بەغدا و هەرێم: چەند سەردێڕێک!

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە ڕاستیدا کێشەی سەرەکی لە نیوان ئێران و کوردستاندایە، نەک بەغدا و هەرێم. عێراق تەنانەت خاوەنی بڕیاریش نیە، دیارە دەتوانرێت دژایەتی کورد لە عەرەبی عێراقیدا بە ئاسانی مۆبەلیزە بکرێت، چونکە عەرەب بەگشتی دژ بە مافی کەمینەیە،[سەحرای غەربی، تەواریق، جەنجەوید، قیبگی، فەلەستینی، بدون، شیعە، کرێکاری بیانی و زۆری تر] هەر لە مەغریبەوە هەتا کوێت. بەڵام ئەمە تەنها دەوروژێنرێت بۆ ئامانجی تر

وەها دیارە وانە لە ئەزموونی یەکێتی ئەوروپا بەرامبەر بەریتانیا وەردەگیرێت: یەکیتی ئەوروپا دەیەوێت بەریتانیا بخاتە دۆخێکەوە، کە هیچ وڵاتێکی تر نەوێرێ لاسایی بکاتەوە، تورکیا و ئێران و عێراق و سوریا لە سەر ئەمە هاوڕان، ڕەنگە زۆر وڵاتی تریش. بەڵام سەرباری ئەم هاوڕاییە، پیادەکردنی ئاسان نیە

وەها دیارە کە تورکیا هەوڵی دەدا کە ئێران بە گژ کوردستاندا بکاتەوە، یان ئێرانیەکان وەها هەست دەکەن، بۆ ئەوەی بە سودی خۆی بشکێتەوە، بەڵام ئێرانیەکان ئەم هەنگاوەیان نەنا، ناڕاستەوخۆ یان نیمچە ڕاستەوخۆ لە رێگای عێراقەوە دەیکەن

ئەمریکا و هەڵوێستی ئەمریکا لە هەردوو هەڵوێستی ئێران و تورکیادا ئامادەیی هەیە. ئێستا ئەمریکا کار بۆ ئەوە ئەکات کە چۆن ڕۆڵی ئێران کەمبکاتەوە. ئەمە بە قازانجی کوردی ڕۆژئاوا دەشکێتەوە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێگەی ئێران لە عێراق و ناوچەکە کاریگەری پێدەبێت، بۆیە تورکەکان دەخوازن خۆیان لە دۆخەکە تا ئاستێک بە دوور بگرن.

وەک تورکیاناسانی واشنتۆن دەڵێن نابێت چیدی ئەمریکا بە عەقڵیەتی شەڕی ساردەوە مامەڵە لە گەڵ تورکیادا بکات.لێرەدا لە بەردەم دوو ئەگەرداین ئایا تورکیا زیاتر دوور دەکەوێتەوە، یان گەشتە خاڵی گەڕانەوە؟ جەماوەری تورکی و دوو هاوپەیمانی ئەردۆگان لە ناوەوە: چەپێک و فاشیستێک پاڵی پێوە دەنێن بۆ دوور کەوتنەوە، بەڵام ئەردۆگان عەمەلیە، نەک ئایدەلۆژی. ئاساییە بەلایەوە بادانەوە و دوورکەوتنەو و نزیک کەوتنەوە. بەمە دەڵێن سەرڤایڤاڵ

کەرکوک پەیوەندی نیە بە ریفراندۆمەوە. ئەمە زۆر پێش ریفراندۆم ئامادەسازی بۆ کراوە، بەڵام ریفراندۆم خێراتری کرد و زەمینەی بۆ سازاند. لە میانەی پرۆسەی هەژەمۆنیەتی ئێران کەرکوک جێگایەکی ستراتیژی هەیە، لە رووی جوگرافی، ئابوری و ناسنامەوە. ئایا ئەم شارە لە کوێی پلانی کرماشان حەلەبدایە؟ ئەمە دیسانەوە پرسیارێکی گەورەترە، ئایا کورد لە کوێی خەونی هەژەمۆنیەتی ئێراندایە لە ناوچەکە؟ پرسێکە سیاسی کورد دەبێت مامەڵەی لە گەڵدا بکات؟

ئەوروپاییەکان وەها بیردەکەنەوە کە ئەگەر باش بیت لە گەڵ ئێراندا ئەوا ئێرانیش باش دەبێت، جۆرێکە لە گێلێتی سیاسی. ئێران پلانی هەیە، پەیوەست نیە بە ڕەفتاری ئەوانی ترەوە.
کورد ناتوانێت ئەم ئاڵۆزیانە بگۆڕیت بۆ پۆلەسی، چونکە کورد لە دۆخێکی خێڵەکی پڕ لە رق و کینە و پەرتبوون بەرامبەر یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن. ئەم جۆرە رەفتارانە جگە لە لاوازی هیچی لێ بەرهەم نایەت. هەرگیز یەکریزی کورد دروست نابێت، چونکە پارتی بروای وەهایە یەکریزی یانی لە یەک ریزدابن لە دوامەوە، بە تایبەت هەرکەی پیویستم پێتان هەبوو. ئەگەر پێویستم پێتان نەبوو ئەوا نرختان بۆ دانانێم.

چەند دێڕێک دەربارەی نامەکەی رێکس. بە پێی قسەی عەلی خەدوری ئەمە یەکەم نامەنیە، پێشتر پێشنیاری هەمان شێوەکراوە. نامەکە بە بەراورد بە دۆخی ئێستا باشترە، بەڵام لە هەمانکاتدا مانای ئەوەنیە هیچ دەرئەنجامێکی دەبوو.

ئەو جۆرە خوێندنەوەیە لە دونیای کوردیدا دۆخێکی دەرونی شپرزی دروستکردوە، کە هەرلایەن نیوەی ڕاستی دەڵێت. دیارە بێگومان دەمێکە لە دونیای کوردیدا پۆست-ڕاستی ئامادەیی هەیە. ئێستا ئینفۆرمەیشن (زانیاری) بوە بە چەکێکی سامناک.

لە هەموو حاڵەتەکاندا کورد پیویستی بە هێزە، هیزیش لە پرۆسەیەکی ئاڵۆزی فرە چەشن و فرە ئاستدا دێتە ئاراوە کە سیاسی کورد، کە تەنها خۆی و باڵەکەیی دەبینێت، توانای بونیادنانی هێزی نیە. بگرە توانای تێگەیشتنیشی نیە.

هەر بۆ پرسیار: ئایا هاوبەشی هەیە لە نێوان نەوتی کەرکوک و نەوت و گازی دێر الزور و هەڵوێستی ئەمریکا؟

15/10/2017



وتارەکانی تری نوسەر