د. سه‌ردار عه‌زیز
بۆ مێژوو: بۆچی دیپلۆماتان بانگهێشتکران بۆ په‌رله‌مان له رۆژی 23ی حوزه‌یران
رێناد مه‌نسور یه‌كێکه له توێژه‌ره دیاره‌كانی بواری دیپلۆماسی کوردی که له زانکۆی کامبریدج نامه‌یه‌كی دوکتۆرا له‌م باره‌وه ده‌نوسێت، رێناد دیپلۆماسی کوردی ناوده‌نێت دیپلۆماسی بۆ مانه‌وهDiplomacy for Survival . ئه‌گه‌ر ئه‌مه ئامانجی قۆناغێکی درێژی دیپلۆماسی کوردی بووه، ئه‌فسوس به شێوه‌یه‌کی دیار تیایدا سه‌رکه‌وتوو نه‌بوه. ئه‌وا بێگومان دیپلۆماسی کوردی ده‌كرێت بواری تر و شێوازی تر و ئامانجی تریشی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر هونه‌ری دیپلۆماسی به گشتی بریتیه له ئه‌نجامدانی په‌یوه‌ندی ئاشتیانه له نێوان یه‌كه سیاسیه جیاکاندا، وه‌ك کیپ هامڵتن و رێتچارد لانگهۆرن له کتێبی پیاده‌كردنی دیپلۆماسی: گه‌شه‌ی تیوره و ئیداره‌كردنی باسی لێوه‌ده‌كه‌ن، ئه‌وا دیپلۆماسی کوردی هێشتا ئه‌رکی زیاتره.
دیپلۆماسی کوردی بریتیه له هونه‌ری ئاماده‌بوون له دونیا، له کاتێکدا که تاکه شێوازی ئاماده‌بوونی دانپیانراو له دونیادا له شێوه‌ی ده‌وڵه‌تدایه. به‌م پێیه چۆن ئاماده ده‌بێت له نێو کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌تاندا، له کاتێکدا که ده‌وڵه‌تت نیه؟ ئه‌وه‌ی ئه‌م زه‌مینه‌ی ڕه‌خسانده دوو بواره: یه‌كه‌م، گۆڕانکاری ناوچه‌كه، که خۆی له داڕمانی ده‌وڵه‌تی ناوه‌ندیدا ده‌بینێته‌وه. دووه‌م، گۆڕانی رۆڵی ده‌وڵه‌ت له سه‌رده‌می جیهانگه‌ریدا.
هه‌ردوو ئه‌م هۆکارانه ده‌رفه‌تیان بۆ پێکهاته‌یه‌كی ناده‌وڵه‌تی وه‌ك کورد ڕه‌خساندوه هه‌تا بتوانێت له دونیادا ئاماده‌بێت یان به جۆرێک له جۆره‌كان په‌یوه‌ندی به دونیای ده‌ره‌وه‌ی بکات، یان دونیای ده‌ره‌وه ئاره‌زوو و به‌رژه‌وه‌ندیان هه‌بێت که په‌یوه‌ندی پێوه بکه‌ن. ئه‌م شێوازه له دیپلۆماسی به شێوه‌یه‌كی گشتی پێی ده‌وترێت پارادیپلۆماسی. پارادیپلۆماسی یانی دیپلۆماسی خوار دیپلۆماسی ئاسایی، که ده‌وڵه‌ت تیایدا ئه‌كته‌ری سه‌ره‌كیه و قۆرغی په‌یوه‌ندیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی کردوه بۆ خۆی. به‌م پێیه ئه‌رکی دیپلۆماسی کوردی قورستره له دیپلۆماسی ئاسایی، له به‌ر ئاماده‌بوونێکی نائاساییانه له دونیادا.
