عەفرین و شەڕەکانی سوریا

د. سه‌ردار عه‌زیز
هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین یەکێکە لە شەڕەکانی ناو سوریا. شەڕەکانی سوریا چەند شەڕێکن و لە ڕووی کات و شوێن و ئەکتەر و ئامانجەوە جیاوازن. شەڕی یەکەم شەڕی خەڵكی سوریا (زۆرینە سوننە) لە گەڵ رژێمی ئەسەدی عەلەویدا بوو. پاشان ئەم جەنگە بوو بە جەنگی خوێناوی گروپە توندڕەوەکان، بە هاوکاری تورکیا و وڵاتانی کەنداو، لە گەڵ ئەسەددا، هەتا هاتنی داعش. قۆناغی داعش قۆناغی بە جیهانی بوونی شەڕی سوریا بوو. داعش وەک کردار و وەک ئایدەلۆژیا و وەک مامەڵە کێشەی لە گەڵ سیستەمی لیبرالی (ڕۆژئاواییدا) هەیە و ئامانجی گۆڕینی سیستەمی حوکمداری جیهانیە، لە دەوڵەتەوە بۆ خەلافەت.

داعش کە بە خێرایی گەشەی کرد، کۆمەڵگای نێودەوڵەتی هێنایە ناو سوریا. ئەوەی لای هەموو سکۆلەرێکی پەیوەندی نێودەوڵەتی ئاشکرایە، کە هیچ دەوڵەتێک تەنها لە پێناو خێر یان چاکە کار ناکات بە تایبەت لە دەرەوەی سنوری. هەمیشە دوو ئامانجی سەرەکی هەڵسوکەوتی وڵاتان لە قاڵب ئەدەن: ئاسایش و بەرژەوەندی. 
هاتنی وڵاتان بۆ سوریا تێکەڵەیەک بوو لە ئەم دوانە. هەر وڵاتێک جۆرێک لە مەترسی تایبەتی هەبوو، لە گەڵ بەرژەوەندی تایبەت. بۆیە هەر وڵاتێک بە دوای پارتنەری خۆیدا دەگەڕا لە ناو سوریادا. سەرەتا بە لە زلهێزە ناوچەییەکانەوە دەست پێبکەین، پاشان زلهێزە جیهانیەکان و ئینجا پەیوەندییان و یاریەکانیان.

ئێران کە ئامانجی دروستکردنی رێگایەکی وشکانیە بۆ سەر دەریای ناوەڕاست دەبوو بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە ئەسەد بکات، بۆ ئەوەی ئەم کارەی بۆ فەراهەم بکرێت. لە پێناوەدا پشتیوانی ئەسەد بوو، ئێرانیەکان هەرگیز ئەو ئامانجەیان بە نهێنی نەهێشتبوەوە کە ئاسایشی وڵاتەکەیان پابەستە بە ئاسایشی سوریاوە. ئەم ڕەفتارەی ئێران ڕەگی زۆری ئاڵۆزی هەیە. بە کورتی ئێران لە کۆمەڵگای نیودەوڵەتیدا ئامادەییەکی لاوازی هەیە، بۆ قەرەبوی ئەمە هەوڵ دەدات لە ئاستی ناوچەکە پێگەیەکی بەهێزی هەبێت هەتا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەبێ ئەو هیچ کارێک نەکات لە ناوچەکە. لە هەمانکاتدا ئێران بە ئاسانی ناتوانێت لە رێگای تەقلیدیەوە پەرە بە بەرژەوەندیەکانی بدات بۆیە بە مۆدی ناتەقلیدی کارەکانی دەکات. (ئەو بیرە سەربازییەی کە موستەفا چەمران لە ئەمریکاوە هێناوە بۆ ئێران). ئێران لە رکەبەری ئەمریکا، نزیکایەتی لە گەڵ روسیادا هەیە: لە ئەنجامی ئەمە، هاوکیشەیەکی سەربازی پێکهات کە ئێران و ئەسەد و هاوپەیمانەکانی لە سەر خاک، روسیا لە ئاسمان، هەروەها لە ئاستی دیپلۆماسیدا جۆرێکی تر لە هەماهەنگی، ئەم گروپە هەتا ئاستێک سەرکەوتنی بەرچاویان بە دەستهێنا. بەڵام کەس براوەی تەواونیە لە سوریا هەتا ئێستا.

