عەبادی عەبادی

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە بەرەبەیانی ڕۆژێکی درەنگی پایزەدا، (وادیاربو هەموشتێک بە رێگاوەبو بۆ هەڵوەرین)، ژمارەیەک لە خۆپێشاندەر، لە نێو ئاپۆرەیەک لە مامۆستا، لە شاری سلێمانی، بە قورگێكی پڕ لە خەمەوە، بە سینگێکی پڕ لە ئاهەوە، بە سکێکی برسیەوە، بە خەیاڵی داهاتویەکی تاریکەوە، هاوار دەکەن عەبادی عەبادی.
 
عەبادی پیاوێی کورتە بنەیە، هێندە قەزەمە کە ناتوانێت قاچەکانی بخاتە سەر قاچ کە لە سەر کورسی دادەنیشێت. وەک دیپلۆماتە بیانیەکان بەردەوام پێمی دەڵێن عەبادی دانی نیە، تەعبیرێکە بۆ کەسێکی بێتوانا.
 
عەبادی هاتنی بەشێکی لە شەترنجی هەژەمۆنیەتی ئێران، لە جۆلانێی نێوان بەهێزێک(مالکی)، بێهێزێک (عەبادی)، پاشان بەهێزێک (ڕەنگە مالکی) بۆ گرتنی سەرجەم جومگەکان. لێرەدا باس لەوە ناکەم. باس لە هاواری ناوازەی مامۆستایان دەکەم.
ئەو مامۆستایانەی ئەو رۆژە وەها هاواریان دەکرد، مەبەستیان ئەوە نەبو کە عەبادی فریادەرەسیانە، مەبەستیان ئەوە نەبو کە ئەوان دەخوازن عەبادی حاکمیان بێت، گەر لەم هاوارە بەو نەفەسە کورتەوە تێبگەیەن ئەوا خیانەت لە خۆمان دەکەین، خۆمان فریو دەدەین.
 
عەبادی کە سەرۆک وەزیرانی وڵاتێکە کە ناوی عێراقە، لێرەدا سیمبولێکە، دەلالەتێکە بۆ دیاردەیەکی ترسناک، بە کورتی لێرەدا هەندێکی دەخەمە ڕو.
 
یەکەم، هاوارکردن بۆ عەبادی لە دەرەئەنجامی ئەو گوێ-لێنەگرتنەیە کە دەسەڵاتداری ئەم وڵاتە لە بەرامبەر هاوڵاتیاندا پەیڕەوی دەکات. گوێ لێنەگرتنێک کە نیشانەی گوێ پێنەدان و بە کەم سەیرکردنی ئازار و خەم و دەرد و ئازاری ئەوانی ترە.
 
دو، مامۆستایان زۆر باش ئاگادارن بۆ هاوار دەکەن عەبادی. لێرەدا عەبادی ئەو بونە دژەیە لە بونێکی خۆماڵی، هاوارە بۆ باڵادەستیەکی تەقلیدی. ئەمە رێک هاوشێوەی ئەو هاوارەیە کە خەڵکی وڵاتانی پاش-کۆلۆنیال هەیانبو. خەڵکی وڵاتانی داگیرکراو لە لایەن وڵاتانی ئەوروپیەوە، هەر زو بۆیان دەرکەوت کە داگیرکەرە بیانیەکە هەر هێندەی داگیرکەرە ناوخۆییەکە خراپ بو، ڕەنگە زۆرجار ئەهوەنتربو. دەبێ تێبگەین ئەمە هاوارێکی ناڕەزایی و بێئومێدیە، نەک هاوارێکی خیانەت.
 
سێ، هاوارکردن بۆ عەبادی، دەرئەنجامی ئەو دۆخەیە کە مرۆڤی کورد خۆی تیادا دەبینێتەوە لە کوردستان. ئەو دۆخەی کە مامەڵەی پێوەدەکرێت وەک بونەوەرێک، لە هەناو نیشتمانێکدایە، بەڵام لە دەرەوەیدایە. ئەمە رێک ئەو دۆخەیە کە فەیلەسوفی ئیتالی ئەگامبین ناوی دەنێت دۆخی بان یان ئەباندینمێنت. بەمانای ئەوەی لە ناوەوەی بەبێ ئەوەی مافی ئەوەت هەبێت لە ناوەوەبیت، بەڵام لە هەمانکاتدا مافی ئەوەشت نیە کە لە دەرەوەبیت. هاوارکردن بە عەبادی هاوارکردن بەبونی ماف بۆ لە دەرەوەبون، لە دەرئەنجامی نەبونی هیچ مافێک بە بون لە ناوەوە.
 
چوار، عەبادی ناوێکە بۆ ئەڵتەرناتیڤێک، کە خراپە، بەڵام وەک ناچاری و ناڕەزایی و بێزارکردن پەنای بۆ دەبرێت. تۆ کە برسیم دەکەیت، دروشمم پێدەفرۆشیت، گوێم لێناگریت. من مافم هەیە بە هەر شێوەیەک بێت وەها بکەم هاوارم ببیسترێت.
 
گەر ئێمە لەم هاوارە وەها تێبگەیەن کە خیانەتە ئەوا خۆمان گێل دەکەین. ئەوا دەمانەوێت روپۆشێکی ناواقیعی بدەینە سەر هەمو ئەو خەم و ئازار و دەرد و نەهامەتیەدا کە هاوڵاتی ئەم وڵاتە دوچاری بوە. هاوڵاتی کورد خیانەتکار نیە، دەسەڵاتداری کورد بۆ مانەوەی دەسەڵاتەکی خۆی هەمیشە پەنای بۆ خیانەت بردوە. پاتریک کۆکبۆرنی هاوڕێم، لە ڕۆژنامەی ئیندیپێندینت، ئەم ئارگومێنتەی هەیە، چەندێک بیانی دەیانەوێت دەست وەردەنە کوردستان دو ئەوەندە بانگهێشت دەکرێن بە هۆی ململانێ دەسەڵاتخوازیە ناوخۆییەکانەوە. نە مامۆستا و نە هاوڵاتی ئاواتی ئەوەی نیە هێزێکی بیانی بێت حوکمی بکات، بەڵام دەیەوێت پەیامێک بگەیەنێت، کە دەسەڵاتی کوردی ئاستی دەسەڵاتی بیانی تێپەڕاندوە لە خراپەکاریدا.
 
بۆیە ئەمە دەبێت وەک دەربڕین لە ئەو پەڕی نائومێدی لێکبدرێتەوە، نەک بە خیانەت. هەرگیز دەسەڵاتدار مافی نیە گەل تاوانبار بکات. کە سکۆتلەنیدیەکان ویستیان لە گەڵ بەریتانیدا بمێننەوە، نوخبەی سیاسی سکۆتلەندی نەهاتن بە گەلەکەیان بڵێن خائین، بەڵکو کاری زیاتر دەکەن بۆ فەراهەمکردنی کارەکەیان.

14/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر