شیوەن یان شایی؟ بابەتێک بۆ تێرامان

د. سه‌ردار عه‌زیز
کاتی ئەوەیە ئێمە بیر لەم دوو جۆرە هەڵسوکەوتە بکەینەوە. بەڵام بیرکردنەوەی بەرپرسانە، نەک حیزبی و خێڵەکی و کوردی.
ئایا لە نەورۆزدا شایی بکەین یان شیوەن بگێڕین؟ شایی وەها دادەنرێت کە جۆرێکە لە بەرگریکردن، رەتکردنەوەی واقیع و هەبوونی هیوا. ئەوانەی سەر بەم قوتابخانەیەن هەروەها بڕوایان وەهایە کە شیون یانی نسکۆ یان شکست، هەروەها دانپیانانی واقیع.
بەڵام وابزانم دۆخەکە و مێژوو و کەلتور و مامەڵەی ئێمە زۆر لەوە ئاڵۆزترە. دەکرێت شیوەن وەک جۆرێک لە ئەدەبیاتی چەپ سەیر بکرێت کە هاواری ئەوە دەکات کە من نابەزم، من دان بەو واقیعەدا نانێم، من هێشتا پڕم لە شادی و ژیان. بەڵام لە دونیای کوردیدا بەوجۆرە ناشکێتەوە. یەکێک لەو گلەییانەی هەمیشە هەبووە ئەوەبوە کە کورد هەرچیەک بێت هەڵئەپەڕێت. لە ئەنجامدا هەڵپەرین وەک جۆرێک لە ئەفیونی لێهاتوە بۆ خۆ رزگارکردن لە دۆخێک کە ناچاری ئازارت دەکات. هەڵپەڕین وەک هەڵاتنە لە ئازار.
بەڵام لە دونیای چەپیشدا ئەمە وەرچەرخانی بە سەردا هاتوە، ئەگەر سەیری درێدا و باتلەر بکەیت شیوەگێڕان، ماتەمینی جۆرێکن لە پەیوەست بوون، هاوڕێتی هەروەها بەرگری. بەڵام ماتەمینی دانپیانانە، بەوەی ئێمە کە ئازار دەچێژین، ئێمە مردوەکانمان دەنێژین، ئێمە دڵخۆش نین بەوەی بە سەرماندا دێت. بەڵام لە سەری هەمویەوە ماتەمینی زیاتر لە شادی هاوڕێیەتی و پەیوەست بوون و ئازادچەشتنی پێکەوەیی بەرهەم دەهێنێت.
دەزانن کە یادەوەری هاوبەش، ئازاری هاوبەش، خەمی هاوبەش، بنەماکانی پێکەوەبونە. بنەماکانی وێناکردنی ئەویتری دوورە وەک بەشێکی نزیک لە خۆت. بنەماکانی جڤاتی وێناکراوی ئەندەرسنە.
نەورۆزی ڕابوردوو وەهام پێباش بوو کە بیکەینە کەرنەڤال بە شێوازی کەرنەڤالەکانی سەدە ناوەندەکانی ئەوروپا، ئەوە باختین باسی دەکات، هەتا لە رێگایەوە ئەوەی رێگەپێنەدراوە بیهێنینە ناو کۆمەڵگاوە و بیکەینە نۆرم. بەڵام ئەم نەورۆزە بە مردوەکانمان پێکەوە بنێژین و بنەمای پێکەوەبونیمان تۆکمە بکەین.

دەبینیت ماتەمینیەکەیە کە جێگای نارەزاییە نەک شاییەکە.

19/03/2018



وتارەکانی تری نوسەر