تورکیا یەکێکی تر لە وڵاتانی زلهێزی ناوچەکە، هەمیشە سوریای وەک ناوچەی نفوزی خۆی زانیوە، لە ڕووی مێژوویی و جوگرافی و مامەڵەی سیاسیەوە. بۆیە تورک هەر لە سەرەتاوە وەهایان بیر دەکردەوە کە ئەسەد وەک سەرکردەکانی تری بەهاری عەرەبی بە ئاسانی دەڕوات و پاشان ئەوان دەتوانن لە رێگای هێزە هاوپەیمانەکانیانەوە حوکمی سوریا بکەن. لە بیرمە ٢٠١٢ لە ئەنقەرە لە گەڵ هاوەڵ و هاوڕێ تورکەکانم دا گفتوگۆی ئەم دۆزەمان دەکرد، ئەوان تا ئاستێکی زۆر دڵنیابوون لە خێرایی کۆتایی ئەسەد و ڕۆڵی بەرچاوی ئەوان لە ناوچەکە. بەڵام دۆخەکە وەها دەرنەچوو. تورکیا لە وڵاتێک کە چاوەڕیی ئەوەبوو کە زۆرترین دەستکەوتی هەبێت لە سوریا ووردە ووردە بەرەو دۆخێک ڕۆشت کە ببێتە لاوازترین وڵات لە هاوکێشەی سوریا سەرباری سنور و سوپا و پەیوەندی. ئەمەش هۆکاری سەرەکی ئەوەبوو کە تورک خۆیان بە تەنها بوێریو توانای ئەوەیان نەبوو کە ببنە لایەنی شەڕکەر لە سوریا، هەروەها بە هۆی ئەندامێتی ناتۆیان، ئەو کارە بۆیان ئاسان نەبوو، بە تایبەت هیچ وڵاتێکی ناتو، حەزئ لەوەنەبوو کە ڕاستەوخۆ بەشداربێت لە شەڕەکەدا. تورکەکان بەردەوام داواکارییەکانیان رەفز دەکرا، بە تایبەت لە لایەن ئەمریکاوە، کە ئیدارەی ئۆباما بە هیچ شێویەک سوریای بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئەمریکی و بەرژەوەندی ئەمریکی نەدەزانی، هەروەها لە ڕووی مێژووییەوە سوریا هەرگیز خاکی تەقلیدی ئەمریکا نەبووە، لەبەر گرنگ نەبوونی و نەبوونی هیچ بڕێکی گرنگ لە ووزە لەو وڵاتەدا. سوریا بە درێژایی جەنگی سارد دۆستێکی هەژاری سۆڤیەت بوو لە ناوچەکە، هەرگیز، سەرباری بونی کێشە و سنور لە گەڵ ئیسرائیلدا ڕاستەوخۆ لە سنوری خۆیەوە ئاسایشی ئیسرائیلی نەخستە ژێر مەترسیەوە. 

کاتێک ئەمریکاییەکان ناچاربوون بە هۆی هاتنی داعشەوە کە دژ بە داعش لە سوریا بجەنگن، ئەو کاتە بە دوای هێزی پیادەدا دەگەڕان، چونکە ئەمریکا دەمێکە بیر لەوەدەکاتەوە چۆن کوشتار و تێچوونی شەڕی کەمبکاتەوە، لە ڕێگای پۆلەسی پێ-نەنانە-سەر-خاک. چونکە ئەزمونی عێراق دەردێکی بە ئەمریکادا لە ڕێگەی کوشتار و تێچونەوە کە ئاسان نەبوو بۆ ئەمریکا بتوانێت درێژە بە سەرکێشی لەوجۆرە بدات. دیارە شەڕ بۆ وڵاتی دیموکراسی ئاسان نیە، کاتێک کە خەڵکی چالاک و پەرلەمان و میدیای هەبێت. ئۆباما خۆی وەک لیبرالێک زۆری دەزانی دەربارەی کێشەکان بۆیە بڕیاری بۆ نەئەدرا، تەنها ئەوانە بە ئاسنی بڕیار دەدەن کە ئاگاییان کەمە.

لە ئەنجامی ئەمەدا ئەمریکاییەکان کوردیان وەک هاوپەیمانی خۆیان هەڵبژارد. ئەم هاوپەیمانیە کارێکی ئاسان نەبوو. سەرەتا ئەمریکا لە گەڵ هێزی تردا هەوڵیدا بەڵام هیچی کاریگەری نەبوو لە سەر ئەرزی واقیع. ئەوەی بە ئەمریکا ئاشنابێت، بەئاگایە کە کاتێک دێتە سەر جەنگ ئەمریکا ئەولەویەتی کاریگەرییە نەک دیموکراسی یان ماف. چۆن هێزێک ببینێتەوە کە کاریگەری هەبێت لە سەر باری جەنگ. کاتێک ئەمە دەستەبەربوو ئەوا ئیتر دەتوانێت چاوپۆشی لە هەموو ڕەهەندەکانی تر بکات.

