خۆپێشاندانەکانی ئێران: چەند سەرنجێک

د. سه‌ردار عه‌زیز

یەکەم چاودێریکردنی ئەوەی لە ناوەوەی ئێران روودەدات، بە گشتی بە سەر دوو قوتابخانەدا بەش دەبن: ئەوانەی بڕوایان وەهایە کە ئەوە رودەدات بەشێکە لە گەشەی کۆماری ئیسلامی و قەیرانەکانی، بە هیچ شێوەیەک نابێتە هۆکاری ڕوخانی رژێم، ئەوانی تر، لە سەنگەری ئەوبەر بڕوایان وەهایە کە ئەمە ساتەوەختی گۆڕانکاریە لە ئێران.
دوەم، خۆپێشاندانەکان ڕەهەندی ئابورییان هەیە نەک سیاسی. هەژاری لە پلەیەکی باڵادایە، بێکاری لە هەڵکشاندایە، هیچ هیوایەک نیە بۆ باشتربونی دۆخەکە. لە ئێران گۆڕانکاری نیولیبرال بوەتە هۆی هەژاربونی پەراوێزکان نو دەوڵەمەندبوونی شارەکان.
سێیەم، ئێرانیەکان دەیانەوێت وڵاتەکەیان داهاتی لە ناوخۆی وڵاتدا سەرف بکات نەک لە جێگاکانی تر. پرسیارەکەی کیسنجەر: ئایا ئێران وڵاتە یان قەزیە. خەڵكی ئێران دەیانەوێت ئێران ببێتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی، نەک هەڵگری قەزییەک.
چوارهەم، ئێرانیەکان دژ بە رژێمن دەیانەوێت ئەم رژێمە بگۆڕیت.
پێنجەم، هەمیشە لە ئێران خۆپێشاندان هەبوە، ئەمە تەنها درێژەی ئەوانەیە

لێکدانەوە
خۆپێشاندان خەسڵەتی تایبەتی خۆی هەیە. یەکێکە لە دیاریدە هەستیارەکان بە تایبەت بۆ ئەو رژێمانەی کە دیموکراسی نین. هەمیشە رژێمی سیاسی نا دیموکراسی لە ڕاڕایی ئەوەدایە ئایا سەرکوتکردن دەبێتە هۆی پەرچەکردار وچڕبونەوەی خۆپێشاندانەکان، یان سەرکوتکردن دەبێتە هۆی کۆتایی پێهێنانی. دەکرێت هەردوو روبدات، هەمو لە سەر کۆمەڵێک ئەگەر و بارودۆخی تایبەت و هەموو هۆکارەکانی تر.
دیارە ئێران پڕە لە نارەزایی، بەڵام وەها هەست دەکرا کە ئێرانیەکان سیاسەتیان وار لێهێناوە، زیاتر کار لە سەر گۆڕانکاری ژیانی شەخسی دەکەن: مەشروب و تلیاک و سێکس. بەڵام ڕەنگە دۆخی ئابوری هێندە سەخت بێت کە ئەم سەرقاڵیانە نەتوانێت چارەسەری دۆخەکە بکات.
ئێرانیەکان دژ بە وڵاتەکەیان نین. لە ڕاستیدا داوی ئەوە دەکەن کە وڵاتەکەیان ببێتە وڵاتێک کە خەمی ئەوان بخوات نەک ئەوانیتر. بەڵام ئەم دیدە قەیرانەکەی لەوەدایە کە ئێران بە دەست کۆمەڵێک قەیرانەوە دەناڵێنێت هەر رژێمێک لە سەر دەسەڵات بێت کۆمەڵێک ڕەفتار دەکات کە هیچ جیاوازنابێت لە رژێمەکانی تر. بۆ نمونە هاوشێوەیی زۆر هەیە لە نێوان کۆماری ئیسلامی کە دێتە سەر سیاسەتی ئیقلیمی ئێران یان سیاسەتی ئەتۆمی لە گەڵ رژێمی شادا.
دەڵێن ئەمریکا مۆدێلی شەڕی سارد دەگرێتە بەرامبەر ئێران، بەمانای ئەوەی دەیەوێت لە ململانێیکەی درێژخایەندا لاوازی بکات و لە ناوەوە توشی داڕوخانی بکات چونکە ناتوانێت هیزی سەربازی بەرامبەری بەکاربهێنێت. ئێرانیش بۆ پەرچدانەوەی ئەمە دەیەوێت دەسەڵاتی فراوانی هەبێت هەتا بتوانێت دانوستانی پێبکات لە گەڵ ئەمریکادا.
[بیرتانە، سەدام، پاش شەڕی ئێران هەستی کرد کە ڕۆژئاوا رێگەنادات کە ئەو سوپا بەهێزەی بمێنێتەوە، ئەویش کوێتی گرت بۆئەوەی دانوستانی پێبکات. جۆرێک لە هەمان مۆدێل لە ئارادایە].
ئایا چی دەبێت:
یەکەم، ئەگەری هەیە وەک جاری پێشوو ٢٠٠٩دەوڵەت بتوانێت نارەزاییەکان دابمرکێنێتەوە. بەڵام مامەڵەی سەربازی و ئاسایشی مانای چارەسەربونی کێشەکان نیە. پرسیارەکە ئەوەیە ئایا ئێران دەتوانێت لە بواری ئابوری و گەندەڵی و قۆرغکردنی ئابوریدا چاکسازی بکات. دیارە نەخێر. لە بەر زاڵبونی نوخبەیەکی تایبەت بە سەر ئابوریدا و گۆڕانی ئابوری بۆ ئامرازێکی هەستیاری سیاسی. لەم دۆخەدا دەسەڵات ڕەنگە بەهێزبێت وەک توانای بەکارهێنانی هیز، بەڵام لاوازبێت لە بوارەکانی تردا. دەبێت ئەو ڕاستیە لەبەرچاو بگرین هیچ دەسەڵاتێک تەنها بە هێز ناتوانێت حکوم بکات بۆ ماوەی درێژ.
دوو، ئەگەری زاڵبونی باڵای بەسیج و لاوازبونی باڵی مەدەنی لە ئێران، بە تایبەت گومانی ئەوە هەیە کە ناڕەزاییەکان لە سەرەتادا دەستکیسەی باڵی توندڕەو خۆیان بن. لە دۆخێکی وەهادا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە تایبەت ئیدارەی ترەمپ کاری ئاسانتر دەبێت لە زیادکردنی ئابلۆقەکان و بەتاڵکردنەوەی رێکەوتنی ئەتۆمی.
سێیەم، ناڕەزاییەکان دەبێت هۆکاری گۆڕینی سیستەم یان گۆڕینی ڕەفتاری سیستەم. لە هەرکام لەم دۆخانەدا نەیارانی ئیقلیمی ئێران و نەیارانی نێودەوڵەتی و ئۆپۆزسیون هەوڵی سودمەندبون دەدەن.

ئایا خەڵكی ئێران سودمەند دەبێت لەم خۆپێشاندانە. ئێرانیەکان داوای دیموکراسی دەکەن: ئەمە خواستێکی بێمانایە. دیموکراسی بریتیە لە دەسەڵاتی خەڵک، بەڵام پیویستی بە دەزگا و یاسا و هاوسەنگی هیز و کەلتور و دابەشبونی دەسەڵاتەکان و بڕوابونی خەڵک بە گفتوگۆ و بونی پشودرێژی و ئابوری باش و لێبوردەیی و زۆری شتی تر هەیە، کە ئێرانیەکان نازانن چۆن فەراهەمی بکەن.
ئێران لە سەرپشکی وڵاتانی مۆدرێنبوە لە ناوچەکەدا، ئێرانیەکان خۆیان بە گەلێکی باڵا دەزانن، بەڵام لە ڕاستیدا ئێرانیەکان هەڵویستێکی زۆر پەرچەکرداری یان ملکەچییانەیان هەیە بەرامبەر رۆژئاوا. بەشێک لە بیرمەندانی ئێران هەوڵی ئەوە ئەدەن کە ئێران وەها وێنابکەن کە گەورەترە لە دەوڵەتێکی نەتەوەیی، بنواڕە حەمید دەباشی، دیارە ئەم دیدە هەتا ئێسقان ئیمپراتۆریانەیە.
ئێرانیەکان لە ١٩٧٩ ڕاپەڕێنران خۆیان و ناوچەکە و جیهانیان توشی کێشەکرد. ئێستا ئەستەمە چاوەڕێی هیچ شتێکی باشیان لێبکرێت.




PM:01:32:02/01/2018