فەرەنسا و کوردستان

د. سه‌ردار عه‌زیز
لە ماوەی پێشوودا چەند هەنگاو و هەوڵی جێگەی سەرنجمان لە پاریسەوە دی بەرامبەر بە کورد، لە باشور و هەتا ئاستێکیش لە ڕۆژئاڤا. ئایا ئەم هەوڵانە لە چ چوارچێوەیەکدان، بە چ ئامانجێکن، ئامراز و میکانیزمەکانی چین؟
فەرەنسا لە گەڵ هەردوو دەوڵەتی عێراق و سوریادا دوو مێژووی جیاواز و تایبەتی هەیە. بەڵام ناکرێت ئەم هەنگاوانەی فەرەنسا تەنها لە پەیوەندی نیوان فەرەنسا و عێراق، فەرەنسا و سوریا، یان فەرەنسا و کورددا قەتیس بکرێن، بەڵکو پەیوەندی بە کۆمەڵێک ڕەهەندی ترەوە هەیە کە خۆی لە پێگەی فەرەنسا لە دونیادا دەبینێتەوە، لە گەڵ سودبینین و بەکارهێنانی قەیرانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئەم مەبەستە. فەرەنسا، وەک زۆر وڵاتی تری دونیا، لە دۆخی باڵایی ئەمریکا بە سەر دونیادا، لە بارێکی دەرونی وەهادا دەژی، کە ئەستەمە بۆی بە تایبەت و جیاواز دەربکەوێت لە دونیادا، بە تایبەت بە بەراورد بە ئەمریکا لە زۆر ئاستدا لاوازترە، ئیگۆ نەبێت. وەک لە سەردەمی شەڕی عێراقدا بینیمان، هەموو هەوڵێکی فەرەنسیەکان بۆ ئەوەبوو کە چۆن جیاواز دەربکەون، بۆ ئەوەی لە ڕووی دیپلۆماسی و سیاسی و ئابوریەوە سودی لێببینن.
بۆیە دەکرێت ڕۆڵی فەرەنسا لە عێراق و سوریا لە دیدی کێبڕکێ لە گەڵ ئەمریکاشدا بخوێنرێتەوە. مێژوونوسی فەرەنسی هێنری لۆرانس دەڵێت: پەیوەندی نێوان سوریا و فەرەنسا هەمیشە پەیوەندی چۆنێتی بەکارهێنانی یەکتربوە لە بەرامبەر ئەمریکادا. بۆ فەرەنسیەکان سوریا پانتاییەک بوە کە فەرەنسیەکان ویستویانە لە رێگایەوە ئامادەبونی خۆیان دەربخەن لە بەرامبەر هێزەکانی تردا بە تایبەت ئەمریکا. بە هەمانشێوە بۆ سورییەکان پەیوەندی لە گەڵ فەرەنسادا هەمیشە هەوڵدان بوە بۆ بەکارهێنانی فەرەنسا بۆ پەیوەندیکردن یان کاریگەری دانان لە سەر ئەمریکا. ئەم جۆرە دیپلۆماسیەتە تەنها تایبەت نیە بە ئەم دوو وڵاتەوە، بەڵکو ڕەنگە بەربڵاوترین جۆری شێوازی دیپلۆماسی بێت لە ناوچەکەدا، کە پێی دەڵێن دیپلۆماسی قورسایی دروستکردن (نفوژ) (لیڤریج). ئەمە تورکەکان لە پەیوەندیان لە گەڵ ئیسرائیلدا بەکاریان دەهێنا.
پەیوەندی فەرەنسا لە گەڵ عێراقدا هەتا ئاستێک جیاوازە، بەوەی کە لە ڕوانگەی کۆڵۆنیالیزمەوە لێی بنواڕین عێراق پانتاییەکی ئینگلیزیە، نەک فەرەنسی. فەرەنسییەکان پەیوەندی کۆلۆنیالی هاوشێوەی بەریتانیا و عێراق لە گەڵ سوریادا هەیەو داڕێژەریین.

ئەمرۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دۆخێکی تایبەتدا دەژی. ئەم دۆخە تایبەتە بریتیە لە داڕمانی ئۆردەری یان نیزامی ئەم ناوچەیە، لە دۆخێکی وەهادا، وڵاتێکی وەک فەرەنسا رووبەرووی کۆمەڵێک هەڵویست دەبێتەوە: یەکەم، پانتاییە کۆلۆنیالیە مێژووییەکەی هێزی تر تیایدا تەڕاتێن دەکەن و ئەم کاریگەری نیە لە سەری. فەرەنسییەکان چەند جارێک ئاماژەیان بەوەدا کە ئەسەدییان پێ قبوڵە، بەڵام ئەسەد، بە هۆی بوونی روسیا هێندە بایەخ بە فەرەنسا نادات. لە هەمانکاتدا فەرەنسییەکان هەست دەکەن کە ڕۆڵیان لە دونیادا لاوازدەبێت بۆیە نابێت ئەم قەیرانە لە دەست بدەن بۆ ئەوەی ڕۆڵی خۆیانی تیادا دەرخەن. لە هەمانکاتدا شەڕی تیرۆر کە پەیوەندییەکی زۆر ڕاستەوخۆتری هەیە بە فەرەنساوە بە هۆی جیوپۆلەتیکی فەرەنسی کە نزیکە لە رووی جوگرافی و کەلتوری لە وڵاتانی بەرهەمهێنی تیرۆرەوە: باکوری ئەفریقا و بەشێک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. ئەم دۆخە تایبەتانە فەرەنسا لە ئەمریکا جودا دەکاتەوە. بەڵام لە سەروی ئەمانەوە ئابوری و وزە هەمیشە ڕۆڵێکی کاریگەری بینیوە. فەرەنسییەکان وڵاتێکی دروست کەری چەکن و پێویستیان بە وزەیە. دوانی نەوت و چەک، هەمیشە دوانەیەکی لەیەک دانەبڕاون. تەنها تەماشای پەیوەندی نیوان عێراق و فەرەنسا بکە لە سەردەمی شیراکدا چۆن چەکی ئەتۆمی و نەوت پێگە سەرەکیەکانینی.
دیارە دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی فەرەنسا بە گشتی لە هەناو چوارچێوەیەکدا بەڕێوەدەچێت کە دیگۆل دایڕشتوە و پێی دەڵێن، سیاسەتی عەرەب، کە بە چەند هەڵبەز و دابەز و گۆرانکارییدا ڕۆشتوە، بەڵام گۆڕانکارییەکان هەمیشە لە پێناو پتەوەکردنی پێگە، ئابوری، کاریگەری بوە.
دەتوانین لەو پێشەکیە خێرای سەرەوە چەند بنەمایەک لەبەرچاو بگرین: یەکەم، فەرەنسا پەیوەندییەکی مێژوویی بە ناوچەکەوە هەیە، ئێستا هەست دەکات ئەو پەیوەندیە بەرەو کۆتایی دەچێت. دوو، فەرەنسا لە ڕابوردودا هەوڵیداوە کە سود لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببینێت بۆ دروستکردنی نفوژ لە ئاستی باڵاتردا، ئێستا ئەو دۆخە بەرەو لاوازی دەچێت. سێیەم، فەرەنسییەکان هەست دەکەن پێگەی جوگرافی و ئابورییان ئەوەیان لە سەر دەسەپێنێت کە ناتوانن لەم ناوچەیە داببڕێن، بەڵام ڕۆڵیان لاوازە.
بەم پێیە ئایا فەرەنسییەکان بۆچی بەرە کورد هاتوون، یان جۆرێک لە سەرەتاتکێ دەکەن لە گەڵ کورددا. بە لە بەرچاوگرتنی ئەو بنەمایانەی سەرەوە، فەرەنسییەکان دەیانەوێت کورد وەک دەروازەیەک بەکار بهێنن بۆ هاتنەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بۆ دەرکەوتن وەک ئەکتەرێک و هەروەها بونی پەیوەندی لە گەڵ یەکێک لە پێکهاتە و قەیرانەکانی ناوچەکە. نوخبەی فەرەنسی هەمیشە جۆرە ڕایەڵەیەکی هەبوە لە گەڵ سیاسیە کوردەکاندا، بەڵام هەرگیز نەگەشتوەتە ئاستی پەیوەندی، هەموو لە باشور ئاگایان لە کۆنگرەی پاریس و مەدام میتەران و ئەمانەیە، بەڵام کیشەی کورد ڕەنگە لە بەر ئاڵۆزی هێندە قورسایی نەبەخشێت، لە بەرامبەردا کە چەندێک ئاڵۆزی و کێشە دروست دەکات.
بۆ کورد گرنگە کە لە چەند خاڵێک بە ئاگابێت:
یەکەم، فەرەنسیەکان ڕەنگە بە زمانی کەلتور و بەها قسە بکەن، وەک ئازادی و یەکسانی و برایەتی، بەڵام ئامانج قورسایی و پێگە و ئابوریە. بۆیە ریال پۆلەتیکی سارکۆزی، مۆرال پۆلەتیکی هۆلاند، ڤالیو پۆلەتیکی ماکرۆن هەموو هەر هەمانشتن بە میکیاجێکی جوداوە.
دووەم، بەکارهێنان یان پەیوەندی لە گەڵ کورددا لەم ڕوەوە بە سروشتی ئاڵۆزی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندیەکی سنوردارە. بۆ نمونە فەرەنسا پشتیوانی کوردبوو لە شەڕی داعشدا، بەڵام پشتیوانی ریفراندۆم نەبوو. یەکەمیان سودی بۆ فەرەنسییەکان هەبوو، دوهەمیان زیان. بۆی پەیوەندییەکە لە سەر سروشتی کێشەکان نیە لە سەر ڕۆڵ و کاریگەری کێشەکانە. سێیەم، فەرەنسا کورد بەکاردەهێنێت چونکە ڕۆڵی لاوازبوە یان هەست دەکات کراوەتە دەرەوە، دیسانەوە لە ڕوانگەی سیاسەتی نفوزەوە بیخوێنینەوە، ئامانجی فەرەنسا لە کورد گەیشتنە بە تورکیا، بە سوریا، بە عێراق، نەک بە کورد خۆی.

22/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر