ئەمریکا کوردی بۆچیە لە عێراق؟

د. سه‌ردار عه‌زیز
گەر ئەدەبیاتی پەیوەندی نێوان ئەمریکا و کورد لە عێراق بخوێنینەوە، هێندە دیدی ستراتیژیمان دەست ناکەوێت، ئەوەندەی کە چیرۆکی نزیکبوونەوە و دوورکەوتنەوە و دۆستایەتی و خیانەتمان بۆ دەگێڕنەوە. ئەم گێڕانەوە، رۆستەمی زاڵیە، لای کورد دڵگیرە، بەڵام بە کەمی ئەگینا کار لە سەر ئەوە نەکراوە کە چۆن دیدی ستراتیژی لێوە بە دەست بهێنرێت.
ئێمە بە ڕامان لەم مێژوە هەوڵئەدەین لەوە ڕابمێنین کە ئایا ئەو فۆرمەلە ستراتیژیە چیە کە ئەم دوانە پێکەوە دەبەستێت. دەکرێت ئەم فۆرمەلە بەمجۆرەبێت: عێراق بۆ ئەمریکا و رۆژئاوا وڵاتێکی گرنگە، لە ڕووی جوگرافیا، سامان، و ڕۆڵ. هەروەها بوونی، لای ئەمریکی و ئەوروپیەکان وەها دەبینرێت، کە رێگرە لە تێکچوون و دروستبوونی ململانێی چەند دەیەیی لە ناوچەکە. بەڵام ئەم عێراقە نا سەقامگیرە و مێژووی پڕیەتی لە کودەتا و دیکتاتۆر و شەڕی ناوخۆ و شەڕی ئیقلیمی. بەم پێیە عێراق وڵاتێکە گرنگ بەڵام نا سەقامگیر و هەمیشە لە کەناری وەرچەرخان.
ئەم دوانەی گرنگی و ناسەقامگیری وەهای کردوە کە کورد ڕۆڵێکی بۆ دروستبێت لە لایەن ئەمریکاییەکانەوە لە عێراقدا، ئەویش ڕۆڵی ئامرازی لاوازکەر و فشارکەر لە کاتی تایبەتدا و بەهێزکەر و بونیادنەر لە کاتی تردا ، کاتێک کە عێراق لە دەرەوەی بەرژەوەندەییەکانی ڕۆژئاوادایە. ئەم جۆرە پەیوەندەیە چیمان پێدەڵێت:
یەکەم، دەبێت کوردستان لە ناو عێراقدا بێت، چونکە ڕۆژئاوا پێویستی پێیەتی بۆ ئیدارەدانی عێراق.
دووەم، کوردستان دەبێت پەیوەندی لە گەڵ ناوەندا لە سەر بنەمای جۆری سیستەمی حوکمی ناوەند بێت بە پەیوەست بە دیدی ڕۆژئاواوە. بەو مانایە ئەوە جۆری حکومەتی بەغدا و پەیوەندەیە لە گەڵ ڕۆژئاوادایە کە داڕێژەری جۆری پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدایە.
سێیەم، لەم ڕوانگەیەوە کورد هێز یان ئامرازێکی هاوسەنگکەرە لە ناو عێراقدا، بەبێ گوێدانە سروشتی کێشەکەی خۆی. بەڵام بە بەکارهێنانی کێشەکەی خۆی. بەو مانایە کێشەی کورد بەکاردەهێنرێت بۆ ئامانجی جیاواز لە خواست و سروشتی کێشەکە خۆی.
چوارهەم، ئەم جۆرە پەیوەندیە زۆربەی کات پەیوەندی گرژیە، چونکە کاتێک بەغدا ناتەبایە لە گەڵ ڕۆژئاوادا، ڕۆژئاوا لە گەڵ کورددا تەبایە، کاتێک بەغدا تەبایە لە گەڵ ڕۆژئاوادا کورد دەبێت خواستەکانی خۆی لە بیربکات و ببێتە بەشێک لە پرۆژەی ڕۆژئاوا، بە ئاستێک کوشتنی کورد لە لایەن بەغداوە چاوپۆشی و نکوڵی لێدەکرێت.
ئەگەر ئەمانە هەموو لە دیدێکی ستراتیژیدا دابڕێژین ئەوا دەڵێین: ئەمریکا دەیەوێت کورد لە هەناوی عێراقدا بێت و جۆری پەیوەندیەکەی پەیوەستە بە جۆری رژێمی بەغدا، لە پەیوەست بە ڕۆژئاواوە. ئەمە سنور و جۆری پەیوەندی و ئاستی پەیوەندی دادەڕێژێت. ئەگەر کورد ئەمەی لا ڕوون بێت ئەوا دەزانێت سنوری مانۆڕی کوێیە، هەتا کوێ دەتوانێت مناوەرە بکات و چی پێ ڕەوا دەبینرێت وچی پێ ڕەوا نابینرێت و چۆن کاری بۆ بکات، لە چ کاتێکدا.
چۆن ئەم دیدە لە ڕووداوەکانی ئەم دواییەدا ڕەنگی دایەوە:
وەک بە ڕوونی لە خیتابی ئەمریکیدا بینیمان کە کات و تیرەتۆری عێراق گرنگ بوو. بەم پێیە؛
هەرێمی کوردستان رێگەپێدراوبوو کە بوونی هەبێت، هێزی هەبێت، توانای هەبێت، بەڵام لە هەناوی عێراقدا. کاتێک هەوڵدرا کە کورد بچێتە دەرەوە لە عێراق ئەوا، گۆڕانکاری بە سەر ڕۆڵ و پێگەیدا دەهێنا بۆ ئەمریکا وەک هێزێکی کۆنترۆڵکەری عێراق، بۆیە ئەمریکا ئەمەی وەک مەترسی دەبینی لە گەڵ هۆکاری تردا، کە خۆی لەوەدا دەبینێتەوە، ئەگەر عێراق ئیدارە بدرێت ئەوا ناوچەکە (مەبەستم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی) ئیدارە دەدرێت. چونکە وەک لە هاتنی ئەمریکا بۆ عێراق بۆ دەستپێکردنی پرۆژەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێ دەردەکەوێت کە عێراق پێگەیەکی ستراتیژی هەیە لە ڕووی بوونی سامان و پێگەی جیوپۆلەتیکیەوە، بۆ ئیدارەدانی ناوچەکە.
ئێستا ئەمریکا بانگەشەی هەرێمیکی بەهێز و عێراقێکی بەهێز دەکات. ئەمە لە خەسڵەتی بونیادی عێراقدا مەحاڵە. چونکە جێبونەوەی دوو بەهێز لە هەناو یەک تیرەتۆریدا دژ بە بنەماکانی دەوڵەتی وێستڤیلیاییە. بەڵام لە هەناو ئەو چوارچێوەیەدا بیربکەینەوە کە لە سەرەوە دامان ڕشت ئەوا پێمان دەڵێت، ئەمریکا نایەوێت کورد لاوازبێت، چونکە دڵنیانیە لە چارەنوسی عێراق، نایەوێت کورد هێندە بەهێزبێت کە عێراق کۆتایی پێبهێنێت چونکە پێویستی بە عێراقە.

08/11/2017



وتارەکانی تری نوسەر