ئێمە و داهاتوو!

د. سه‌ردار عه‌زیز
داهاتووناسی لە قەیراندایە لە سەرانسەری دونیادا، ڕەنگە لە هەموو ساتێک زیاتر لە مێژووی مرۆڤایەتیدا. هەمیشە مرۆڤ دوو چەکی هەبووە بۆ وێناکردنی داهاتوو: ئێستا و ڕابوردوو. بەڵام ئەوەی کە دەبێت وەک سەرەتایەک وەربگیرێت کە داهاتوو نە لە ڕابوردوو دەچێت و نە بە هیچ شێوەیەک درێژەپێدەری ئێستا دەبێت.
هۆکارەکانی ئەم وەرچەرخانە زۆرن وەک زانست، تەکنەلۆجیا، دیموگرافی، ژینگە، توانا و زۆر شتی تر.
بەڵام گەر ئاوڕێک لە داهاتوو بدەینەوە بۆ ئێمە وەک کورد دۆخەکە چەند قات ئاڵۆزترە. یەکەم، هیچ کام لە ئامرازە زاڵەکانی داهاتوو لە دەستی ئێمەدا نیە، یان ئێمە توانای تێگەیشتنیشمان نیە.
دووەم، زۆر گۆڕانکاری روودەدات کە ئێمە ناتوانین هیچ کاریگەرییەکی نە باش نە خراپمان هەبێت لە سەری.
سێ، دونیا بەرەو ئەوە دەڕوات کە ببێتە کۆمەڵگایەکی شاری، ئەگەر ئێمە هەموومان لە باشور لە یەک شاردا کۆبینەوە هێشتا ناتوانین ببینە شارێکی وەها کە لە تۆڕی ئابوری و سیاسی و زانستی دونیادا کاریگەرییمان هەبێت.
چوار، بەڵام قەیرانی سەرەکی لە ئاگایی ئێمەدایە. هێشتا ئامرازی زاڵی ئێمە بۆ خوێندنەوەی دونیا پیلانگێڕی و ئاینە، هەردوو ناتوانن پەی بە هیچ نوێیەک ببەن.
پێنج، ئێمە لە ڕابوردوودا، بگرە لە ئێستاشدا، تەنها کاتێک تێدەگەین کە لێدانێک، ئازارێک، یان ڕاچەنینێکمان بەر بکەوێت، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە ئێمە تەنها لە کاتی روودانی رووداوەکاندا بە ئاگادەبینەوە، بە تایبەت کاتێک کە لێدانێک دەخۆین.

ئایا زیانی تێنەگەیشتن لە داهاتوو چیە؟
دیارە لە دونیای کوردیدا یوتوپیاناسی بوونی نیە. بەو مانایە ئێمە بیرمان نەکردوەتەوە کە لە داهاتوودا دەخوازین چۆن بین، هەندێک شیعری کوردی هەیە، بەڵام پەرچەکرداری سادەن، کە سەرچاوەکەی لەوێوەدێت کە کوردیش دەتوانێت وەک ئەوانی تربێت.
بەڵام فەرامۆشکردنی داهاتوو لە ئاگایی ئێمەدا، کۆمەڵێک پێودانگی ترسناکی هەیە:
یەکەم، ئێمە وەها دەزانین کە دونیا بە هەمانشێوە بەردەوام دەبێت، ئەمەش تێگەیشتنێکە هێندە هەڵەیە کە گەرەنتی دۆڕانی ئێمەدا ئەکات لە داهاتوودا.
دووەم، ئامادەنەبوونی داهاتوو، بنەمای نەگۆڕانە، ئەگەر بتوانین وێنای داهاتوو بکەین ئەو کاتە دەتوانین یان ئامادەیی زیاترمان دەبێت بۆ ئەوەی بگۆڕێین، بەڵام کاتێک داهاتوو بوونی نیە، ئەوا پرسی گۆرانیش گرنگی ئەوتۆی نیە.
سێیەم، لە هەمانکاتدا کاتێک ئێمە بیرلە داهاتوو ناکەینەوە، ئەوا پرسی گۆرانکاری لە دونیای ئێمەدا دەدەینە دەست ئەوانی تر، هەمیشە دەبێت دەرەوەبێت بمانگۆڕێت. ئەم پەسیڤبوونە مانای ئەوەیە ئێمە لە مێژوودا ئامادەنین.
چوارهەم، داهاتوو دوور نیە، بەڵکو زۆر خێرادێت، هێندە خێرادێت کە توانای تێڕامانمان نیە بۆی. ئێمە بەکاربەری زۆربەی ئامرازە تەکنەلۆجیەکانین بەبێ ئەوەی دێڕیک لە ئەدەبیاتی ئێمەدا هەبێت لە سەر تەکنەلۆجیا.
پێنج، زۆرشت کە ئێمە ئێستا خەونی پێوەدەبینین ڕەنگە لە داهاتوویەکی نزیکدا بونی نەمێنێت یان بەو شێوەیە نەبێت کە ئێستا هەیە.
شەش، ئەگەر شۆرشی پیشەسازی خەڵکیکی زۆری هێنایە ناو خانەی گرنگبوونەوە، پرسێک کە هەتا ئەمڕۆ بیری مرۆڤایەتی سەرقاڵی ئەوەیە کە چۆن مامەڵەی لە گەڵدا بکات ئەوا رەنگە تەکنەلۆجیا، پێش ئەوەی مرۆڤ ئەم پرسە چارەسەر بکات، بڕێکی زۆر لە مرۆڤی دونیا بکاتە مرۆڤی ناپێویست. چۆن دەتوانیت لە دونیایەکدا بژیت کە تۆ وەک کەسێکی پێویست مامەڵەت لە گەڵدا ناکرێت؟
حەوتەم، بیرکردنەوە لە داهاتوو میتۆدی تایبەتی خۆی هەیە. کاتێک بیر لە داهاتوو دەکەیتەوە ئەوا دەبێت بیر لە مرۆڤ یان ژیانی تاکە کەسێک نەکەیتەوە، بەڵکو دەبێت بیر لە تەمەنی خەڵک، نەتەوە، نیشتمان، سروشت، ئامراز، و زۆر شتی تر بکەیتەوە. ئەم وەرچەرخانە بۆ مرۆڤی کورد لە رووی میتۆدۆلۆژیەوە سەختە، چونکە مرۆڤی کورد ناتوانێت بیر بکاتەوە لەودیوە ژیانی خۆیەوە.

14/08/2018



وتارەکانی تری نوسەر