ئایا کوردستان (گەر ببێت بە دەوڵەت) چ جۆرە دەوڵەتێک دەبێت؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
دوای وتارەکەی مایكل ڕۆبن، گفتوگۆی ئەوەی هاتەئاراوە، بە تایبەت لە میدیای ئینگلیزیدا، کە ئەگەر کوردستان ببێت بە دەوڵەت، ئەوا دەوڵەتێکی شکستخواردوو دەبێت. دەوڵەتی شکستخواردوو ((failed state زاراوەیەکی تایبەتی زانستی سیاسەت و پەیوەندیە نیودەوڵەتیەکانە. بە پوختی مەبەست لێی ئەوەیە کە دەوڵەت کاتێک ناتوانێت خۆی بپارێزێت و خزمەتگوزاری پێویست دابین بکات ئەوا، بە دەوڵەتێکی شکستخواردوو لە قەڵەم ئەدرێت. گرنگی ئەم جۆرە وڵاتانە لە ئەکادیمیادا زۆربوو، کاتێک ئارگومێنتی ئەوە هاتە ئاراوە کە دەوڵەتی شکستخواردوو، مەترسیە بۆ سەر سیستەمی جیهانی و دەبنە لانکەی تیرۆریستان.
مایكل کۆمەڵێک بواری دەست نیشانکردبوو وەک: بەشکردن ئاو، سنور، ناسنامە، ئابوری و سەربازی. کە بێگومان گرنگن، بەڵام هێندە گرنگ نین بە بەراورد بە بوارەکانی تر، بۆ مەسەلەی شکست. دیارە ئاو و سنور و ناسنامە نابنە هۆکاری شکست. بەڵام ئەوەی شکستی هەرێمی کوردستانە، نەک لە کاتی دەوڵەت، بەڵکو لە ئێستاشدا، ئابوری و سەربازیە لە گەڵ سیستەمی حوکمرانی. 
ئابوری و سەربازی و حوکمڕانی تەواو پەیوەستن بەیەکەوە. هەر وڵاتێک لە دونیا ئەگەر کەلتوری دەوڵەتی نەبێت، چینی سەرمایەداری نەبێت، پیاوی دەوڵەتی نەبێت و بنەماکانی بەرهەمهێنانی ئەمانەی نەبێت، ئەوا شکست دەهێنێت لە سیستەمی حوکمڕانیدا. ناوی زۆر وڵات دێت کە کوردستان هاوشێوەیان دەبێت، بەڵام ئەگەر لە وڵاتانێک بنواڕین کە ڕەنگە لە هەندێک ئاستدا لە کورد باشتربن، بەڵام لەبەر نەبوونی کەلتوری حکومەتداری ناتوانن بە باشی حوکم بکەن، بۆ نموونەلە وڵاتانی ئاسایی ناوەند، بە تایبەت ئەرمینیا و جۆرجیا بنواڕە.
بیست و پێنج ساڵە هەرێم ئەزموونێکی نێگەتیفی هەیە. ئەزموونێکی کە نەک ناتوانرێت لە سەری بونیادبنرێت، بەڵکو هەرچیەکی لە سەر بونیادبنێیت دەڕوخێت. بۆیە کاری یەکەمی دەوڵەت بۆ ئەوەی شکست نەبێت لابردن و دابڕانە لەم سیستەمە. ئێستا بە دابڕانی زیاتری چینی حاکم و خەڵک، نەمانی زمانی لەیەک گەیشتن، نەبوونی توانای بۆ تێگەشتن لە قەیرانەکان. دۆخێکی وەهای هێناوەتە ئاراوە کە لە کاتێکدا دەیان کێشەی گرنگ و بنەڕەتی بوونی هەیە، خەڵك سەرقاڵی کێشەی هاکەزایی و بێنرخن. 
هەرێم گەر ببێت بە دەوڵەت ناتوانێت سیستەمی ئابوری نەبێت، کە نەیبێت یانی دەوڵەتێکی فاشیلە. بەڵام گەر لە ئێستا و ڕابوردوو بنواڕین هەرێم ناتوانێت سیستەمی ئابوری بونیادبنێت. ئابوری هەرێم دژە سیستەمە. 
بە هەمانشێوە هەرێم بە مانەوەی لە دۆخی ئێستادا ناتوانێت سیستەمی دادوەری هەبێت، چونکە چینی دەسەڵاتدار ناتوانن بێنە ژێر یاسا. بۆیە گەر یاساش هەبێت ئەوا ئامرازێکە وەک هێز بەکاردەهێنرێت. ئەمە ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە ئابوریەوە، سەرمایە پیویستی بە بەرچاوڕوونی و بوونی دادگایە، بۆئەوەی بزانێت لە کاتی کێشەدا چۆن مافی بە دەست بهێنێت. بە نەبوونی دادوەری ئەوا ئابوری شاراوە و گەندەڵی باڵادەست دەبێت.
لە هەمووی گرنگتر هەرێم ناتوانێت سیستەمی ئاسایشی و ئاسایشی نیشتمانی هەبێت، چونکە ئەوە پیویستی بە وەرچەرخانی ریشەییە لە پەیوەندی مەدەنی و سەربازی و مامەڵەی هێزەکانی هەرێم لە گەڵ چەک و یەکتردا.
هەروەها سیستەمی هەرێم لە ئێستادا ناتوانێت دیموکراسی قبوڵبکات، لە کاتی دەوڵەتدا دۆخی خراپتر دەبێت.
بۆیە پرسەکە ئەوەیە ئایا دەوڵەت ئاهەنگێکە دەیگێڕین یان قۆناغێکە بۆ بەرەوپێشەوەچوون، ئەگەر قۆناغێکە، ئەوا ئەگەر لە ئیستادا ئامادەکاریی بۆ نەکەین مانای وەهایە یان لێی تێنەگەشتوین یان نازانین مەسەلە چیە، یان ئەوە مەبەستمان نیە.
هەندێک دەڵێن سەرەتا دەوڵەت ئینجا دەوڵەتداری. بەڵام لە ڕۆژی لە دایکبوونی دەوڵەتدا، ناتوانیت چاوەڕیی ئەوەبکەیت ئایا چۆن ئاسایشم دابین بکەم، چۆن ئابوری و داراییم بەڕێوەبەرم، چۆن داڕمانی کۆمەڵەیەتی روونەدات، چۆن وڵاتانی دەوروبەر دۆخەکە بە سودی خۆیان نەقۆزنەوە؟
دیارە هەندێک لە نوسەرانی بیانی، بە تایبەت ساویلکەیەکی وەک دەیڤد ڕۆمانۆ، وەڵامی مایکڵ ڕۆبنی دایەوە. بەڵام دەبێت خۆمان خەمی خۆمان بخۆین. دەوڵەت بە دەروێش دروست ناکرێت.
سەردار عەزیز

10/07/2017



وتارەکانی تری نوسەر