بە راشکاوانە پێتان رابگەینم هەرگیز لەگەڵ بەرپرسانی تورک و ئێران و رژێمی پێشووی سەدام دانەنیشتووم و کۆنەبوومەتەوە، کە ئێوە( پارتی و یەکێتی ) سەدو یەک ژێر بەژێرتان هەیە و سەدان جار بە سووپای داگیرکەری عێراق و ئێران و تورکیا پاکیزەیی کوردستانتان لەکەدار کردووە، جا تواخوا پێش ئەوەی رۆژنامەنووس و چالاکوان و بەدیاریکراوی پێنج گیراوەکەی بادینان بە خیانەت و جاسوسی تاوانبار بکەن، تەماشایەکی مێژووی خۆتان بکەن، بۆ ئەوەی هێندە بوێری نەکەن هاوڵاتی هەرێم بە جاسوس ناوزەد بکەن.. چونکە دڵنیام زۆربەی زۆری هاوڵاتیانی هەرێم لە ئێوە پاکتر و دڵسۆز ترن بۆ هەرێمی کوردستان و پارچەکانی تر..!

07/05/2021



وتارەکانی تری نوسەر