ئەمریکاییەکان بۆ کارکردن لە گەڵ کورد لە سوریا، کە کاریگەرترین هێزی پەیەدەیە، دەبوو، رێگایەک بدۆزنەوە بۆ مامەڵە لە گەڵ تورکیادا. ئەم مامەڵەیە هەمیشە لە سەر دوو تەوەرە بوو، یەکەم پەیەدە و پەکەکە جیاوازن، دووەم پەیوەندییەکە کاتی و تەکتیکیە بۆ شەڕی داعش. تورکیا هەرگیز باوەڕی بەیەکەمیان نەبوو، بەڵام هیوای لە سەر دووەمیان هەڵچنیبوو. دیارە لە پاشخان ئەمەدا دۆخی پاش جەنگی سارد لە ئارادایە کە دۆخی کۆتایی ئایدەلۆژیایە. بۆ ئەمریکا هەرگیز گرنگ نیە کە پەیەدە خاوەن چ ئایدەلۆژیایەکە، چونکە هیچ کام لە لایەنە سەرەکیەکانی ململانێکە خاوەن ئایدەلۆژیایەکی جیاوازنیە. دەکرێت بوترێت ئێران خاوەن ئایدەلۆژیای جیاوازە بە ڕوکەش بەڵام ئێران هێزێکی تەقلیدی دەوڵەتیە، بە تایبەت دەوڵەتی ئیقلیمی لە مامەڵەیدا. بۆیە ئەمریکاییەکان هەرگیز هێندە بایەخ بە ئایدەلۆژیای پەیەدە نادەن. پەیەدەش لە ئاستی باڵادا بە ئاگایە لە دۆخی جیهان بۆیە زیاتر پراگماتیستە نەک ئایدەلۆجیست. 

هاوپەیمانییەکەی نیوان کورد و ئەمریکا درێژەی کێشا و ئەنجامی هەبوو. ئەمە نزیکبوونەوەی زۆری دروستکرد بەتایبەت لە گەڵ پەنتاگۆندا. لە لایەکی ترەوە ئەوەی وەهایکرد کە هاوپەیمانییەکە پتەوبێت ڕەفتاری تورکیابوو. تورکیا کاتێک بە ئامانجەکانی نەدەگەشت هەوڵی ئەوەی دەدا لە فشار لە سەر ئەمریکا و ئەوروپا دروست بکات. ئەم فشارانە لە ناوخۆی تورکیا و دەرەوە، زیاتر ئەمریکاییەکانی دوور دەخستەوە لە تورکیا لەبڕی نزیکبونەوە. بەڵام سەرباری ئەمە هەمیشە دیدێک هەبوو کە ئەمریکا لە ئەنجامدا دەگەڕێتەوە بۆ پەیوەندی لە گەڵ تورکیا چونکە پەیوەندی دەوڵەت-دەوڵەت هەمیشە بەهێزترە لە پەیوەندی دەوڵەت-نادەوڵەت. 

بەڵام بە لاوازبوون یان تەواوبوونی داعش، دیمەنێکی تر لە ناوچەکەدا سەری هەڵدا. یان توێژێکی نوێ لە شەڕ هاتە ئاراوە. ئەویش شەڕی پاش داعش لە سوریا. ئایا سورای دەبێت چۆن بێت، کێ براوەبوو، سوریا پانتایی کێیە، کێ بە ئامانجەکانی گەشت و کێ بێ دەستکەوت بوو.

هەموو هێزکان لە ناوچەکە لە مامەڵەکردن لە گەڵ وەڵامی ئەم پرسیارانەدا لە هەوڵی ئەوەدان کە چۆن رێگری بکەن لە سەرکەوتنی ئەویتر، لە بەئامانج گەیشتنی ئەویتر، لە رێگریکردن لە فەراهەمبوونی ئامانجەکانی ئەویتر. لێرەوە لە جەنگی دوای داعش سەرزەمینێکی نوێ هاتە ئاراوە کە ئایا کێ بەربومی ئەم جەنگە دەدورێتەوە. ئێران و روسیا، لە گەڵ سوریا لە لایەک دەمێکە چاوەڕێی ئەوەن کە سەرکەوتووبن. 

