پارتی و مەکگۆرک

د. سه‌ردار عه‌زیز


پارتی توشی هیستریا بووە بەرامبەر برێت مەکگۆرک، لێرەدا دە سەرەقەڵەم دەخەینە ڕوو کە دەربڕی ئەو ئاڵۆزیەن:

یەکەم، پارتی وەها چاوەڕوانی دەکرد کە ئەمریکا فشارەکانی نەگەیەنێتە ئەو ئاستە، ئەمە دەرئەنجامی ئەو پیاهەڵدان و دەستخۆشیانە بوو کە لە سەردەمی شەڕی داعشدا هاتە ئاراوە، پارتی وەهای دەزانی ئیتر ئەمانە نەخشی سەر بەردن.

دوو، ئەندامانی پارتی، بە خولقی دونیای میدیای کوردی هەڵچون و نائومێدی و پەشۆکانیان بە زمانی بازاڕی دەردەبڕن، کە دەربڕی دۆخێکی دەرونی شلەژاوە لە گەڵ ئاستی تێگەیشتنی سفر لە مەسەلەکە

سێ، برێت ڕۆژێک پشتیوانی پارتی بوو، بۆ ئەنجامدانی ناشرینترین کاری سیاسی لە مێژووی نوێدا، کە پارتی پەرلەمانی پەکخست، ئەمڕۆ پشتیوانیان نیە، کەواتە ناسەقامگیری و پشێوی سروشتی دونیای نێودەوڵەتیە، نەک دۆستایەتی.

چوار، بەشەخسیکردنی ئەمریکا، دەربڕی ئەو نەخۆشیە سیاسیەیە کە کورد بە دەستیەوە دەناڵێنێت. برێت خاوەن ڕا نیە، ئەوە ئەمریکایە.

پێنج، فێربن ئەمریکا نە باشە نە خراپ، ئەمریکا، ئەمریکایە، وڵاتێکی زلهێز، لە میانەی بەڕێوەچوونی دونیادا وەها دونیا دەبینێ کە جەنگەڵە. بۆیە ئەمریکا باش و خراپیش ئەنجام ئەدات، بۆیە بەباش بینینی ئەمریکا گێلێتیە، بە خراپ بینینی ئەمریکاش گێلێتیە.

شەش، چوونی بەرزانی بۆ سحێلان، کارێکی پێ ئاڕە، نەک پەیوەندی نیودەوڵەتی. پی ئار یان پەیوەندی گشتی که بریتیه لە هەوڵ بۆ نواندن و جوانکردن. بەرزانی بۆیە چوە ئەوێ بۆ ئەوەی وەها دەرخات کە ئەوە هاوپەیمانانن کە ئەویان دەوێت و دەچن بۆ لای. هەروەها بۆ ئەوەی داعش بەبیر هاوپەیمانان بێنێتەوە. ئەم هەوڵانە وەک پی ئار و ناردنی پەیام بە سودن بەڵام کە دێتە سەر دیپلۆماسیەت کاریگەری ئەوتۆی نیە.

حەوت، ئەمریکاییەکان دوو پەیام جەخت لێدەکەنەوە، کات و شەرعیەت، پارتی و هاوپەیمانەکانی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدابوون کە ئەم دووە بە هێند وەرنەگرن. کات و شەرعیەت ڕەهەندیان زۆرە، کە ئیفلاسی دیپلۆماسی و سیستەمی حوکمڕانی هەرێم دەردەخات.

هەشت، هەندێ سەرکێشی هەیە قبوڵ دەکرێت، بەڵام هەندێکیش هەیە باجی هەیە، سیاسی بوون بریتیە لە توانای تێگەیشتن لەوەی کە کام سەرکێشی قبوڵ دەکرێت و کام سەرکێشی باجی هەیە.

نۆیەم، بارزانی ئێستا بەرەوە ئەو کەسایەتیانە دەچێت کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست وێنەیان زۆربوو، سیاسیەک کە گیرۆدەی خەونێک دەبێت و هەموو شتێکی بۆ دەکاتە قوربانی. بەگشتی نەوت بەرهەم هێنێ ئەم وەهمگەراییەیە.

دە، ئەزموونی سەقامگیری درێژخایەن ئەزموونی گەلانی ڕۆژئاوایە، ئەزمونی سەقامگیری کورت، ئەزمونی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. یەکەم، گەشە بەرهەم دەهێنێت دووەم گەڕانەوە بۆ سفر. بۆیە وەها باشە جیاوازی بکەن لە نێوان سیاسەتی ڕەق و سیاسەتی نەرم.


16/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر