بەخێربێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیعە

د. سه‌ردار عه‌زیز
وەرچەرخانی یەکەم له جیوپۆلەتیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست: بەخێربێن بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی شیعە

زستانێکی سارد، لەیەکێک له پایتەختە ساردەکانی ئەوروپا، نانێکی گەرمی نیوەڕۆم له گەڵ زەڵمای خەلیلزاددا خوارد. زەڵمای تەنها ئەفگانیەکی ئاسایی نیە کە چوەتە ئەمریکا و گەشتوەتە باڵاترین ئاست، بەڵکو ڕۆڵێکی ئێجگار کاریگەر و ڕاستەوخۆی هەبوه له ئەندازەسازی هاتنەوەی ئەمریکا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زەڵمای زۆرێک نزیکە له پارێزەرەنوێکانەوه که بڕوایان وەها بوو که دەکرێت رۆژ‌هەڵاتی ناوەڕاست لە سایەی باڵادەستی ئەمریکادا بکرێتە سەرزەمینێکی دیموکرات.

بەڵام چیرۆکێکی تر لە پشتەوه هەیە. شەش مانگ پێش هاتنی بۆش بۆ عێراق، زەڵمای و زەریف، کە ئەو رۆژانە نوێنەری ئێران بوو له نەتەوه یەکگرتوەکان، له جنێف پێکەوە کۆدەبنەوه بۆ سازکردنی رێککەوتنێک دەربارەی عێراق.

پێشتر هەردوولا کۆبوبونەوە دەرباری ئەفگانستان. ئێران هاوکار بوو له ئەفگانستان لەبەر هۆکاری جیوپۆلەتیکی ئاشکرا، وەک ڕایان کرۆکەر باسی دەکات. له عێراق سەرباری نارازیبونیان بەلام ئامادەی هاوکاری بوون. ئێران هەمیشە ئامادەی دانوستانە، تەنانەت ئەکاتانەش کە بڕاوی بە دانوستان نیە. ئەمە بەشێکه له هونەری دانوستانی ئێرانی. 

زەریف و زەڵمای له زۆر روەوە لەیەک دەچن، هەردوو دەرچوی زانکۆکانی ئەمریکان، لە پاشخانێکی نزیکەوە. هەرچەند زەڵمای سوننیە و زەریف شیعە. زەریف پێی باش حیزبی بەعس نەمێنێت، دەزگای ئەمنی عێراق هەمووی سەرتاپا سەر لەنوێ بونیادبنرێتەوە. هەروەها خۆشحاڵە بەوەی که دیموکراسی یانی دەسەڵاتی شیعە له عێراق. ئەمریک له باس له به دیموکراسی کردن و سەقامگیری دەکات، هەوڵدەدات که ئێران بەوە قایل بکات که گوایە عێراقێیک دیموکراسی مایەی قازانجه بۆ ئێران. بەڵام ئێران ئەجیندای خۆی هەیە.

ئەمرۆ کاتێک له عێراق دەنواڕیت هەموو ئەوەی ئێران ویستی هاتوەتە دی ئەوەی ئەمریکای ویستی له خەونیشا باس ناکرێت. هاوتەریب بەم چیرۆکه چیرۆکێکی تر هەیە، که پاڵەوانەکی ناوی والی ناسرە. والی ناسر کوری بیرمەندی ئێرانی ناسراو حوسەین ناسرە (ئەو پیاوەی ماوەیەک فاروق رەفیق خولقی پێوەگرتبوو). والی بیرمەندێکی کاریگەر و ناسراوە. تێزی ناسر که له کتێبی هەستانەوەی شیعەدا خۆی دەبینێتەوه بریتیه له ئەوەی که شیعە، سەرباری ئەو مێژوە خراپەی له نێوان شیعە و رۆژئاوادا هەیە، تەنها شیعە هاوکار و دۆستی راستەقینەی رۆژئاوا و ئەمریکان. دەبێت ئاماژە بە ئەوە بدەین که والی تەنها مامۆستای زانکۆ نیە، بەڵکو ڕاوێژکاری ریتچارد هۆلبروکە که باڵوێز و نێردراوێکی تری گەورەی ئەمریکیە، که بەرپرسی باڵا بوو له ئەفگانستان. 

بەڵام ڕەگی هەموو ئەمە دەگەڕێتەوه بۆ ١١ی سیپتەمبەر. رووداوی یانزەی سیپتەمبەر ساتەوەختی درزتێکەوتنی پەیوەندی ئەمریکا و ئیسلامی سوننی توندڕەوە. دیاره ئیمپراتیۆریەت بۆ حوکمی پێویستی بەهێزی کوشندەی دڵڕەق هەیە که ئیسلامی سوننی باڵاترین شێوازیەتی، بەڵام کە دڵڕەقی ئەم هێزە ئاراستەی خۆی کرا ئەوا ئیتر دەبێت چارەسەری بۆ بدۆزێتەوه.

ئەم وەرچەرخانە له ئیدارەی ئۆبامدا بە روونی رەنگی دایەوه، نەک تەنها له ئامادەیی ئۆباما بۆ درێژەپێدانی دانوستان به نهێنی و پاشان بە ئاشکرا هەتا گەشتن بە رێککەتن له گەڵ ئێراندا، بەڵام بە داوای ئۆباما لە سعودیە که لە گەڵ ئێراندا رێککبکەوێت. ئۆباما ڕاشکاوانە بە سعودیەکانی گوتوە که ئێمە له گەڵ ئێراندا کێشەکانمان چارەسەر دەکەین ئێوەش دەبێت هامان شت بکەن. که بە زمانی دیپلۆماسی یانی کێشەی ئێوه لەگەڵ ئێراندا کێشەی ئێمە نیە، ئێمە پشتیوانتان نین، خۆتان بڕۆن کێشەی خۆتان چارەسەر بکەن. عائیلەی ئال سعود له پاش پشتکردنی ئەمریکا له موبارەکی دۆستیان ترسی ئەوەیان لێنیشتوه کە ئەمریکا له تەنگانەدا دۆست نیە (تورکیش هەمان شێوەه، تەنها له فەرحانیدا دۆستن). هەرچەنده ئۆباما خوازیاری ئەوەیه که هەردوولا بگەنە جۆرێک له هودنە یان دیتێرەنت. ئۆباما لە دوا دیداریدا له گەڵ گۆڤاری ئەتلانتیک بە روونی ئێران بە باشتر دەزانێت له سعودیەکان. 

ئەم وەرچەرخانە بەروونی لە سوریا ڕەنگی دایەوه. بە هاتنی داعش ئەمریکا و ئێران هێندەی تر لەیەک نزیکبونەوە.
 
ئەوەی من هەستی پێدەکەم کە ئەمریکا هەمیشە له رێگای وڵاتێکەوه دەیەوێت ئیدارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکات. ئەمە جۆرێکە له یاری جیوپۆلەتیک کاتێک کارە وردەکاریەکان بە وڵاتێک دەسپێریت بۆ سەپاندنی باڵادەستی خۆت وەک هێزكی جیهانی. هەتا ١٩٧٩ ئێران بوو، ئینجا سعودیە، ئێستا جارێکی تر ئێران. 

ئەم وەرچەرخانە گۆڕانکاری زۆر دەهێنێت بەسەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. یەکێک له هەنوکەترین گۆڕانکاریەکان وەرچەرخانی تورکیایە له مامەڵەی سیاسەتی ناوچەیی و دەرەوەیدا. له هەوڵ ئەدەین پاشان قسەی لە سەر بکەین.


14/03/2016



وتارەکانی تری نوسەر