بە هاتنی ئیدارەی ترەمپ، سیاسەتی ئەمریکا بەرامبەر ئێران گۆڕا بۆ سیاسەتی تەقلیدی ئەویش رێگریکردن لە فراوانخوازی ئێران و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئێران بۆ نیو سنوری خۆی. ئەم سیاسەتە ئەمریاکی ناچارکرد کە پلانی دوای داعشی دیسانەوە پێویستی بە کوردبێت. بۆ ڕاهێنانی بۆ ئەم قۆناغە ئەمریکا دەستیکرد بە ئامادەکردنی هیزی سوپاییی رێکخراوی کوردی.
ڕاگەیاندنی راهێنانی ئەم سوپایە، دەستوبرد لای تورکەکان وەها لێکدرایەوە، یەکەم، ئەمریکا پەیوەندی لە گەڵ کورددا درێژە دەکێشێ بۆ پاش داعش. دووەم، ئەمریکا بە مانەوەی لەوێ سەربەخۆییەک بە کورد دەبەخشێت. بونیادنانی سوپا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی کە کورد حوکمی خۆیان بکەن بە دوور لە دەسەڵاتی ئەوانیتر. ئەمە لای تورک وەک جۆرێک لە بوونی دەوڵەت لێدەدرێتەوە. ئەم نەرەتیڤە لە ناو تورکیا بە ئاسانی بڕوای پێدەکرێت و ڕەواجی هەیە چونکە سایکی کەسی تورک هێشتا نەیتوانیوە کە پەشۆکانی قۆناغی پاش کۆتایی عوسمانی بەجێبهێڵێت کاتێک هیزە جیهانیەکان هەوڵی ئەوەیاندا کە تورکیا لە سەر نەخشە بسڕنەوە. تورک وەها بیردەکەنەوە کە بە جودابونەوەی کورد ئەوان بونیان نامێنێت. دیارە مەبەست لێرەدا بونی سیاسی و جیوپۆلتیکیە نەک بوونی فیزیکی.

بۆیە لای ئەوان دروسبونی هیزو قەوارەیەک لە سوریا بۆ کورد، کە لە کوردی باشور پەیوەندی پتەوترە لە گەڵ کوردانی باکوردا، بۆ تورک مایەی مەترسیەکی ڕاستەقینەیە. ئەردۆگان بە خرۆسانی ئەم مەترسیانە دەیەوێت لە ناوخۆدا سۆزی ناسیونالیستەکان و ئەوانیتر بەلای خۆیدا ڕابکێشت بۆ هەڵبژاردنی ساڵێ داهاتوو، لە بوونی خۆی بە سەرۆکی نوێ بە پێی دەسەڵاتە نوێکانی، گۆڕانکاریە دەستوریەکان.

تورکەکان لەم ڕوانگەیەوە وەهایان دەبینی کە دەبێت هەوڵی ئەوەبدەن پەیوەندی کورد و ئەمریکا بپچڕێنن یان کورد ناچاربکەن بە کۆتایی ئەو پەیوەندیە. بەڵام ئەمریکا سێ ئامانجی تری جیاوازی هەیە: یەکەم، بەرامبەر ئێران، دووەم لە ناوخۆی سوریا، سێیەم لە گەڵ روسیادا. لە هەرکام لەم سێ ئامانجە کورد ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت. بۆیە ئەمریکاییەکان کاتێک کە کەوتنە ژێر فشار لە لایەن تورکیاوە لە بەرامبەر پلانی دروستکردنی هێز، گەڕانەوە بۆ یاریە تەقلیدیەکانی خۆیان، ئەویش لایەک قسەیەک دەکات و لایەکی تر قسەیەکی تر، بەڵام لە سەر ئەرزی واقیع لە کارەکانیان بەردەوام بن. ئیستا ڕوونە پلانی ڕاهێنانی سوپا نەوەستاوە و بەڕێوەیە.