ئه‌گه‌ر جاران کورد له هه‌موو شتێک زیاتر تراژیدیا‌کانی هه‌بوو، وه‌ك هه‌ڵه‌بجه و ئه‌نفال، بۆ ڕاکێشانی سۆزی ئه‌وانیتر. ئه‌مه به تایبه‌ت کاتێک که کورد خۆی گه‌لێکی زۆر سۆزئامێزه، وه‌ها هه‌ست ده‌كات که گه‌لان و وڵاتانی تریش ده‌كرێت وه‌ها بن. به‌ڵام پرینسیپی په‌یوه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی بریتیه له پشێوی، که یانی نه‌بوونی سه‌قامگیری و ململانێی هه‌موان له گه‌ڵ هه‌مواندا له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی و ئاسایش‌دا. لێره‌دا جێگایه‌كی که‌م هه‌یه بۆ سۆز و کاریگه‌ری سۆز و ڕاکێشانی به‌زه‌یی.
ئه‌مڕۆ کورد جگه له تراژیدیا ئامرازی تری زۆره بۆ په‌یوه‌ندیکردن به دونیاوه. له سه‌رووی هه‌مویانه‌وه پێشاندانی دونیا که کورد گه‌لێکه ده‌خوازێت جودا له گه‌لانی تری ناوچه‌كه، له سایه‌ی سیسته‌مێکی سه‌رده‌میانه‌دا بژی، که ته‌بایه له گه‌ڵ به‌ها مرۆڤایه‌تیه‌كانی دونیای ئه‌مڕۆدا. به تایب‌ت کاتێک که رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ئه‌و هێزانه‌ی که ململانێی تیادا ده‌كه‌ن، کۆمه‌ڵه هێزێکن که به شێوازی جیاواز هه‌وڵده‌ده‌ن نه‌یاری رێکخستنی سیسته‌می جیهانی، ئه‌وه‌ی پێی ده‌وترێت world order. به‌پێی کیسنجه‌ر رێکخستنی دونیا له سه‌ر دوو بنه‌ما وه‌ستاوه، یه‌كه‌میان بریتیه له بوونی یاسایه‌ک یان کۆمه‌ڵێک یاسا که له‌لای هه‌موانه‌وه مایه‌ی ڕه‌زامه‌ندی بێت و ببێته هۆی رێکخستنی رێگه‌پێدراو و رێگه‌پێنه‌دراوه، دووه‌میان بریتیه له هاوسه‌نگی هێز به جۆرێک رێگربێت له‌وه‌ی هێزێک بتوانێت زاڵ‌بێت به سه‌ر هێزێکی تردا. ئه‌مرۆ چه‌ند هێزێک هه‌ن له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست خوازیاری ئه‌وه‌ن که بنه‌ماکانی سیسته‌می جیهانی بشێوێنن بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ی بۆ سه‌رده‌می پێش-ده‌وڵه‌ت. که‌واته له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دوو پارادایم باڵایه، یه‌كێكیان بۆ دروستکردنی یه‌كه‌ی گه‌وره‌تر له ده‌وڵه‌ت، ئه‌ویتریشیان بۆ ووردکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. کورد له به‌ره‌ی دووه‌مه. ئامانجی ووردکردنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت کردنی به ده‌وڵه‌تی زیاتره، بۆ خاوه‌ن شوناسه جیاوازه‌کانی، بۆ ئاماده‌بوون له نێو کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا. ئه‌مه له بنه‌مادا دژ به سیسته‌می نێوده‌وڵه‌تی نیه، ته‌نها مه‌گه‌ر ده‌ستکاری هاوسه‌نگی هێز بکات، که له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا زۆر لاسه‌نگه.
ئه‌مه وه‌ها ده‌كات که ئه‌رکی سه‌ره‌كی دیپلۆماسی کوردی ته‌نها بریتی نیه له نوێنه‌رایه‌تی کورد له دونیادا، به‌ڵکو زیاتر بریتیه له پێشاندانی دونیا که کورد ده‌توانێت بێته ریزی کۆمه‌ڵگای ده‌وڵه‌تانه‌وه به‌وه‌ی کۆمه‌ڵگاکه‌ی ده‌وڵه‌تیانه به‌ڕێوه ده‌بات. ئه‌مه وه‌ها ده‌كات که ئه‌رکی سه‌ره‌كی دیپلۆماسی کوردی بریتیه له بونیادنانی نۆرمه گه‌ردوونیه‌كان: دیموکراسی، دابینکردن و پاراستنی مافه‌كان، بونیادنانی ئامرازه‌كانی ده‌وڵه‌تداری له گه‌ڵ بوونی کۆمه‌ڵگایه‌كی کراوه. کۆمه‌ڵگای کراوه: چه‌مکێک که سه‌ره‌تا له نێوان هه‌ردوو جه‌نگی جیهانیدا هێنری برگسۆن هێنایه ئاراوه و پاشان له پاش ماڵوێرانی جه‌نگی دووه‌می جیهانی کارل پۆپه‌ر، وه‌ك کارێک دژ به تۆتالیتاریزم، گه‌شه‌ی پێدا. کۆمه‌ڵگای کراوه تێپه‌ڕاندی کۆمه‌ڵگای خێڵه‌كی داخراوه، که به دیدێکی ڕه‌خنه‌گرانه له ڕابوردووی ده‌ڕوانێت، له پێناو کۆمه‌ڵگایه‌كی دوور له شه‌خسانیه‌ت.
به‌م پێیه دیپلۆماس کوردی بریتیه له نمایش‌کردنی کورد له دونیادا که ده‌توانێت حوکمی خۆی بکات و ته‌بابێت له گه‌ڵ نۆرمه گه‌ردونیه‌كاندا. ئه‌مه ئه‌و خاڵه‌یه که له به‌ندی 64ی رێککه‌وتنامه‌ی سیڤه‌ردا به روونی هاتوه، که ئاماژه به بوونی توانا ئه‌دا بۆ سه‌ربه‌خۆبوون.
رۆژی 23ی مانگ رۆژی نمایش‌کردنی پرۆسه‌ی دیموکراتیزه‌یشن له کوردستان
رۆژی 23ی مانگی حوزه‌یران سه‌رجه‌م کونسوڵخانه‌كانی پایته‌ختی هه‌رێمی کوردستان داوه‌تکران بۆ هۆڵی په‌رله‌مان بۆ سێ ئامانج بوو: یه‌كه‌م، به‌شداریکردن و شایه‌دحاڵی له هه‌نگاوهه‌ڵهێنانێکی گرنگی له پرۆسه‌ی به دیموکراسیکردن له هه‌رێم. دووه‌م، گه‌شه‌پێدان و به‌رفراوانکردنی دیپلۆماسی کوردی له رێگای دیپلۆماسی په‌رله‌مانیه‌وه. سێیه‌م، بۆ پاراستنی فه‌راهه‌مبوون و به ئه‌نجام گه‌یاندنی دانیشتنی ئه‌و رۆژه.
پێش ئه‌وه‌ی یه‌ك به یه‌ك ئه‌و سێ هۆکاره‌ی سه‌ره‌وه ڕاڤه بکه‌م، به پێویستی ده‌زانم وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره بده‌مه‌وه که چۆن ئه‌و بانگهێشتکردنه روویدا. بۆئه‌وه‌ی وه‌ڵامی ئه‌و به‌لارێدانه‌دا بده‌مه‌وه، که به مه‌به‌ستی حیزبی، له هه‌ندێک ناوه‌ندی میدیادا به‌كارده‌برێت، به ئامانجی تایبه‌ت. ئه‌مه کارێکه بۆ مێژوو پێش هه‌موو شتێکی تر. چونکه زۆر ئاساییه که هه‌نگاوێکی دیموکراسی بوونی گه‌وره نه‌یاری سه‌رسه‌ختی هه‌بێت، بۆ مه‌به‌ستی جیاواز. ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش دوپات بکه‌مه‌وه، به‌بێ نه‌یارێتی دیموکراسی بوونی نیه. ئه‌گه‌ر هه‌موومان ڕازی بووین یان ڕازی کراین ئه‌وا پرۆسه‌ی به‌ره‌وپێشچوونی مێژوو ده‌وه‌ستێت. به‌ڵام جیاوازی هه‌یه له نێوان نه‌یاری و ناشیرینکردندا. ناشیرینکردن بریتیه له پرۆسه‌ی ناشیرنکردنی جوانێک، به‌ڵام نه‌یاری بریتیه له بینینی رووداوێک له گۆشه‌نیگای جیاوازه‌وه، له به‌رژه‌وه‌ندی جیاوازه‌وه، که ڕه‌نگه وه‌ك پێویست له به‌رچاو نه‌گیرابێت.
چی روویدا؟
شه‌وی پێش 23ی مانگ، ساته‌وه‌ختێکی پڕ له ترافیک بوو له هه‌ولێر، له ئاستی جیاوازدا. ئه‌و شه‌وه دوو به‌ره به دوو ئامانجی پێچه‌وانه له ململانێی یه‌كتردابوون. به‌ره‌یه‌ك خواستی ئه‌وه‌بوو که دانیشتنه‌كه‌ی رۆژی دوایی ئه‌نجام نه‌درێت. به‌ره‌یه‌كی تریش دانیشتنه‌که‌ی به هه‌نگاوێکی گه‌وره‌ی له قه‌ڵه‌م ده‌دا له به‌ره‌وپێشچوونی پرۆسه‌ی دیموکراسی بوون و به ده‌زگایی بوونی کوردستان.
به‌ره‌ی پارتی هه‌موو مه‌سه‌له‌كه‌ی وه‌ها ده‌بینی که سه‌رجه‌م کاره‌كان دژ به که‌سی سه‌رۆکی هه‌رێم ده‌كرێت. به‌ره‌که‌ی تر به گشتی وه‌هایان ده‌بینی که بابه‌ته‌كه ده‌رباره‌ی پۆسته‌که‌یه نه‌ك که‌سه‌كه. ئه‌مه بۆ خۆی یه‌كێکه له قه‌یرانه گه‌وره‌كانی عه‌قڵی سیاسی کوردی: چۆن بتوانین پۆست و که‌س له‌یه‌كتر جودا بکه‌ینه‌وه؟ ئه‌گه‌ر ساتێکی کورت له چه‌مکی بیرۆکراسی ووردبینه‌وه هه‌رزوو بۆمان روون ده‌بێته‌وه که ده‌سه‌ڵاتی مۆدرێن پۆست به باڵاتر ده‌بینێت له که‌س. له بیرۆکراسیدا ئه‌وه بیرۆیه (که وشه‌یه‌كی فه‌ره‌نسیه بۆ شوێنی کار یان ئۆفیس)، زاڵه به سه‌ر که‌سه‌كه‌دا، نه‌ک که‌سه‌كه ئۆفیسه‌كه به هی خۆی بزانێت. ئالێره‌وه‌یه هه‌موو پۆستێكی باڵا سنوردار ده‌كرێت، بۆئه‌وه‌ی که‌سی خاوه‌ن پۆست، پۆسته‌كه به موڵکی خۆی نه‌زانێت. که‌واته جێهێشتنی پۆست، هێنده‌ی هاتن بۆ پۆست، گرنگه له پرۆسه‌ی دیموکراسیدا، چونکه دیموکراسیه‌ت یانی گه‌شه و گۆڕانی هه‌میشه، له پێناو باڵایی ده‌زگادا.
یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی که هه‌وڵده‌دار به‌شداریان پێبکرێت له دانیشتنی ڕۆژی 23ی مانگدا، کونسوڵخانه‌کانی وڵاتانی بیانی بوون له هه‌ولێر. ئه‌و شه‌وه هه‌مان په‌یام بۆ سه‌رجه‌م کونسوڵخانه‌که نێردار، به‌بێ جیاوازیکردن له نێوانیاندا. ئه‌م کاره له پێناو دوو ئامانجدا روویدا: یه‌كه‌م، گه‌یاندنی په‌یام ده‌رباره‌ی تایبه‌تمه‌ندی دانیشتی رۆژی دوایی په‌رله‌مان، له رووی گرنگی و مه‌ترسیه‌وه، دووه‌م، بانگهێشتکردن. ئه‌وه‌ی شایانی باسه که دیپلۆماته‌كان وه‌ک که‌سی ئاسایی بانگهێشکرابوون. بۆیه ئه‌وان بانگهێشت نه‌كرابوون بۆ ناو هۆڵی په‌رله‌مان، به‌ڵکو بۆ ئه‌و جێگا تایبه‌ته‌ی که هه‌موو هاوڵاتیه‌ک بۆی هه‌یه بێت تیایدا دابنیشێت و به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنی په‌رله‌مان ببینێت. به‌م پێیه ئه‌وان داوه‌ت نه‌كرابوون بۆ به‌شداری یان هاتنه ناو هۆڵی په‌رله‌مان، به‌ڵکو وه‌ك که‌سی ئاسایی به‌ڕێوه‌چوونی دانیشتنه‌که ببینن. ئه‌مه خۆی له پرۆسه‌ی شایه‌دحاڵیدا ده‌بینێته‌وه. هه‌روه‌ها له گرتنه رێگای شێوازێکی کراوه له دیپلۆماسیه‌ت.
ئاستی به‌شداری
هه‌موو دیپلۆماته‌كان ئه‌وه‌یان دووپاتکردوه (پاش بینینی تایبه‌ت) که ئه‌و شه‌و په‌یامی جیاوازیان پێگه‌یشتبوو. ئه‌مه‌ش وه‌هایکردبوو که دانیشتنه‌كه‌ی په‌رله‌مان زیاتر به سیاسی ببێت. بۆیه هه‌ندێک بڕیاری بێلایه‌نیان دابوو، زۆرێکیش به نوێنه‌ری ئاستی خوار به‌شداربوون، بۆئه‌وه‌ی ئاگاداربن به‌ڵام په‌یامی سیاسی نه‌گه‌یه‌نن. لێره‌دا زیاتر له سێ یه‌كی ئامانجی سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مان فه‌راهه‌مبوو: یه‌كه‌م، ئاگاداربونی کونسوڵخانه‌كان، دووه‌م، ناردنی نوێنه‌ر. وه‌ك پاشان کونسوڵی وڵاتێکی زلهێزی جیهانی دووپاتی کردوه‌وه، 'گه‌رچی خۆم له‌وێ نه‌بووم، به‌ڵام به ووردی ئاگاداربووم، به په‌رۆشه‌وه چاودێریم ده‌كرد، ده‌توانم بڵێم، 'گه‌رچی خۆم له‌وێ نه‌بووم، رۆحم له‌وێ بوو'. په‌یامی هاوشێوه له لایه‌ن وڵاتانی تریشه‌وه دووپاتکرایه‌وه، به تایبه‌ت ئه‌و وڵاتانه‌ی که ئه‌مڕۆ له بواری جیاوازدا ڕاسته‌وخۆ به‌شدارن له پرۆسه‌ی بونیادنانی هه‌رێم: چ له رووی سه‌ربازی، لۆجستی، ئیداری، دیپلۆماسی و ئابوریه‌وه.
ئه‌مه یه‌كێکی تره له‌و بوارانه‌ی که ده‌كرێت زیاتر روناکی بخرێته سه‌ر. له کاتێکدا که سوپای هه‌رێم له لایه‌ن هێزی جیهانیه‌وه (به سوپاسه‌وه) دروست ده‌كرێت. بواری وزه‌ی ه‌رێم له رێگای کۆمپانیا جیهانیه‌كانه‌وه دێته بوون، دارایی هه‌رێم به هاوکاری و قه‌رزی وڵاتان و بانکه جیهانیه‌كان له قه‌یران رزگار ده‌كرێت، ئایا چ بوارێک ماوه که دونیا به ڕاسته‌وخۆ ئاماده‌نه‌بێت له بونیادنانیدا. گه‌ر دونیا له بواره‌کانی تردا بونیاد ده‌نێت ئه‌وا به‌لایه‌وه مه‌به‌سته که ئێمه هیچ نه‌بێت خۆمان بتوانین حکومێکی سه‌رده‌میانه، گونجاو بۆ به‌ڕێوه‌چوونی ئه‌و ده‌زگا و بواره مۆدرێنانه که هێزه جیهانیه‌كان بونیادی ده‌نێن، بهێنینه ئاراوه. ئه‌گه‌ر هه‌رێم له رووی گه‌شه‌ی سیسته‌م و دیموکراسیه‌وه ته‌بانه‌بێت له گه‌ڵ گه‌شه‌ی بواره‌كانی تر، ئه‌وا نه ده‌توانێت له دونیادا جێگای شیاوی خۆی بگرێت و نه سه‌رکه‌تووده‌بێت له سود وه‌رگرتن له ده‌زگا و ده‌رفه‌ته نوێکان. ئه‌گه‌ر ئاسایشی هه‌رێم کۆمه‌ڵگای نیوده‌وڵه‌تی ده‌یپارێزێت ئه‌وا ده‌بێت ئێمه ئه‌و نیشان بده‌ین که شایسته‌ی پاراستنین به‌وه‌ی ته‌باین له گه‌ڵ سیسته‌مه سه‌رده‌میه‌كانی دونیادا و به ئاسانی ده‌بینه به‌شێک له سیسته‌می جیهانی له رووی سیسته‌می حکومداری و ئابوری و ئاسایشیه‌وه.
ده‌رباره‌ی به‌شداربوونی شایه‌دحاڵیانه
هه‌رێمی کوردستان له قۆناغی دروستبووندا له سه‌رده‌مێکی زۆر ئاڵۆزدا. ئه‌وه‌ی لای که‌س نهێنی نیه که ئه‌م هه‌رێمه به‌بێ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی نه‌ک هه‌ر ناتوانێت پێشبکه‌وێت به‌ڵکو ئاسایشی مانه‌وه‌شی له مه‌ترسیدایه. ئه‌مه ڕاستیه‌كی تاڵه، که ئێمه هه‌تا ئێستا خۆمان، وه‌ك خۆمان ناتوانێن ئاسایشی خۆمان ده‌سته‌به‌ر بکه‌ین. هۆکاری ئه‌مه زۆره، به ده‌زگایی نه‌بوونی هه‌رێمی کوردستان، نه‌بوونی باوه‌ڕ یان ئایده‌لۆژیاییه‌كی هاوبه‌ش، حکومکردن له رێگای پاره‌وه. هه‌رێم له زۆر رووه‌وه وه‌ها ده‌ڕوات وه‌ک سعودییه‌ی لێبێت، وڵاتێکی ئێجگار ده‌وڵه‌مه‌ند به‌ڵام ناتوانێت ئاسایشی خۆی دابین بکات. له کاتێکدا ئێمه به قاره‌مانی ناسراوین نه‌ك به بێتوانایی له به‌رگری له خاکی خۆمان. بۆیه خه‌تای یه‌که‌م و کۆتایی له‌مباره‌دا سیسته‌می حکومڕانی هه‌رێمه نه‌ک خه‌ڵكی کوردستان.
ئه‌مڕۆ ئه‌مریکاییه‌كانن، نه‌ك خۆمان له خه‌می گه‌ور‌دان بۆ ئێمه که ببینه خاوه‌ن سوپایه‌ک. له واشنتۆن زیاتر بیر له داهاتوو و چۆنێتی مسۆگه‌رکردنی مانه‌وه‌ی ئێمه ده‌كرێت له هه‌ولێر. هیچ سیسته‌مێک به‌بێ سوپایه‌كی نیشتمانی ناتوانێت بوونی هه‌بێت. ئه‌وروپا و ئه‌مریکا له رووی سه‌ربازی، لۆجستی، دروستکردنی سیسته‌می ئاسایش، هاوکاری ئابوری، پته‌وکردنی په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی، گه‌شه‌پێدانی ده‌زگاکان، قه‌رزپێدان و پاراستنی مافه‌كان به چڕی له گه‌ڵ هه‌رێمدا هاوکارن. له‌م ڕوانگه‌یه‌وه‌یه که هاتنی ئه‌ندامی کۆمینیتی دیپلۆماتان بۆ جێگایه‌كی وه‌ك په‌رله‌مان هه‌نگاوێکه بۆ پێکه‌و‌گرێدانی نوێنه‌رانی خه‌ڵك و چۆنێتی به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ته‌شریع له هه‌رێم له گه‌ڵ کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تیدا، چونکه ئه‌وان له هه‌موو بوارێکی تردا له گه‌ڵ ئێمه‌دا هاوبه‌شن.
هه‌رای دیپلۆماتی ئێرانی
هاتنی کارمه‌ندێکی کونسولخانه‌ی ئێرانی له خوار پله‌ی کونسول کرا به کێشه، له به‌ر ئه‌م هۆکارانه‌ی خواره‌وه:
یه‌که‌م، بۆ دروستکردنی رووداوێکی موزه‌یه‌ف وه‌ك رووپۆسێكێ بۆ رووداێکی مێژوویی. له پێناو که‌مکردنه‌وه‌ی بایه‌خی رووداوه مێژووییه‌كه.
دووه‌م، وه‌ك یاریه‌كی کۆنی هه‌میشه‌یی رژێمه سته‌مکاره‌كانی ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست، هه‌میشه له هه‌موو جوڵه‌یه‌کی خه‌ڵكدا ده‌ستی ده‌ره‌وه ده‌بینێت. ئه‌مه دیدی به که‌م سه‌یرکردنی خه‌ڵکه وه‌ك ئامراز، نه‌ك وه‌ک خاوه‌ن دیدی و ماف و هاوڵاتی.
سێیه‌م، هێزی رۆژهه‌ڵاتی، لێره‌دا پارتی، ده‌یه‌وێت وێنایه‌کی وه‌ها لای هه‌وادارانی دروست بکات، که ئه‌و وه‌ك هێزێک نه‌یاری گه‌وره‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه. به دوژمن بینینی ئه‌ویتر ئه‌گه‌ر له پارادایمێکی دیپلۆماسی قووڵه‌وه نه‌هاتبێت، ده‌یێته هۆی په‌کخستنی سیسته‌می په‌یوه‌ندی.
چوارهه‌م، به ده‌ره‌كی کردنی خواستی خه‌ڵك، بێڕێزیه به‌رامبه‌ر خواستی خه‌ڵک. له کاتێکدا نهێنی نیه که زۆرینه‌ی خه‌ڵك کوردستان خوازیاری ئه‌وه‌ن که له ژێر سایه‌ی سیسته‌مێکدا بژین که بتوانێن قه‌یرانه‌كان به ئاسانی تێبپه‌ڕێنێت، به تایبه‌ت قه‌یرانی ناوخۆیی. نه‌ك له گه‌ڵ هه‌موو قه‌یرانێکدا خیتابی په‌رتبوون و جوت ئیداره‌یی و براکوژی و وه‌ده‌رنان و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه و ئه‌م شتانه بکرێت.
پێنجه‌م، ده‌بێت وانه‌یه‌ك له سیسته‌مه حکومداریه‌کانی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه فێربین، که خه‌ڵكیش بوونی هه‌یه و خواستیان هه‌یه و ئه‌گه‌ر داوای خواسته‌کانیان بکه‌ن نابنه تاوانبار یان به‌كرێگیراوی هێزی ده‌ره‌كی. له کاتێکدا دیپلۆماسی کوردی بریتیه له په‌نابردنه به‌ر ده‌ره‌وه نه‌ك بۆ په‌پێدانی دۆزی کورد به‌ڵکو بۆ پشت شکاندنی برا کورده‌كه‌ی تر.
چۆنێتی دابینکردنی ئاسایشی په‌رله‌مان
پێش دانیشتنه‌كه بارگرژیه‌كی زۆر له ئارادابوو. په‌یامی توند و دژ به یه‌ک که‌ش و هه‌واکه‌ی سیخناخکردبوو. هێنده‌نه‌بوو که له په‌رله‌مان په‌لامار و توندوتیژی به‌كارهاتبوو، بۆیه دووباره‌بوونه‌وه‌ی کارێکی وه‌ها نه‌ک به دوور نه‌ده‌گیرا، به‌ڵکو چاوه‌ڕانکراوبوو. بۆیه باشترین رێگای بۆ دابینکردنی ئاسایشی په‌رله‌مان داوه‌تکردنی دیپلۆماتان بوو هه‌تا ببنه قه‌ڵغانی دروستبوونی هه‌ر توندوتیژیه‌ك. ئه‌م رێگایه سه‌رده‌میانه ترین رێگایه بۆ رێگه‌گرتن له ده‌ستبردن بۆ توندتیژی. دیاره له هه‌مانکاتدا بیر له‌وه‌شکرابوه‌وه که له کاتی ئاماده‌نه‌بوونیشیاندا هه‌نگاوێکی کاریگه‌ره چونکه ئاگاداربونی کۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی رێگر بوو له رێگه‌گرتن یان به لارێ‌دا بردنی.
کۆتایی
دانیشتنی رۆژی 23ی مانگ بۆ هه‌موو لایه‌نه‌كان به سودبوو. له سه‌رووی هه‌موویه‌وه بۆ پرۆسه‌ی دیموکراسی هه‌رێم هه‌نگاوێکی گه‌وره‌بوو. ئه‌مه ته‌نها په‌یوه‌ندی به ئه‌وه‌وه نیه که قسه له سه‌ر باڵاترین پۆستی هه‌رێم کراوه، به‌ڵکو گرنگی له‌وه‌دایه که دیموکراسیانه ده‌توانرێت به به‌هێزترین لایه‌نی وڵات بوترێت نه‌خێر. له هه‌مانکاتدا ده‌بێت هه‌موو هێزه‌كان چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌بکه‌ن که رۆژێک له یاسایه‌ك ناڕازی بن، نه‌ک له هه‌رچیه‌ك ناڕازی بوون رێگری لێبکه‌ن. ئه‌م تێگه‌یشتنه زێده گرنگه. ئێمه هه‌موومان به‌شێکین له پرۆسه‌ی دیموکراسی، له کاتێکدا که به‌شێکین، ده‌توانین به‌شداربین، نه‌ك هه‌وڵبده‌ین وه‌ك ئه‌وه‌ی ده‌خوازین ئاراسته‌ی بکه‌ین. ئه‌م تێگه‌یشتنه له رێژه‌گه‌رایی بوون بنه‌مای دیموکراسیه. رۆژی 23ی مانگه دژی که‌س نه‌بوو، به‌ڵکو له به‌رژه‌وه‌ندی هه‌موان بوو. به‌ڵام هه‌موو هێزه‌كان له هه‌مانکاتدا هه‌ست به‌م گرنگیه ناکه‌ن. کات گرنگه له سیاسه‌تدا. 23ی مانگه رووداوێکی سیاسی بوو به مانا دۆلۆزیه‌كه‌ی، ئێمه کرده‌وه به سه‌ر پانتاییه‌كی تردا، زمانێکی تر. 24ی مانگ قسه‌كردن جیاوازبوو.