تورکیای خۆ بەلاوازبین توانای ئەوەی نیە هێرش بکات سەر ئەو جێگایانەی کە سوپای ئەمریکی لێیە. بۆەی لە هەوڵی عەفریندا بوو لە ماوەی زیاتر لە ساڵێ ڕابوردودا. دیارە ئەگەر لە ڕووی ستراتیژی سەربازیەوە لێی بنواڕین نەدەبوو تورکەکان پلانی هێرشیان بۆ سەر عەفرین ئاشکرابکەن، چونکە توخمی پەشۆکان و سوپرایز بەشێکی سەرەکیە لەهێرشی سەربازی. بەڵام تورکەکان، یەکەم نەیاندەویست هێرشەکە ئەنجام بدەن، دووەم وەهایان دەبینی کە بە ئاسانی ئەنجامی دەدەن، بەهۆی ناهاوتایی تەکنەلۆجی نێوان هەردولا. تورکەکان لەوە بە ئاگان کە هیچ لایەک حەز بە هێرشی ئەوان و سەرکەوتنیان ناکات. بەڵام ناچاربوون کە داوا لە روسەکان بکەن. بۆ ئەم مەبەستە حەقان فیدان و ئاکار پێش ئەنجامدانی هێرشی سەر عەفرین سەردانی روسیایان کرد و ووردەکاری پلان و ئامانجەکانیان بە تورکەکان ووت. خێرا پاش سەردانەکە روسەکان قسەیان گۆڕی، بەوەی ئەمریکایان تاوانبارکرد بە هەوڵی تاک لایەنەی لە سوریا دژ بە ئەوانیتر.

روسەکان نایەنەوێت تورکەکان لە حەلەب نزیک ببنەوە، سەرکەوتنە چاوەڕوانکراوەکەیان لێ تێک بدەن. نایانەوێت جارێکی هێزە دژە ئەسەدەکان بەهێزبکەنەوە ناچاربن لە سوریا زیاتر بمێننەوە و بگەڕێنەوە بۆ دۆخی شەڕ جارێکی تر. هەروەها نایانەوێت هێزێکی تر ئامادە لە سەر ئەرز لە سەر میزی گفتوگۆ دابنیشێت کە لە ژێر کاریگەی ئەواندا نەبێت. بەڵام دیارە روس و تورک لە سەر ئەم ووردکارییانە رێک کەوتوون. بەم پێیە وەها دەدەکەوێت تورک تەنها دژ بە کورد کاردەکەن و خاکی کوردستان بە ئامانج دەگرن. روسیا ویستی ئەم هەوڵە بۆ بەهێزکردنەوەی سوریا و زاڵبونی سوریا بەکاربهێنێت. بەڵام تورکیا ئەوەی پێخۆش نیە. هەروەها ئێرانیش هاتنی تورکیا و هاوپەیمانە سوننەکانی پێباش نیە کە هاوکاری وڵاتانی کەنداون. 

دەرئەنجامەکان
یەکەم، هەتا ئیستا وەها دەدەکەوێت کە هێرشی سەر عەفرین نە لە رووی سەربازی و نە لە رووی سیاسیەوە بۆ تورکیا و خێرا و ئاسانە. بە جۆرێک چەندین کۆمێنتاری سەربازی باس لە ئەگەری شکستی سەربازی تورک دەکەن بە هۆی سروشتی ناوچەک و رێکخراویی پەیەدە و مامەڵەی سوریا بە رێگەپێدان بە پەیەدە بۆئەوەی بە خاکی ژێردەسەڵاتی سوپای سوریادا بتوانێت چەکدار و تەقەمەنی بگوێزێتەوە. 
دووەم، تورکیا لە ئاستی نیودەوڵەتیدا دۆستی نیە بۆ ئەم پلانە. تەنانەت ئەوانەش کە گڵۆپی سەوزیان بۆ هەڵکردوە، بە هیوانین کە سەربکەوێت.
سێ، ئەمریکا بژاردەی تری نیە جگە لە کورد. بۆیە ئەمریکا جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە شەڕی داعش کۆتایی نەهاتوە. ئەمەش بەمانای ئەوە کە پەیوەندی ئەو لە گەڵ کورددا دەبێت بەردەوام بێت، چونکە شەڕەکە کۆتایی نەهاتوە.
چوار، کاتێک هیچ کام لە هێزەکان نایانەوێت ئەویتر سەربکەوێت ئەوا ئەگەری زۆرە سوریا بە ناوچەی نفوز و ململانێ دەمێنێتەوە، چونکە کێشەکەی تەنها پەیوەست نیە بە سوریا خۆیەوە بەڵکو بە دۆخی پەیوەندی نیوان هیزەکان. بەم پێیە ئێەم ناتوانین باس لە کۆتایی شەڕ بکەین لە سوریا، بەڵکو تەنها ڕەنگە جۆر و ئەکتەرەکان دەگۆڕین.

30/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر